پۆڵه‌تیك پرێس
كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌رده‌وامه و تائێستا رێككه‌وتن له‌سه‌ر بازنه‌كانى كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا نه‌كراوه، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت رێگه ناده‌ین هیچ لایه‌نێكى سیاسى غه‌در له ناوچه دابڕێنراوه‌كان بكات.
جوان ئیحسان سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “تا ئێستا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كورسییه‌كانى كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا نه‌گه‌شتوونه‌ته رێككه‌وتن ره‌نگه ئه‌مشه‌و نه‌گه‌نه رێككه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆ كاتێكى دیكه دوابخرێت”.
سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، “به‌شێكى زۆر له فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان و حزبه سیاسییه‌كانی كه‌ركوك ده‌یانه‌وێت زۆرترین كورسى به‌ده‌ست بهێنن به ئاسانترین شێوه، ئێمه‌ش نامانه‌وێت ئه‌وه له‌سه‌ر حسابى كورد له ناوچه دابڕێنراوه‌كان بێت چونكه ئه‌و ناوچانه چه‌ندین جار غه‌دریان لێكراوه به‌وه‌ى نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ئێستاش دیسان زوڵمیان لێبكرێته‌وه له كورسییه‌كانى هه‌ڵبژاردندا ئێمه رێگه به‌وه ناده‌ین”.
جوان ئیحسان ئاشكراشیكرد، هه‌موو ئه‌و لایه‌نه سیاسییه كوردییانه‌ى كورسییان هه‌یه له په‌رله‌مانى عێراق كۆده‌نگیه‌كى باش ده‌بینرێت به‌رامبه‌ر به ناوچه دابڕێنراوه‌كان.