زاگرۆس هیوا: پارتی دەیەوێت لایەنەكانی تری هەرێم لەشەڕی پەكەكە تێوەبگلێنێت

پۆڵەتیك پرێس
زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس دەڵێت: ئەو گرژییەی ئێستای پارتی دژی پەكەكە دروستیكردووە بە پیلانی توركیایە و پارتی دەیەوێت لایەنەكانی دیكەش تێوەبگلێنێت بۆ ئەوەی نەڵێن بە تەنیا ئەجێندای توركیا جێبەجێدەكات.

زاگرۆس هیوا، باس لەوەش دەكات لەشەڕی دژی داعش پەكەكە لە شەنگال تا كەركوك بەرگری لەباشووری كوردستان كرد بە پێچەوانەی پارتی هەڵهات و رایكرد.

وتەبێژی پەیوەندییەكانی كەجەكە، كە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەیە، لەچاوپێكەوتنەكە تیشك دەخاتە سەر هۆكاری ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ماوەیەكە لە نێوان پارتی و پەكەكەدا دروست بووە، جەخت لەوەش دەكاتەوە، ئەوان لەخەباتی خۆیان بەردەوام دەبن.

پۆڵەتیك پرێس: هۆكاری گرژی نێوان پارتی و پەكەكە چییە؟
زاگرۆس هیوا: ئێمە كێشەمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە تەنیا كێشەمان لەگەڵ پارتییە، پارتی دەیەوێت ئەو هاوكاریەی بۆ توركیا دەیكات لەژێر ناوی حكومەتی هەرێم نیشانی بدات، پارتی دەیەوێت لایەنەكانی دیكەش تێوەبگلێنێت لەو ئاڵۆزییە، بۆئەوەی خۆی لەوە رزگاربكات كە تاكە هێزێكە هاوكاری دوژمن دەكات، لەبەرئەوە ئەو بابەتە وەكو هاوكاری پارتی لەگەڵ توركیا لەدژی گەلی كورد و لەدژی پەكەكە پێناسەبكرێت باشترە.

پۆڵەتیك پرێس: پێتانوایە لێدوان و بەیاننامە توندەكان هۆكارن بۆ هەڵگیرساندنی ئەم ئاڵۆزییە لەنێوان هەردوولا؟
زاگرۆس هیوا: پەیامەكان و كردەوەكانی پارتی هۆكارە بۆ ئەم گرژییە چونكە پارتی لە هەموو شوێنێك كە تەڤگەری ئازادی كوردستان و فكری ئاپۆی لێیە بە هاوكاری توركیا دەیەوێت ئاسەواری ئەو فكرە لەبواری كەلتوری و سیاسی و رێكخراوەیی بسڕێتەوە هەر لە رۆژئاوای كوردستانەوە تا رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەموو شوێنێك پارتی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لە هاوكارییەكی وادایە بەتایبەتی لە باشوری كوردستاندا، زۆر شوێن كە گەریلای لێیە و لێی دەمێنێتەوە پارتی هێز دەبات و دەیەوێت شەڕبكات لەگەڵ گەریلا وەلایەنەكانی دیكەی هەرێمیش تێوە گلێنێت.

پۆڵەتیك پرێس: پێتان وایە پارتی دەتوانێت لایەنەكانی دیكەی هەرێم تێوە گلێنێت لەم دۆخە؟
زاگرۆس هیوا: ئێمە هیوادارین كە لایەنەكانی دیكەی كوردستان بە وشیاری سیاسی و نەتەوەییەوە هەڵسوكەوت بكەن و ئاگاداری ئەو پیلانەی پارتی بن چونكە رای گشتی گەلی كوردستان ئێستا زۆرتر لە جاران زیاتر بۆی ئاشكرابووە پارتی چەندە لەگەڵ توركیا هاوكاری دەكات دژی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد، لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان چ ئەوانەی لەناو حكومەتن و چ ئەوانەی لەدەرەوەی حكومەتن پێویستە ئاگاداری ئەم پیلانەی پارتی بن.

پۆڵەتیك پرێس: لایەنەسیاسییەكانی دیكە داوای هێوركردنەوەی ئەم دۆخە دەكەن لە رێی بەیاننامە و لێدوانی فەرمییان ئایا حكومەتی هەرێم هیچ پەیوەندییەكی بەئێوەوە كردووە بۆئەم كێشەیەی نێوان ئێوە و پارتی؟
زاگرۆس هیوا: ئێمە خۆمان داوامان لە هەموولایەك كردووە بەپارتیشەوە كە ئەم دۆخە بەرەو دۆخێكی نەخوازراونەچێت، لایەنەكانی هەرێم و كەسایەتی و رۆشنبیر و كۆمەڵی مەدەنیی داوای هیوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن، هەڵوێستی ئەو كەس و لایەنانە لای ئێمە بەنرخن وە ئێمە رێز لەو لێدوان و داواكارییانە دەگرین هیوادارین كاریگەری هەبێت و دۆخەكە بەرەو رەوشێكی نەخوازراو نەڕوات.

پۆڵەتیك پرێس: ئەوەی لەسەر پەكەكە پێویستە بیكات چییە؟
زاگرۆس هیوا: ئێمە ئەوەی كە لەسەر شانمانە وەكو ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسی و ئەخلاقی خۆمان ئێستا لەدژی داگیركاری توركیا لە شەڕداین چونكە توركیا لەهەموو بەشەكانی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێت كورد و دەستكەوتەكانی كورد لەناوببات، ئێمە بەو ئەركە هەستاوین كە لەدژی پیلان و داگیركارییەكانی توركیا خەبات دەكەین هیوادارین حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەش هاوكاری پەكەكە بن لەم خەباتەدا بەتایبەت حزب و گەلی باشوری كوردستان هاوكاری زیاتربن بۆئەوەی بتوانین شاڵاوی داگیركاری توركیا و پیلانی عوسمانی نوێی ئەردۆغان لەسەر ویلایەتی موسڵ كە هەموو كوردستان دەگرێتەوە تێك بشكێنین.

پۆڵەتیك پرێس: پێتان وایە كە حكومەتی هەرێمیش هەمان رای پارتی هەبێت پەكەكە وەكو مەترسییەك بۆسەر ئاسایشی هەرێم ببینێت؟
زاگرۆس هیوا: ئێمە هیچ كات خۆمان وەكو مەترسی نابینین ئێمە ئەوە بە ئەركێكی ئەخلاقی و سیاسی و نەتەوەیی دەبینین كە ئاسایشی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بوون و ئازادی گەلی كورد لە هەركوێیەك بێت بپارێزین هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە كوردستان و ئێمە خۆمان بە بەرپرسیاردەزانین بۆپاراستنی گەلی باشوری كوردستان لەبەرامبەر مەترسییەكاندا وە لە تاقیكردنەوەی زۆر سەخت و دژواردا ئەمەمان سەلماندووە بەتایبەتی لەكاتی شەڕی داعشدا ئەو كاتەی هەندێك لەو هێزانەی ئێستا خۆیان بە بەرپرسیاری ئاسایش و ئارامی باشوری كوردستان دەزانن خۆیان هەڵدەهاتن.

پۆڵەتیك پرێس: مەبەستت لە پارتییە؟
زاگرۆس هیوا: بەڵی چەكدارەكانی پارتی كاتێك هەڵدەهاتن ئەو كاتە پەكەكەبوو لە شەنگالەوە تا مەخمور و هەولێر و كەركوك و خانەقین بەهانای هەڵمەتی پاراستنی گەلی باشووری كوردستانەوە چوو، بەسەدان شەهیدیشی لەو پێناوەدا پێشكەشكرد لەبەرئەوە ئێمە هیچ كات مەترسی نین بۆ ئارامی و ئاسایشی گەلی باشووری كوردستان رەنگە هەندێك هێز لەبەرئەوەی بە گەندەڵی تێوەگلاون و ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی لە بەرامبەریان هەیە بیانەوێت شتی ئاوا نیشان بدەن بەڵام ویژدانی رای گشتی لە باشوری كوردستان باش دەزانێت پەكەكە چەندە قوربانیداوە و فیداكاری كردووە بۆئەوەی گەلی باشوری كوردستان لەبەرامبەر مەترسییەكان بپارێزێت.

پۆڵەتیك پرێس: دەتانەوێت وەكو پەكەكە چی بەپارتی بڵێن دەتانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ پارتی ئەنجام بدەن؟
زاگرۆس هیوا: داواكاری ئێمە ئەوەیە كە پارتی دەست لە هاوكاری كردنی سوپا و میتی تورك هەڵبگرێت وە لەسەر بنەمای هێڵێكی نەتەوەیی و نیشتمانی نەك هەر لەگەڵ پەكەكە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكە لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا كاربكات، ئەگەر ئەم داواكارییەمان جێبەجێبكات ئامادەین گفتوگۆ بكەین لەگەڵ پارتی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا