سەرنجێك لە بارەی پۆستە نوێیەكانی گۆڕانەوە

كۆمەڵێك پۆستی درەنگ وەختی بێ گیان بەخشرا بە كۆمەڵێك لە ژن و پیاوەكانی گۆڕان.

درەنگ وەختە چونكە تەمەنی كابینەكە لە نیوە نزیكە، بێ گیانیشە چونكە دەمێكە وتوومانە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیر و پارێزگارەكان هیچیان بە دەست نەبێت، حەتمەن ڕاوێژكاری بێ ڕاوێژ و شارەزای نەشارەزا و بەڕێوەبەری گشتیی چ گیانێكیان تێدایە؟!

بەهەرحاڵ گۆڕان چوونە حكومەتەوە و مژدەی وەرگرتنی لەشكرێك پۆستیان دا بە گوێی ئارەزوومەندانی كورسیی و شەیدایانی پۆستدا، خەنیی و خۆشحاڵ بوون بەو دەستبڵاویی و سەخاوەتەی پارتیی، بەڵام پارتییش لەوە شەیتانترن كە لیستی ناو بۆ پۆستەكان جورعە جورعە و ناوە ناوە داوا بكات و چێكی مەیلی هەر یەكێكیشیان ئەكات بۆ دەسەڵاتەكەی و ماوەیەكی باش بەرگرییان پێ ئەكات لەو دەسەڵاتە پاتاڵە!

وا بڕوات كۆتا رۆژەكانی ئەم كابینەیە بەشێك لە ناوەكان بەیان ئەكات!

سەرنجی ئێمە لەسەر كاندیدەكانی گۆڕانە بۆ ئەو پۆستانە، كە زۆرینەی ڕەهایان(ئەگەر نەڵێین هەموویان) پێشتر خۆیان خستووەتە بەردەم تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنەوە و سەركەوتوو نەبوون، ئێستا بۆچی بازەكە بەسەرشانیانەوە ئەنیشێتەوە؟!

بە شاهیدیی بەشێكی زۆر لە گۆڕانخوازان؛ لە كۆتایی مانگی تەموزی ٢٠١٣دا كاك نەوشیروان لە هۆڵی زەرگەتە كۆبوونەوەی بەو كەسانە كرد كە نیازی خۆپاڵاوتنیان هەبوو تا ببن بە كاندیدی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئەیلول، كە نزیك بە ٣٠٠ كەس ئەبوون، بەڕێز ڕێكخەری گشتیی وتی: ئێمە وێڕای سوپاسی هەر یەكێكتان، بەڵام ناچارین بڵێین یەك لەسەر سێی ئێوە ئەتوانین بخەینە ناو لیستەكەمانەوە، جا لێرەوە من داواتان لێئەكەم خۆتان لوتف بكەن ڕێگا چۆڵ بكەن بۆ هاوڕێكانتان، ئێمە ١٠٠كەس ئەتوانین بخەینە لیستەكەمانەوە و ئێوەش سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیەن.

دڵنیاتان ئەكەین كە ئەوەی خۆی هەڵبژارد، كۆتا هەلە بۆی، كە چووینە حكومەتەوە ئێمە پێویستمان بە ئێوەیە، وەزیر و بریكار و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە وەرئەگرین، ئەوانەی خۆیان هەڵئەبژێرن، دەرچوون ئەوە ئەچنە پەرلەمانەوە، دەرنەچن هیچ مافێكیان نامێنێت، بەپێچەوانەوە ئەوانەتان كە ئەكشێنەوە، زۆرترین چانستان ئەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان.

بە داخەوە هێشتا خۆی مابوو، ئەوانەی پڕی مشتێك دەنگیان نەهێنا كاندیدكرانەوە بۆ پۆستەكانیتر و تەكەتولی گەندەڵان پشتیان گرتن!

ئەوانەی كە خێزانەكانی خۆیشیان دەنگیان پێنەدان، بەخێرایی كران بە ڕاوێژكاری پەرلەمان و بەڕێوەبەری گشتیی و جێگایتریان بۆ دۆزرایەوە!

ئێستا بۆچی ئەبێت لەلامان نامۆ بێت، هەرچی چەند جارێك خۆی پاڵاوتووە و بە هەموو جارەكانەوە دەنگی پۆلی قوتابخانەیەكی نەهێناوە بكرێت بە بەرپرس؟!

حیزبی كوردیی كامەیان زۆر بە دیسپلین و ڕێكخراون، كێ بە دڵی كەسی یەكەم بوو، دەروێشی لێو بارگرتوو بوو بۆی، گوێڕایەڵی نوخبەی تەحالوفی فاسیدین بوو، ئەوا پۆستی مسۆگەرە.

جا وەرە حیزبێكی بێ دیسپلین و خاڵی لە بنەمای (پاداشت و سزا)ی وەك گۆڕان، ئەتانەوێت وەرگرتنی پۆست چۆن بێت؟!

هەر ئێستاش سەیری سۆشیالمیدیا بكە، ئەزانیت كێیتر بە تەمای وەرگرتنی پۆستە!

لەوەش وێرانتر گەنجی بێدەرەتانیان دوو ساڵ زیاترە دەستخەڕۆ كردووە، كە شەڕی ناو فەزای مەجازییان بۆ بكەن، تا بكرێن بە حیمایە و پاسەوان و سكرتێر و موڕاسیلی ئەم و ئەو!

هادی حەمەڕەشید

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا