هاوپەیمانییەك نەخشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق دەگۆڕێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
هاتنە كایەی هاوپەیمانییە سوننییە نوێكەی عێراق بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، مشتومڕی لەناو هێزە سیاسییە عێرقییەكاندا دروست كردووە بەتایبەت، كە لە ئێستادا خۆی ئامادە دەكات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

رۆژی یەكشەممە ٢٦ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، هاوپەیمانییەكی نوێی سوننی راگەیەنرا، ئوسامە نوجێفی وەك سەرۆكی هاوپەیمانییەكە دیاریكرا و چاوەڕوان دەكرێت هاوپەیمانییەكە لە ٣١ ئەندام پەرلەمان و كەسایەتی دیكەی دەرەوەی پەرلەمان پێكبێت، كە وا دەكات ببێتە یەكێك لە گەورەترین فراكسیۆنە سوننییەكان، كە تا ئێستا هەن.

 

هاوپەیمانییە سوننییە نوێكەی عێراق مشتومڕی لەناو هێزە سیاسییە كاندا دروست كردووە

دوای راگەیاندنی هاوپەیمانییەكە، بەزوویی ناكۆكی لە بەرە نوێكەدا دەركەوت، لەنێوان مشعان جەبوری ئەندامی پارێزگای سەڵاحەدین و ئەحمەد جەبوری پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و جێگری ئێستای پارێزگاكە لەگەڵ دووانی دیكە لە سەركردە گەورەكانی ناو بەرەكە.

 

لای خۆیەوە دهام جەبوری شیكەرەوەی سیاسی دەڵێت: ئەم هاوپەیمانییە نوێیە بە ئامانجی لەسەر كار لابردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی عێراق پێكهێنراوە.

باسی لەوەشكرد، سوننەكان لەڕووی ناوچەییەوە دابەش بوون، بەنموونە سوننەكانی پارێزگای ئەنبار لایەنگری حەلبوسین و سوننەكانی كەركوك خەمیس خەنجەر سەركردەیانە، لە ئێستاشدا سوننەكانی موسڵ لەلایەن نوجێفییەوە سەركردایەتی دەكرێن، هەرچی سوننەی سەڵاحەدین و دیالەشە بەسەر سێ لیستەكەدا دابەش دەبن.

 

دوای راگەیاندنی هاوپەیمانییەكە، بەزوویی ناكۆكی لە بەرە نوێكەدا دەركەوت

 

بەپێی قسەی دهام جەبوری، فراكسیۆنەكەی نوجێفی لەهێزی فراكسیۆنەكەی خەمیس خەنجەر دەخوات بەتایبەتی لەدوای ئەو ناڕەزایەتییانەی نوێنەرانی سوننە لەسەر پەیوەندی خەنجەر لەگەڵ میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران دەریانبڕی.

لەلایەكی دیكەوە، مونعیم زەنون شیكەرەوەی سیاسی باس لەوە دەكات، نوجێفی بەوە ناسراوە لەبەرەیەكی جیاوازترە لە بەرەكانی حەلبوسی و خەنجەر وەكچۆن پەیوەندییە هەرێمییەكانیشی لەوان جیاوازترە.

زەنون دەڵێت: خەمیس خەنجەر لەگەڵ قەتەڕ پەیوەندی هەیە كە بەوە ناسراوە لەگەڵ توركیا و ئێران پەیوەندی پتەوی هەیە، بەڵام نوجێفی لەگەڵ توركیادا پەیوەندی هەیە و حەلبوسیش بە پەیوەندییە عەرەبییە هەرێمییەكان ناسراوە.

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی الحرە، نوجێفی یەكێكە لە بەهێزترین سەركردە سوننیەكانی عێراق، كە لە ماوەیەكی سەختدا پەرلەمانی وڵاتەكەی بەڕێوەبردووە، لە قۆناغێكدا، ناكۆكییەكانی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عێراق لە لوتكەدا بوو.

هەتا ئێستا فراكسیۆنەكەی نوجێفی تەنیا لەلایەن یەك فراكسیۆنی شیعەوە پیرۆزبایی پێگەیشتووە ئەویش فراكسیۆنەكەی عەمار حەكیمە، كە بە پاڵپشتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا عێراق دادەنرێت، لەكاتێكدا فراكسیۆنە شیعەكان كە دژی ئەون بەنمونەش فراكسیۆنی فەتح بە بێ هەڵوێست ماونەتەوە.

 

نوجێفی یەكێكە لە بەهێزترین سەركردە سوننیەكانی عێراق

 

یەكێكی دیكە لە شیكەرەوە سیاسییەكانی عێراق دەڵێت: فراكسیۆنە سوننییەكان بەپێی دۆخی ئێران دابەش دەبن، هەتا پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكانی عێراق ئاڵۆزتر ببن، دابەش بوونەكانیش زیاتر دەبن، بە هەمان شێوەش دەبێت ئەگەر فشاری سزادانەكانی ئەمریكا لەسەر تاران زیاد بكات.

چەند رۆژێكە ئوسامە نەجیفی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، كە یەكێكە لە دیارترین هاوپەیمانانی توركیا، هەوڵ دەدات بۆ لابردنی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و بێبەشكردنی لەمافەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە بڕیارە لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت، كە سەرۆكی دەستەی یاسادانانەو بڕیارەكانی رەنگە رۆڵێكی یەكلاكەرەوە لە نەخشەی دەنگدانی پێشبینیكراو بگێڕێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا