شەڕێكی لە دەرگا

توركیا ، بە تایبەت ئاكەپەو ئەردۆغان سورن لە سەر ئەوەی شەڕێكی خوێناوی بێننە هەرێمی كوردستانەوە ، بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام فشار لە سەر پارتی و یەكێتی و كورد دروست دەكەن ، توركیا لە هەندێ‌ ناوچەوە زیاتر لە پەنجا كیلۆ مەتر هاتوەتە قوڵای خاكی هەرێمی كوردستانەوەو هەرێم و عیراقی داگیر كردووە ، پارتی لە بن فشارێكی زۆردایە و توركیا دەیەوێت هەرچۆنَێكە شەڕێكی پێبكات ، پێشتر مەسعود بارزانی بەڵێنی داوەو سوێندی خواردووە چی تر شەڕی كورد – كورد نەكاتەوەو نەهێڵێت رووبدات ، هەمان ئەم وەڵامەشی لە كاتی خۆیدا بە هاكان فیدان و ئەردرغان وتوە ، كەواتە مەسعود بارزانی شەڕی پەكەكە ناكات ، پەكەش بە هیچ جۆرێك ئامادە نیە شەڕی پارتی و هەرێمی كوردستان بكات و پەیتا پەیتا پەیامی ئاشتی دەنێرن ، ئەمە خاڵێكی گرنگە بۆ پارتی و بۆ پەكەكەش .

بیرمە لە دیار بەكر بارزانی لە تەنیشت ئەردۆغانەوە بە خەڵكی ئەوێ‌ ی وت ئەم خاكە خوێنی زۆری لە سەر رژا ئیتر كاتی ئەوەیە ئاشتی بێتە دی ، پەكەكەو پارتی لە ئاستی سەرەوە خوازیاری شەڕنین ، ئەركی لایەنەكانی تر ، سیاسیەكان ، پیاوانی ئاینی ، رۆشنبیران و خەڵكانی ئازادیخوازو دایكانی ئاشتیە ، رۆڵی زیاتر بۆ دورخستنەوەی تارمایی شەڕ بگێڕن ، بانگەوازەكەی مامۆستا محەمەدئەمین پێنجوێنی ، بانگەوازی هونەرمەندانی چوار پارچەی كوردستان ، هەوڵی خەمخۆرانەو ئەرێنین ، كەسانی وەك محەمەدی حاجی مەحمود ، سەلاحەدین بەهادین ، عەلی باپیر عومەری سەید عەلی و كەسانی دیكە دەتوانن رۆڵیان هەبێت .

لە سەروو هەموو ئەو تەقەلایانەی سەرەوە ئەمڕۆ دكتۆر بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ دەتوانێ‌ رۆڵی هەبێت لە بەر ئەوەی
یەكەم: سەرۆك كۆماری عیراق و هەرێمیشەو سوپای توركیا بەشێكی ئەو وڵاتەیان داگیر كردوەو رۆژانە خەڵك دەكوژن و زەرەرو زیان دەدەن .

دوەم : كوردەو ، شەڕەكەش لە سەر نیشتمانی كوردانە

بەرهەم ساڵح دەتوانێ‌ داوا لە توركیا بكات دەرگا بە ڕوی ئاشتی كورداندا بكاتەوە ، دەتوانێ‌ داوا لە ئەمەریكاو بەریتانیاو روسیاو فەڕەنساو ئەوروپا بكات فشاری ئاشتی لە سەر توركیا زیاد بكەن ، ئاشتی كوردو تورك .

ئەمەریكا لە ماوەی رابردودا چەندین وڵاتی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل هێناوەتە پای گفت و گۆو ئاشتی ، لە داهاتودا وڵاتی دیكەش دێنە پێشەوەو لە گەڵ ئیسرائیل ئاشتی دەكەن ، ئایە بۆ ئارامی ناوچەكە ئاشتی كوردو توركیاش گرنگ نیە ، هەڵبەت ئەمەریكاو روسیاو فەڕەنسا سێ‌ دەوڵەتن دەتوانن رۆڵی كاریگەریان هەبێت لەو بارەیەوە ، بۆ ئەمەش یاداشت و هاندانی سەرانی كورد لە باشورو باكورو رۆژئاوا گرنگە .

دورخستنەوەی شەڕ لە دەرگای ماڵی كوردان ئەركێكی ئاكاریەو دەبێت هەموو لایەك تێیدا بەشدار بین .

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا