وێڕای ئەوەی هەموو سوكایەتی و بێڕێزیەك بەرامبەر بە بەها پیرۆزەكانمان رەتدەكەینەوە، دەبێ ئیمەی موسلمان ئاگادارتر بین لەوەی بكەوینە ناو پیلان و داوی ئەو جۆرە كەس و لایەنانەی گرتن و كوشتن و لە ناو بردنی كوردی موسلمان بە جیهاد و ئەركی سەرشانیان دەزانن، نمونەی قاعیدە ، ئەردۆگان و داعش.
هەندێ راستی هەیە پێویستە لە بەر چاویان بگرین:
– ئیمە ناتوانین رۆژئاوا ناچار بكەین وەك خۆمان بیربكاتەوە.
-پێویستە بە دیالۆگ هەوڵی گەیاندنی پەیامی خۆمان بدەین و راستیەكانمان بسەلمێنین،
سەبارەت بە كۆماری فەڕنسا وێڕای جیاوازیەكانمان دەبێ لە بیری نەكەین:
– لە بەرامبەر ئەو دەوڵەتەی كیمیاباران، ئەنفالی كردین و سەدان مزگەوت و هەزاران قوڕئانی پیرۆزی سوتاند ساڵی ١٩٩١ هاتە دەنگ و بە پێشنیاری فەڕەنسا ئەنجومەنی ئاسایش گەلی كوردستان و مزگەوت و پەیامی پێغەمبەر لە لە ناوبردن و سوتاندن پاراست.
_ دوای ریفراندۆم دەوڵەتە موسلمانەكانی توركیا، ئێران و عێڕاق كۆك و هاودەنگ بوون لەسەر لەناوبردنی قەوارەی كوردستان، بەڵام سەرۆك ماكڕۆن هاتە دەنگ و بە پێشوازی كردنی لە سەرۆكایەتی حكومەت گەورەترین پەیامی پشگیری بۆ گەلی كوردستان بە هەموو لایەك گەیاند.
-كاتێك تڕامپ گلۆپی سەوزی بۆ ئەردۆگانی بە ناو موسلمان هەڵكرد تا رۆژئاوا داگیر بكا و ئەوەندە مافەش لە كوردان بسەنێتەوە كە بە خەبات و رووبارێك خوێن بە دەستیان هینا بوو، دیسان كۆماری فەڕەنسا فریاكەوت.
با بێین بەراوردێكی ئەو چاكانەی فەڕەنسا لەگەڵ چاكەكانی هەموو ولاتە برا مووسلمانەكانمان بكەین، ئینجا بڕیار بدەین !
ئارێز عەبدوڵڵا