پۆڵەتیك پرێس:
پێشبینی ئەوە دەكرێت خەڵكی عێراق بەگشتی 28 ملیار دۆلاریان لەماڵەكانیان هەڵگرتبێت، كە ئەو بڕە پارەیە زیاتر لە 30 ترلیۆن دیناری عێراقی.
ئەو پێشبینییە دوای ئەوە هات، حكومەتی عێراق لەبەیاننامەیەك رایگەیاند، كە نابێت خەڵكی پارەكانیان لەماڵەكانیان هەڵبگرنو روو بكەنە بانكەكانو ئەژماری بانكی بكەنەوە.
هاوكات بانكی ڕافیدەین، كە دیارترین دامەزراوەی بانكی حكومەتی عێراقە، رۆژی یەك شەممە لەدەستپێشخەرییەك داوای لەهاووڵاتیان كرد، كە ئەژماری بانكی بكەنەوەو لەو رێگەیەشەوە دەتوانن سودمەندبن لەسودی بانكی.
لەبارەی ئەوەی بۆچی خەڵكی پارەكانیان لەبانكەكان دانانێن، ڕیاز مەسعودی ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەگەر سیستەمی بانكی و متمانەی هاوبەشو سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لە عێراقدا هەبووایە، ئێستا نزیكەی 90 % ی ئەو پارەیە لەماڵەكاندا بوون، دەخرانە بانكەكانەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، حكومەتی عێراق ئێستا بەدۆخێكی سەختی قەیرانی دارایی تێدەپەڕێتو دەیەوێت بەم هەنگاوە، پارەی نەختینە بۆ بانكەكان زیاد بكات، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو چارەسەری قەیرانی دارایی بنێت.