سوننەكانی سەڵاحەدین بەدەست میلیشیاكانەوە دەناڵێنن

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانی عێراق هیوا دەخوازێت پڕۆژە نوێكەی هۆكاربێت بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری وڵات و یەكخستنەوەی چەك لەژێر ئاڵای خۆیدا، میلیشیا شیعەكان هەڵدەستن بە گۆڕینی دۆخی وڵاتەكە لەبەرژەوەندی خۆیان و ئێران، ئەمەش لەو رووەوە ترسی دروستكردووە، كە میلیشیاكان دەسەڵاتی تەواوەتی و یەكلایەنەی وڵات بگرنەدەست.

میلیشیا شیعەكانی عێراق، كە سەر بە ئێرانن، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەی بە ئامانجی ئابووری لە پارێزگای سەڵاحەدین پێیهەڵدەسن، دووبارە دوو هێرشی نوێیان ئەنجامداوە، كە تێیدا دوو كەس كوژران و چواری دیكەش بریندار بوون.

سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق و چەند شایەتحاڵێك رایانگەیاند، ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، هێزێكی چەكدار هەڵیكوتاوەتە سەر گوندی مەزاریعی سەر بەناحیەی یەسرەب لە سەڵاحەدین، هێرشەكە ماڵێكی كاول كردووە و دوو براش كوژراون، كە لەناو ماڵەكەدا بوون، هاوكات دوو ژن و دوو پیاوی دیكەشیان بریندار كردووە، بەچەند سەعاتێك دوای ئەو رووداوە، لەلایەن هێزی چەكداری دیكەوە هەمان گوند رووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بووەتەوە و ژمارەیەك كەسی دیكە بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، دانیشتووانی ناوچەكە دەزانن ئەو هێزە چەكدارە كامەیە، كە كاری كوشتن و هەڕەشەی ئاشكرا بەرامبەر بەو خێزانە سوننانە دەكات، كە رەتیدەكەنەوە ناوچەكانیان لە گوندی مەزاریع بەجێبهێڵن.

یەكێك لە شایەتحاڵەكان باسی لەوە كردووە، راسم ساڵح و مەهدی ساڵح ئەو دوو برایەی بە دەستی میلیشیاكان كوژران، لەو دانیشتووانە سوننە مەزهەبانە بوون، كە رەتیان دەكردەوە گوندی مەزاریع بەجێبهێڵن.

نزیكەی دوو هەفتە بەر لە ئێستا، رووداوێكی هاوشێوە لە ناوچەیەكی نزیك لەو گوندە روویدا

نزیكەی دوو هەفتە بەر لە ئێستا، رووداوێكی هاوشێوە لە ناوچەیەكی نزیك لەو گوندە روویدا، كاتێك میلیشیا شیعەكان هێرشیان كردە سەر گوندی فەرحاتییەی سوننی و ١٢ كەسیان رفاند و كوشت.

ئەوەبوو دانیشتووانی فەرحاتیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ میلیشیا چەكدارەكانی ئەهلی حەق بە سەركردایەتی قەیس خەزعەلی درێژكرد، كە بەشێوەیەكی فەرمی دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكەدا گرتووە بەوپێیەی لە هێزەكانی حەشدی شەعبین.

دانیشتوانی گوندەكە باسیان لەوەشكرد، هەموو ئەو كەسانە دەناسن، كە هێرشیان كردووەتە سەر گوندەكەیان و سەر بە میلیشیای خەزعەلین، كە ئەمریكا ناوی خستووەتە لیستی سزاكانەوە بەهۆی پێشێلكارییەكانی بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ.

دانیشتوانی گوندەكە باسیان لەوەشكرد، هەموو ئەو كەسانە دەناسن، كە هێرشیان كردووەتە سەر گوندەكەیان

سەرچاوە ئەمنییەكانیش دەڵێن: دانیشتووانی گوندی مەزاریعیش ئەو هێزە دەناسنەوە، كە هێرشی كردووەتە سەریان و سەر بە هەمان میلیشیای فەرحاتیەن.

بەڵام ئەمجارە، شایەتحاڵەكان رەتیان كردەوە بەشێوەی فەرمی لێدوان بدەن و چەكدارانی ئەهلی حەق بە هێرشەكە تۆمەتبار بكەن، لە ترسی ئەوەی دوایان بكەون، ئەوان دەڵێن: میلیشیا چەكدارەكان دوای زانیاری چەند دانیشتووانێكی فەرحاتیە كەوتوون، كە وتەیان دژی میلیشیاكان لێوەرگیراوە، دواتر لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە لە ماڵەكانیان بەزۆر دەركراون.

سەرباری زەوییە بەپیتەكەی، گوندی مەزاریع لە ناحییەی یەسرەب ژمارەیەك بیرە نەوتی تێدایە، كە سەرچاوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو بیرانە لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی حكومەتی ناوەندن لە بەغدا.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان، میلیشیای خەزعەلی بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند میلیشیایەكی دیكە وردە وردە نفوزی خۆیان لەناوچەكەدا دەسەپێنن و رۆژانە نزیكەی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.

میلیشیای خەزعەلی بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند میلیشیایەكی دیكە وردە وردە نفوزی خۆیان لەناوچەكەدا دەسەپێنن

سەرچاوەكە ئاماژە بەوەش دەكات، میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران بەشێوەیەكی نیمچە ئاشكرا لەو ناوچانە كاری دەرهێنانی نەوت ئەنجام دەدەن و پاشان بەڕێگای جیاجیا قاچاخچێتییان پێوە دەكەن، بەشێك لەو بەرمیلە نەوتانە دەنێررێنە توركیا و بەشێكی دیكەیان دەنێررێنە ئێران، بەشێكیشیان لەگەڵ نەوتی ئێراندا تێكەڵ دەكرێن و بە ناوی نەوتی عێراقییەوە قاچاخچێتییان پێوە دەكرێت.

بەشێك لە چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن، رووداوەكەی فەرحاتیە و دەستگیر نەكردنی تاوانبارانی رووداوەكە دەرگای بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوە لە چوارچێوەی پاكتاوكردنی خێڵەكی كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سەڵاحەدین جێبەجێی دەكەن كردووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، سزاكانی ئەمریكا بۆ ئەو میلیشیایانە نەبووە هۆی ئەوەی كاریگەری لەسەر جوڵەیان دابنێت، بەڵكو ورەی زیاتری پێدان چونكە بۆیان دەركەوت ئەمریكا نایەوێت بچێتە قوڵایی دۆسیەی عێراقەوە، ئەو هێرشەشی كە لە سەرەتای كانونی دووەمی ئەمساڵ كردیانە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا بەرامبەر ئێران جێبەجێیان كرد نەك میلیشیاكانی عێراق.

سەرباری سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ماڵی قوربانیانی فەرحاتیە و پەیمانەكەی بۆ دادگایی كردنی تاوانباران، هاوكات، لەدوای راگەیاندنەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لەهێرشەكان، بەڵام تا ئێستا دەزگا ئەمنییەكان هیچ تێوەگلاوێكیان دەست بەسەر نەكردووە و هیچ زانیارییەكیشیان لەسەر بەدواداچوونەكانیان بڵاونەكردووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا