سۆنگ یەك پیاڵەی هەیە بۆ چا

پۆڵەتیك: سپۆڕت
هەروەك كاروانی عوسمانی نەمر لە یەكێك لە گۆرانییە ناوازەكانی دا وتوویەتی یەك پیاڵەشم هەیە بۆ چا بە واتای ئەوەی تەنها و ڕەبەنە و هێشتا نەچۆتە ژیانی هاوسەرییەوە هیو مینگ سۆنگی كۆری یاریزان یانەی تۆتنهامی لەندەنیش بە هەمان شێوە سەرینەكەی یەك كەسی و تاكە و یەك پیاڵەشی هەیە بۆ چا خواردنەوە هەر بۆیە هۆكاری دروست نەكردنی ژیانی هاوسەری خۆی ئاشكرا كرد.

سۆن و جیسۆی هاوڕێ‌ كچەكەی

لە دیمانەیەكی تایبەتی ڕۆژنامەوانی دا سۆنی تەمەن 28 ساڵ ئاشكرای كرد: (هۆكار لە پشت دروست نەكردنی ژیانی هاوسەریمەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئامۆژگارییەكی باوكم كە لە ڕابردوودا پێی وتم ئەگەر بە نیازیت لە دونیای وەرزش و تۆپی پێ‌ دا بەردەوام بیت و ببیتە ئەستێرەیەكی ناوازە ئەوا تا واز لە یاری كردن دەهێنێت بیر لە ژن هێنان مەكەرەوە).

سۆن ئەوەشی ئاشكرا كرد: (باوكیشم خۆی یاریزان بووە لە ڕابردوودا هەر بۆیە پێی ڕاگەیاندم كە پاش وازهێنان لە یاری كردن كات زۆرە بۆ ئەوەی ژیانی هاوبەشی دروست بكەم، چونكە بە بڕوای ئەو كاتێك یاریزانی تۆپی پێ‌ خێزان دروست دەكات ئیدی تۆپی پێ‌ لە بابەتە سەرەكییەكانی ژیانی نابێت بەڵكو خێزانەكەی و ژن و دواتر منداڵ ئەگەر هەی بوو گرنگتر دەبن ئەمەش وا دەكات نەبێتە ئەستێرەیەكی ناوازە بەڵكو تەنها یاریزانێكی تۆپی پێ‌ دەبێت و بە بێ‌ دەنگی بە دونیای تۆپی پێ‌ دا تێدەپەڕێت).

سۆن و باوكی

ئەو ئەستێرە ناوازەیەی كۆریای باشور وتیشی: (هۆكاری ئەوەی كە من لە ئێستادا بەو ئاستەوە بەدەر دەكەوم ئەوەیە كە تەنها و تەنها بیرم لای تۆپی پێیە و هەموو كاتێكی خۆمم بۆ بەرز كردنەوەی ئاستم تەرخان كردووە هەر كاتێكیش وازم لە یاری كردن هێنا ئەو كات دڕەنگ نابێت بۆ ئەوەی ژیانی هاوسەری پێك بهێنم).

جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بكەین كە زۆرێك لە ڕاهێنەرە گەورەكانی ئەوروپا لە پێش هەموانیشەوە سێر ئەلیكس فیرگسۆن و فابیۆ كاپێلۆ و ڤیسەنتی دیلبۆسكی و چەندان و چەندانی تر هەمیشە ئامۆژگاری یاریزانەكانیان كردووە كە بە لاوی ژیانی هاوسەری پێك بهێنن تا دواتر تووشی كێشەی دەروونی و هەندێك شتی تر نەبن، بەڵام ئەوەتا سۆن بە قسەكەی باوكی هەڵسوكەوت دەكات و تا ئێستاش سەرینەكەی هەر یەك كەسە و یەك پیاڵەشی هەیە بۆ چا خواردنەوە بە نیازین نییە لە داهاتوویەكی نزیكدا بیكات بە بەتانی پڵنگە دوو كەسییەكە.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا