پۆڵتیك پرێس
فارس نەورۆڵی وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی-هەڵەبجە دەڵێت: خەباتی پەكەكە لەشوێنێكی ترە، بەڵام ئەوان هاتوونەتە هەرێم و كێشە دروست دەكەنو “دەبێت پەكەكە خەباتی خۆیی بەرێتەوە باكووری كوردستان”.
فارس نەورۆڵی دەشڵێت: پێمان وایە لەدوای دابەشكردنی كوردستان هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، هۆكاری كێشەی پارتی و پەكەكە ئەوەیە، كە پەكەكە دەستێوەردان دەكات لە هەرێمی كوردستان، لەسنوورەكاندا سەرانە لەخەڵك دەسێنن، خەباتی پەكەكە لە شوێنێكی ترە.
قسەكانی فارس نەورۆڵی لەمیانی لێدوانێكی بوو بۆ پۆڵەتیك پرێس، ئەوەش دوای دروستبوونی ئەو گرژییەی لەنێوان پارتیو پەكەكە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هاتە ئاراوەو گرژییەكانیش كاردانەوەی دروست كرد.
وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی باسی لەوەش كرد، سەبارەت بەهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان وتی: ئەم كێشەیە كێشەی پارتی و پەكەكە نییە، بەڵكو كێشەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ پەكەكە ئەگەر ئەم حیزبە سیاسییانەی لە هەرێم خۆیان دەخەنە دەرەوەی ئەم بابەتە ئەوە زۆر بچووكردنەوەی ئەقڵی سیاسییە.
گرژییەكانی پارتیو پەكەكە لەدوای ئەوە زیاتربوو، كە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، كە گوایە چەند كەسێكی دەستگیركردووەو ئەو كەسانە سەر بە پەكەكە بوون، كاریان بۆ “تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كردووە”.