میلیشیاكان لەپشت تێكدانی خۆپیشاندانەكانەوەن

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
سەرباری ئەوەی حكومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی ئەمنی وڵاتەكە پەیمانیاندا بەخۆپیشاندەران خۆپیشاندانێكی ئارام و بێچەك بەڕێوەبچێت، هاوكات جەختییان لەخۆپیشاندەران كردەوە لەوەی بەشێوەیەكی ئاشتییانە خۆپیشاندان بكەن و پەنا نەبەنە بەر كەرەستەی توندوتیژی، كەچی دوو رۆژی رابردوو چەندین چالاكوان و خۆپیشاندەر برینداربوون و چەند لایەنێكی ئەمنیش بەهۆی هەڵدانی بۆمبی مۆلۆتۆڤ لەلایەن كەسانی تێكدەرەوە سوتێنران و هەندێكیان لە دۆخی مەترسیداردان.

لەم دوو رۆژەی دواییدا، خۆپیشاندەران نازناوی “تێكدەر” یاخود “مندسین”یان خستەپاڵ ئەو لایەنانەی، كە هەستان بە كاری توندوتیژی و رایانگەیاند، ئەو كەسانەی هەوڵی دەستوەردان‌و تێكدانی خۆپیشاندانەكەیان داوە، ئەندامانی میلیشیاكانی سەر بەئێران و لایەنگرانی حیزبەكان بوون بەتایبەت لە بەغدا.

خۆپیشاندەران دەڵێن: ئەو كەسانە چەندین دیمەنی توندوتیژییان نیشانداوە لەوانەش لێدانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەڕێی بۆمبی مۆنۆلۆڤەوە لەسەر پردی كۆماری و لە نزیك گەراجی عەلاوی و سەرەتای شەقامی رەشید، هاوكات، تانەیان لەزۆرێك لە چالاكوانە ژنەكان داوە و دەستەواژەی نەشیاویان بەرانبەریان بەكار‌هێناوە بەجۆرێك بەشێكی زۆر لەو چالاكوانانەیان ناچاركردووەو لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان بكشێنەوە، بە دیمەنێك كە پێشتر لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا نەبینراوە.

ئەو “تێكدەرانە” سەر بە لایەنە چەكدارەكانن لە دیارترینیشیان چەكدارانی حیزبوڵڵا و بزوتنەوەی نەجیبا‌و و میلیشیاكان

چەند سەرچاوەیەك لەخۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر باس لەوە دەكەن، ئەو “تێكدەرانە” سەر بە لایەنە چەكدارەكانن لە دیارترینیشیان چەكدارانی حیزبوڵڵا و بزوتنەوەی نەجیبا‌و و میلیشیاكان، لەگەڵ چەندین ئەندامی رەوتی سەدر، دەشڵێن: دەستوەردانی لایەنگرانی سەدر لەدوای تویتەكەی موقتەدا سەدر زیاتری كردووە، كە رۆژی یەكشەممە بڵاویكردەوە و تێیدا خۆپیشاندەرانی بەوە تۆمەتبار كرد، كە پەیوەندییان لەگەڵ دەستی دەرەكی و توندوتیژی هەیە و داوای لەحكومەت كرد دژیان بوەستێت.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكرد، ژمارەی ئەو “تێكدەرانە” هەتا بەیانی دوێنێ ٢٦ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ بە سەدان كەس هەژماردەكران، كە لەنێوان گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری و سەرەتای شەقامی رەشید و باشووری شەقامی سەعدون بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبووبوونەوە، دەشڵێن: ئەو كەسانە هەڵدەستان بە رێگریكردن و دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم هەر كۆبوونەوەیەكی هەماهەنگانەی خۆپیشاندەران و كاریگەری دروستكردن لەسەر كۆبوونەوەكانیان لەناو گۆڕەپانی تەحریر، ئەو گۆڕەپانەی تێیدا خۆپیشاندەران هەڵدەستن بە دروستكردنی هەماهەنگی هەوڵەكانیان و دەركردنی بەیاننامە و داڕشتنەوەی دروشم و ئامانجە داواكراوەكانی ئەم قۆناغە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە كرد، شەوی یەكشەممە جوڵەی ئەو كۆمەڵە “تێكدەرانە” گەیشتووە بە قۆناغێك خێمەی خۆپیشاندەرانیان سوتاندووە “خێمەی رۆڵەكانی عێراق”، بەیانی رۆژی دواتریش، شەڕ و پێكدادانیان لەگەڵ ژمارەیەك خۆپیشاندەر و چالاكوان ئەنجامداوە كە لەسەر ئاستی خۆپیشاندانەكان كەسی دیاری بەغدا بوون.

سەرچاوەكان بەوە كۆتاییان بە قسەكانیان ‌هێنا، لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا خۆپیشاندەران لە ناوەوەی خۆپیشاندانەكان رووبەڕووی سەركوتكردن بوونەتەوە نەك لەدەرەوەی خۆپیشاندانەكان ئەوەش لە بوونی دەستی میلیشیاكان دڵنیامان دەكاتەوە، دەشڵێن: بەهۆی ئەو سەركوتكردنە ناوەكییانەوە و دوای دژایەتی كردنی تویتەكەی موقتەدا سەدر دووان لە چالاكووانەكان بە چەقۆ بریندار كراون.

خۆپیشاندەران چەك بەدەست نین و نایانەوێت كێشە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دروست بكەن

لای خۆیەوە، عەمار نەعیمی چالاكوان و خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر جەختی لەوە كردەوە، خۆپیشاندەران چەك بەدەست نین و نایانەوێت كێشە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دروست بكەن و دەیانەوێت خۆپیشاندانی ئاشتیانە بكەن، دەشڵێت: زیاتر لە ٪٣٠ خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر كەسانی “تێكدەر”ن، كە سەر بە میلیشیا چەكدارەكان و رەوتی سەدرن.

نەعیمی ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا توڕەیی گۆڕەپانی تەحریری تەنیوەو خۆپیشاندەران خۆیان ئامادە دەكەن رۆژی چوارشەممە ٢٨ی تشرینی یەكەم چلاكییەكی جەماوەری بۆ یادی شەهید بوونی سەفا سەرای چالاكوان و خۆپیشاندەری بەناوبانگ، كە لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو كوژرا ساز بكەن.

دەشڵێت: ئەم چالاكییە لەپێناو رێكخستنەوەی ریزەكانی خۆپیشاندەران و كار كردن لەسەر پلانی داهاتوو رێكدەخرێت ئامانج لێی سنورداركردنی لایەنە بەكرێگیراوەكانە لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان و كەمكردنەوەی قوربانییەكانی ئەم جۆرە رادەربڕینانەیە لە داهاتوودا.

لای خۆیەوە ئەیهەم رەشاد ئەندامی حزبی شیوعی عێراق رایگەیاند، میلیشیاكان لەڕێی بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەكان و ناچاركردن و هاندانیان بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران دەیانەوێت تۆڵە لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكەنەوە، تا لەلای خۆپیشاندەران كازمی بڕوخێنن، ئەمەش پلانێكی زیرەكانەی میلیشیاكانە بەڵام لەلای خۆپیشاندەران دركپێكراو و ئاشكرایە، بۆیە خۆپیشاندەران بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ ئەو “تێكدەرانە” دەكەن و هەوڵ دەدەن لە خۆیانیان دووربخەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا