وەبەرهێنەران لە عێراق رادەكەن

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، زۆربەی وەبەرهێنە ناوخۆیی و بیانییەكان لەترسی تۆڵەی ئەو میلیشیا و خێڵانەی هەمیشە داوای پارە دەكەن، ناچارن لەپڕۆژەكانی عێراق پاشەكشە بكەن، ئەوەش بووەتە هۆی وەستانی نزیكەی شەش هەزار پڕۆژە لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٨ هەتا ٢٠١٩.

ماڵپەڕەكە لەراپۆرتێك باسی لەوە كردووە، لە نوێترین حاڵەتەكانی تایبەت بەم بابەتە، رۆژی ١٨ی ئەم مانگە كۆمپانیای پترۆناسی مالیزی هەڕەشەی جێهێشتنی كێڵگەی نەوتی زیقاری كرد لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانەی لەگەڵ بەشێك لە خێڵەكانی نیشتەجێ لەنزیك كێڵگە نەوتییەكە بۆیان دروست بوو.

كۆمپانیای پترۆناس تاكە كۆمپانیا نییە، كە رووبەڕووی داواكاری حیزب و میلیشیا و خێڵەكانی عێراق دەبێتەوە

كۆمپانیای پترۆناس تاكە كۆمپانیا نییە، كە رووبەڕووی داواكاری حیزب و میلیشیا و خێڵەكانی عێراق دەبێتەوە، بەنموونە هەر لە ١٥ی ئەم مانگە، هێزێكی نەناسراو هەڵیكوتایە سەر كۆمەڵگایەكی وەبەرهێنانی یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای سەڵاحەدین و بۆماوەی زیاتر لە سێ سەعات دەستیان بەسەر كارمەندانی كۆمەڵگاكەدا گرت و هەڕەشەیان لێكردن ئەگەر دەست بەكاربكەنەوە ئەوا دەیانكوژن.

لەو بارەیەوە، محەمەد رەحیم رەبیعی ئەندامی ئەنجوومەنی ئیدارەی دەستپێشخەری شەفافیەتی پیشەسازی دەرەكی لە عێراق رایگەیاند، وەبەرهێنەران و كۆمپانیا بیانییەكان لە عێراقدا رووبەڕووی زۆر هەوڵی زۆردارانە دەبنەوە.

وەبەرهێنەران و كۆمپانیا بیانییەكان لە عێراقدا رووبەڕووی زۆر هەوڵی زۆردارانە دەبنەوە

رەبیعی ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لەو خێڵ و كەسانە بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە خۆیان خاوەنی ئەو زەوییانەن، وەبەرهێنەران كاریان تێدا دەكەن، بەو بیانووەی گوایە باو و باپیرانیان خاوەنی زەوییەكانن داوا لەكۆمپانیاكانی نەوت و وەبەرهێنەران دەكەن قەرەبووی ماددییان بكەنەوە.

باسی لەوەش كرد، حكومەتی عێراق قەرەبوویەكی زۆری ئەو خێڵانەی كردووە لەگەڵ ئەوەی ئەو زەوییانەی بانگەشەی موڵكدارییان دەكەن، موڵكی دەوڵەتە، دەشڵێت: لە قۆناغی دواتری ئەم دیاردەیە، خێڵەكان هەڵدەستن بە ناچاركردنی كۆمپانیاكان تا منداڵەكانیان لەسەر كار دابمەزرێنن سەرباری ئەوەی، كە هیچ شارەزاییەكیشیان نییە.

خێڵەكان هەڵدەستن بە ناچاركردنی كۆمپانیاكان تا منداڵەكانیان لەسەر كار دابمەزرێنن

بەپێی قسەی رەبیعی، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زۆرداری خێڵەكی شێوەیەكی ئایینی وەرگرتووە بەجۆرێك هەندێك كۆمپانیا ناچاركراون پارەیەكی زۆر بدەن بۆ دروستكردنی مەزاری ئایینی.

لەلایەكی دیكەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیران باس لەوە دەكات، بەپێی زانیارییەكانی بانكی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠١٩، عێراق لە كۆی ١٩٠ دەوڵەت لەپلەی ١٧١ دایە لەڕووی ئاسانی كاركردن تێیدا.

بەپێی راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتەر، سەرباری بوونی سەدان هەلی وەبەرهێنان لە عێراق، بەڵام زۆرێك لە وەبەرهێنەكانی ئەو وڵاتە پێیان باشترە بچنە وڵاتانی دراوسێ لەوانەش توركیا، ئەردەن، ئێران، میسڕ و ئیمارات بەهۆی ئەو گەندەڵی و بیرۆكراتی و زۆرداری و لاوازی یاسایەی لە عێراق بوونی هەیە.

عەلا موسەوی سەرۆكی كۆمەڵەی وەبەرهێنەرانی عێراق دەڵێت: ئابوری عێراق دەناڵێنێت بەدەست ناشارەزایی ئەو كارمەندانەی میلیشیا و خێڵەكان بەزۆر بە كۆمپانیاكانی دادەمەزرێنن.

جەختی لەوەش كردەوە، هەوڵی زۆرداری و دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری كۆمپانیاكان بووەتەهۆی دوورخستنەوەی وەبەرهێنەران و بێبەشكردنی ئابوری وڵات لە هەلی دروست كردنی كاری نوێ.

لە بەرانبەردا كەریم عەقراوی شارەزای ئابوری ئاماژە بەوە دەكات، زۆرێك لە كۆمپانیا بیانییەكان دەیانەوێت لە عێراق بكشێنەوە بەهۆی دەستوەردانی هۆز و كۆمەڵە چەكدارەكان لە كارەكانیان و نەبوونی پاراستن لەلایەن دەوڵەتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەم دەستوەردانە لە كاروباری كۆمپانیاكان كاریگەری لەسەر چۆنیەتی كاركردن و زیادبوونی خەرجی هەیە بەنمونە ئەگەر پڕۆژەیەك پێویستی بە تێچووی ١٠ ملیۆن دۆلار بێت ئەو رێژەیە بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار زیاد دەكات بەهۆی پارەكێشانەوەی میلیشیا و خێڵەكان لە عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا