ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانبەران ناچاردەكات كارتی بایۆمەتری دەنگدان دەربكەن

پۆڵەتیك پرێس
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانبەران ناچاردەكات كارتی بایۆمەتری دەنگدان دەربكەن، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش دەڵێت: هێشتا بڕیارەكەمان بە فەرمی بەدەست نەگەشتووە.

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پێشتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 حكومەتی عێراق فەرمانبەران و هاووڵاتیانی ناچاركرد، كە كارتی ئەلكترۆنی دەنگدان وەك بەڵگەنامەیەكی فەرمی بناسێنرێت لەفەرمانگەكانی حكومەت مامەڵەی هاووڵاتیان رایی نەكرێت تا خۆی تۆمارنەكات بۆ ئەوەی كارتی بایۆمەتری بەدەست بهێنێت، ئێستاش بڕیارێك لەئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە بەهەمان شێوە فەرمانبەران ناچار دەكات خۆیان تۆماربكەن بۆ ئەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدان بەدەست بهێنن، ئەوانەی خۆیان تۆمارنەكردووە، بەڵام تائێستا نووسراوەكە نەگەشتووەتە لای ئێمە.

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعێراق وتیشی: لەسنووری پارێزگای سلێمانی 79 ناوەندی تۆماركردنمان هەیە، رۆژانی پشووی فەرمیمان نەماوەو بەدرێژایی هەفتەكە پێشوازی لە هاووڵاتیان دەكەین ئەوانەی خۆیان تۆمارنەكردووە دەتوانن خۆیان تۆماربكەن، ئەوانەی خۆیان تۆماركردووەو كارتی دەنگدانەكەیان بۆ گەڕاوەتەوە سەردان دەكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكەیان.

دەربارەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەدایكبووانی چ ساڵێك بۆ یەكەمجار بەشداری دەنگدان دەكەن بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتی: یاسای هەڵبژاردن ئێستا لەپەرلەمان پەسەندكراوە دوای ئەوەی سەرۆك كۆمار واژووی دەكات، كۆمسیۆنیش كۆمەڵێك بڕیار و رێنمایی لەژێر رۆشنایی یاساكەدا دەردەكات و لەدایكبووانی ئەو ساڵانە دیاری دەكات كە بۆیەكەمجار دەتوانن بەشداری دەنگدان بكەن.

هەروەها روونیشكردەوە بەپێی یاسا تا 6ی حوزەیرانی 2021 هەركەس تەمەنی بگاتە 18 ساڵ مافی دەنگدانی دەبێت.

هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی 2021 بە چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوە بچێت، لە ئێستاشدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعێراق دەستی بەهەندێك ئامادەكاری كردووە بۆ ئەو هەڵبژاردنە، وەك كردنەوەی ناوەندەكانی تۆماری بایۆمەتری و تۆماركردنی ناوی حزب و قەوارەكان بۆ هەڵبژاردن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا