عێراقییەكان توانای كڕینی هێلكەیان نەماوە

پۆڵەتیك پرێس:
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەماو زۆربوونی خواست لەسەری نرخی هێلەكە بەشێوەیەكی بەرچاو لەبازاڕەكانی عێراق بەرزبووەوە، كە نرخەكەی وای لێهاتووە، لەتوانای كڕینی خەڵكی نەماوە.

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە ئەنجامی ڕاگەیاندنی خۆبژێوی ناوخۆیی هاوردەكردنی هێلكەی لە وڵاتانی دراوسێ قەدەغە كردووە، ئەوەش وایكردووە، كە نرخی یەك كارتۆن هێلكە بگاتە نزیكەی 80 هەزار دینار.

ئەبو سەجاد خاوەنی كۆگایەكی خواردنەو لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی هێلكەوە دەڵێت: نرخی هێلكەی تەنیا لەماوەی دوو هەفتەدا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

ئەبو سەجاد وتیشی: بەرزبوونەوەكە بەشێوەیەك بوو، تەنیا لە یەك ڕۆژدا نرخی تەبەقی هێلكە بۆ 8 هەزار دینار بەرزبووەوە، كە پێشتر نرخەكەی تەنیا چوار هەزار بوو.

ئەو بازرگانە باسی لەوەش كرد، كە ئێستا خواستێكی زۆر لەسەر هێلكە هەیە، بۆیە رۆژ بەرۆژ نرخەكەی لەبازاڕەكانی عێراق زیاتر دەبێت‌و تەنانەت رۆژ هەیە، هێلكە لەبازاڕەكان بەهۆی گرانی نرخەكەی دەست ناكەوێت.

دوكاندارێكی ناوچەی كەرادەی بەغداش باس لەگرانی نرخی نەوت دەكات‌و دەڵێت: بەم دواییانە یەك كارتۆن هێلكەم كڕیوە بە نرخی گشتی 78 هەزار دینار، كە 12 تەبەقی تێدایەو نرخی هەر تەبەقێك 6500 دینار دەكەوێت.

هەروەها دەڵێت: هەندێك كەس سەرسامن بە نرخی نوێی هێلكە و كڕینی ڕەتدەكەنەوە، هەر كە گوێیان لە نرخەكە بوو گلەیی دەكەن‌و شوێنی كڕینەكە جێدەهێڵن.

لەسەر گرانبوونی نرخی هێلكەش وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هۆشداریداوە، بەتایبەتی بەو كەسانەی بازرگانی‌و قاچاغچێتی بەهێلكەوە دەكەن.

لەو بارەوە حەمید ئەلنایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخی هێلكە بەم شێوەیە، بۆ پێشبینی بازاڕ و قۆرخكاریی بازرگانەكان دەگەڕێتەوە.

حەمید ئەلنایف راشیگەیاند، وەزارەت سەرجەم بەرهەمهێنەرانی پەلەوەرو هێلكەی لەناوخۆ ئاگاداركردووەتەوە، كە نابێت لەو نرخەی بۆیان دیاریكراوە، هێلكە بفرۆشن.

لەمانگی تەموز حكومەتی عێراق بڕیاریدا هاوردەكردنی هێلكە لەتوركیاوە قەدەغە بكرێت، كە عێراق لە سەدا 85ی بەرهەمی هێلكەی توركیا هاوردە دەكات.

ئەو بڕیارەش زیانی گەورەی بە كەرتی پەلەوەری توركیادا و دوای بڕیارەكەش كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان كارەكانیان چڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی زیاتر بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا