خوێندنەوەی کارنامەی سپی حکومەتی عێراقی

نەریت نیە لە عێراقدا حکومەت کارنامەی سپی هەبێ. کارنامەی سپی یان وایت پەیپەر داهێنەری ئینگلیزەکانە. یەکەم کارنامەی سپی لە سەردەمی چرچڵدابوو لە لایەن گێرچووید بڵەوە نوسرا، بۆ حکومەتی بەریتانی دەربارەی میزۆپۆتامیا. حکومەتی کازمیی و بەتایبەتی کەسی عەلی عەلاوی ئەم نەریتەی کۆتایی پێهێنا یان دەست پێکرد. ڕۆژانی ڕابوردوو لە ڕاپۆرتێکی ٩٦ لاپەڕەییدا وەزارەتی دارایی لە لایەن تیمێکی تایبەتەوە کارنامەیەکی سپییان بۆ حکومەت نوسیوە. ئەم کارنامەیە نیوەی دەربارەی ڕەگی کێشەکانە و نیوکەی تریشی دەربارەی چارەسەرەکانە. بە گشتی ڕاپۆرتێکی گشتگیرە، بەڵام بە چڕی پشت دەبەستێت بە ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق کە ساڵی پار بڵاوکرایەوە.

ئەگەر بمانەوەی بە پوختی لە ڕاپۆرتەکە تێبگەین ئەوا هیچ نیە جگە لە پلان بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئابوری سیاسیدا بە گونجانی بونیادی structural adjustment ناسراوە. ئەم پلانە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک کۆمەڵە پلانێکی ئامادەکراو و هەروەها وەک کۆمەڵە مەرجێک بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت قەرز لەو ڕێکخراوانە وەربگرن، بەکاریدەهێنێت. ئەم پلانانە خۆی لە بچوککردنەوەی حکومەت و تێچونە گشتیەکان، دابەزینی بەهای دراو لە پێناو بوژانەوەی هەناردە و ئازادکردنی بازاڕ.

لە ڕۆژانی یەکەمی گەیشتنی پۆڵ برێمەر لە سەردەمی Coalition Provisional Authority یان هاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی هەوڵی ئەوەی دا کە وڵات لە سەر بنەماکانی ئابوری بازاڕ و فەلسەفەی نیولیبرالیزم بەڕێوەببات. ئەو کاتە گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی نوسی، ئەگەر پلانەکە سەربگرێت ئەوا عێراق دەبێتە یەکێک لە هەر کەپیتالیستترین وڵاتانی دونیا. بەڵام پلانەکەی برێمە سەرکەوتوونەبوو. ئەو ڕۆژگارە، عەلی عەلاوی وەزیری بازرگانی بوو بە وەکالەت لە کۆمێنتێکیدا لە سەر سیستەمی ئابوری دەڵێت، سەردەمێک سۆشیالیزم و سەردەمێکی کرۆنی کەپیتالیزم و ئەم ڕۆژگارەش بە دەست فەندەمینتاڵیزمی بازاڕەوە دەناڵێنین. بەڵام دوای چەندین ساڵ عەلاوی خۆی دێتەوە و ئەو ڕێگایە بە تاکە ڕێگا دەزانێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە لە ٢٠٠٣ دەرفەت هەبوو هەتا ئەو ڕەوتەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە دەستی پێکردبوو کە خۆی لە فراوانیبونی دەسەڵاتی دەوڵەت و کەرتی و گشتی و حکومەتی کرێخۆریدا دەبینییەوە کۆتایی پێبهێرێت و بازاڕ ئازاد بکرێت، بەڵام لە کاتێکدا هیچ کام لەوانە نەکران دابەشکاریی تایفیشی هاتە سەر.

ئێستا حکومەتی عێراقی هیچ بژاردەیەکی تری نیە جگە لە قەرز نەبێت و ئەو پلانانەی کە دایناوە خێرا فەراهەم نابن . دەکرێت بڵێین کە ڕاپۆرتەکە چەند پایەیەکی هەیە: یەکەم، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، بە نیوەکردنی موچەی فەرمانبەران، لە ٢٥٪ بودجەوە بۆ ١٢.٥٪ بودجە. وەستانی وەرگرتنی فەرمانبەری نوێ و هەوڵدا بۆ پێدانی هەموو کارەکان بە کەرتی تایبەت. دووەم، دابەزاندنی نرخی دینار. عەلای بڕوای وەهایە کە ئەم هەنگاو دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە عێراق بتوانێت کێبڕکێ بکات لە گەڵ وڵاتانی دراوسێدا. ئەم دیدە ڕەنگە بۆ هەندێک وڵاتانی وەک کوێت و سعودیە و ئوردون ڕاست بێت بەڵام بۆ وڵاتانی وەک سوریا، تورکیا و ئێران ڕاست نیە لە کاتێکدا کە زۆربەی هاوردەکان لە ئەو وڵاتانەوەن.

پایەی سێیەم، کۆتاییهێنانە بە هەموو پشتیوانی، دەعم، یان سەبسیدیی، بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە و کارەبا و هەروەها بوارەکانی تردا. بانکی نێودەوڵەتی و ئای ئێم ئێف هەمیشە دژ بە پشتیوانی حکومین بە هەر کاڵایەک چونکە لە ڕوانگەی بازاڕەوە نابەرابەری دروست دەکات و ئەو داهاتەی حکومەت بە فیڕۆ دەچێت. لەم ڕوەوە کەرتی کارەبا لە دڵی ئەم پرسەدایە. کارەبا وەک کونی ڕەشی عێراقی لێهاتوە، هەرچەند بلیون دۆلاری تێدەکەن هەر باش نابێت. لوئەی خەتیب لە گۆڤاری فۆرن پۆلەسی بابەتێکی نوسیوە لە سەر کەرتی کارەبا، وەک وەزیری پێشووی کارەبا، زۆر لایەنی ئەم بوارە بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر ئەم دۆخە. دیارە کە پرسی کارەبا لە عێراقدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە وەک سەرچاوەی دابینکردنی وزە و هەروەها کارەباش.

هەڵسەنگاندن
ئەگەر لە پایە سەرەکیەکانی ڕاپۆرتەکە بنواڕین دەبینین هەموو لە سودی حکومەت و بە قورسی لە سەر خەڵك دەکەوێت. یەکەم، ئەگەر لە ڕوانگەی حکومەتەوە لە دابەزاندنی بەهای دینار بنواڕین ئەوا بێگومان هەنگاوێکی لۆجیکییە، چونکە حکومەت بە دۆلار نەوت دەفرۆشیت و کاتێک دۆلار نرخی بەرزدەبێتەوە بەرامبەر دینار ئەوا حکومەت دەبێتە خاوەن دیناری زیاتر. لە هەمانکاتدا حکومەت ئەو پشتیوانییەی کە بۆ دینار دەیکات دەیوەستێنێت. دیارە ئەو پشتیوانییە سەرچاوەیەکی گەندەڵی زۆر گەورەیە لە وڵاتدا.
بەڵام ئەم هەنگاوە بە زیانی خەڵكە لە چەند ڕویەکەوە: یەکەم، خەڵکی ئەو پارەیەی کە وەریدەگرن بەهای کەم دەکات، کەواتە ئەگەرچی فەرمانبەران هەمان بڕ وەردەگرن بەڵام بەپێی دابەزینی نرخی دینارەکە نرخەکەی کەم دەکات. دووەم، هەڵاوسان دروست دەبێت، سێیەم، توانای کڕینی خەڵکی کەم دەبێتەوە. چوارهەم، ئەوانەی کە لە بازاڕدا کاردەکەن زەرەرمەند دەبن چونکە ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت توانای کڕینی کەمترە.

بەهانەیەکی تر بۆ ئەم هەنگاوە دەهێنرێتەوە ئەوەیە کە دەتوانرێت کێبڕکێی کاڵای وڵاتانی دراوسێ بکرێت. هەردوو ئێران و تورکیا نرخی دراویان بە ئاستێک نزمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت کێبڕکێیان لە گەڵدا بکرێت.

 

ئەوەی گرنگە لە موچەدا لە عێراق و هەروەها کوردستانیش تەنها بڕی پارەیە کە دەگاتە بازاڕ و لە بازاڕەوە دەگاتە دەستی بازرگانی بچوک و مامناوەند. بەم پێیە موچە تەنها بڕی پارەیە کە لە کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە هۆکاری زیندوێتی بازاڕ و دەستاو دەستکردنی دراو. هەرچەندە ئەم بونیادە ئابورییە بوەتە هۆکاری دروستبونی کەرتكی بەرفروان لە بەرخۆر و کوشتنی بەرهەمی خۆماڵی. حکومەت وەها باشترە تاریفە و ڕێکخستنی کاڵاکان بکات لە بڕی دابەزاندنی نرخ. چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی تری بەرزی نرخی دینار ئەوەیە کە لە ئەدەبیانی ئابوری سیاسیدا بە نەخۆشی هۆڵەندی ناودەبرێت. ئەمەش بریتیە لە بەرزبونەوەی برخی دراو، لە بەر بونی زۆری دراوی قورس لە بازاڕدا بە هۆی هەناردەی سامانی سروشتیەوە، ئەمەش وەها دەکات هەموو جۆرە بەرهەمهێنانێک لە ناوخۆی وڵاتدا بە گران بکەوێت، بە بەراورد بە وڵاتانی تر، کە خاوەنی سامانی سروشتی نین. دەکرێت دیانر نیمچە ئازاد بکرێت لە بڕی ئازادی تەواو.

بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە ڕەنگە حکومەتی عێراقی بژاردەکانی کەمبێت و ناچاربێت ئەم هەنگاوانە هەڵنێت. ئارگومێنتێکی ئەوانەی کە پشتیوانی هەنگاوەکانی کارنامەی سپین ئەوەیە کە ئەگەر حکومەت ئەم هەنگاوانە هەڵنەنێت ئەوا لە کاتی داڕمانی نرخی دیناردا دۆخە زۆر سەختر دەبێت و حکومەت هیچ توانایەکی نابێت بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێک هەڵنێت. بەڵام زۆرێک لە ئەوانەی کە ڕەخنەیان لە کارنامەکە هەیە وەها دەبینن کە هەنگاوی تری زۆر هەیە کە حکومەت دەتوانێت بیانێت وەک نەهێشتنی بندیوار، چەند موچەیی، هەروەها کەمکردنەوەی خەرجیەکانی کەرتی بەرگریی و ئاسایش. لە هەردوو کوردستان و عێراقیش بڕی زۆری داهاتی وڵات دەچێت بۆ کەرتی چەکداریی. ئەم کەرتە نەک هەر نابێتە هۆکاری بوژزنەوەی ئابوری بەڵکو ڕێگرە لەوەی کە حکومەت بتوانێت بە ئاسانی کار لە سەر گەشە بکات. کەرتی چەکداریی نەبوەتە هۆکاری هاتنە ئارای ئاسایش لە عێراقدا. ئەگەر عێراق بیەوێت زەمینە بسازێنێت بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا و سەرمایەی دەرەکی ئەوا دەبێت ئاسایش لە ئارادابێت بەڵام هێزی چەکدار جۆرێکی تایبەت لە ئابوری نانیشتمانییان دروستکردوە کە ئاسان نیە بۆ هیچ لایەک بە ئاسانی بتوانێت بێتە ناویەوە.

بەڵام وەها دیارە زۆربەی لایەنەکان بە کارنامە ڕازین چونکە بژاردەی بەدیل زۆر خراپترە لە کاتێکدا چاوەڕوان ناکرێت بەمزوانە نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.

 

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا