پۆڵەتیک پرێس
سەرۆکی بزوتنەوەی ئەهلی حەق رایگەیاند، سعودیە بە بیانوی وەبەرهێنانەوە دەست بەسەر رووبەرێکی بەرفراوانی پارێزگاکانی عێراقدا دەگرێت.
قەیس خەزعەلی سەرۆکی بزوتنەوەی ئەهلی حەق رایگەیاند، پڕۆژەی وەبەرهێنانی سعودیە هەڕەشەی ئەمنی زۆر مەترسیداری تێدایە لەلایەن سیستمێکەوە کە پێشینەیەکی دەوڵەمەندی زیان گەیاندنی هەیە بە ئەمن و ئاسایشی عێراق.
خەزعەلی داواشی کرد، سەرجەم کەمینە ئەکادیمییەکان وخوێندکاران و هێزە سیاسییەکان مەشروعی وەبەرهێنانی سعودیە رەت بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە هاوکاتە لەگەڵ پڕۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل کە دوژمنی هەمیشەیی عێراقە و زیانی ئابووری بە یەدەگی ستراتیژی ئاوی ژێر زەوی عێراق دەگەیەنێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، سعودیە هەنگاو دەنێت بۆ وەبەرهێنانی ملیۆنێک هێکتار زەوی عێراق بەئامانجی گۆڕینی ئەو زەوییانە بۆ کێڵگەی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و پەلەوەر، بەمەش دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە مێژووی عێراقدا و بڕیارە لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای وڵات دەستپێبکات هەتا باشور لە پارێزگای موسەنا و نەجەف و تەنانەت بەسڕەش.