فەرەنسا و موسڵمانەكانی: سەرنجێكی كورت لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و تێرۆر

فەرەنسا وڵاتی نزیكەی ٦ ملیۆن موسڵمانە لە كۆی نزیكەی ٦٧ ملیۆن، ئەمەش مانای ئەوەیە نزیكەی ٩% دانیشتوانی ئەو وڵاتە موسڵمانن. ئەم ژمارە لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەھا مزگەوت و ڕێكخراو و ناوەندیی دینیی و نادینین. زۆرینەی ھەرەزۆری ئەم موسڵمانانە وەك كۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە و لە ساڵانی شەستەوە بە ژمارەی گەورە لەو وڵاتەدا جێگیربوون، موسڵمانەكانی فەرەنسا سەر بە شوێن و جێی جیاوازن، ھەیانە عەرەب، ھەیانە تورك و فارس و كورد ھتد… لەو ٦ ملیۆن موسڵمانە تەنھا نزیكەی ٤٠% ڕۆژانە نوێژ دەكەن، تەنھا ٢٣% دەچنە نوێژی جەماعەت لە ڕۆژی ھەینیدا. ژمارەی ئەو موسڵمانانەش كە مەشروبخۆرن ڕێژەیان ٣٤%. ئەم لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەھا مزگەوت و ڕێكخراو و ناوەندیی دینیی و نادینیی ھەمەجۆرن. لەناو ئەم گشتە ئاڵۆزەدا كەسانێكیان ھەن وەزیر و پرۆفیسۆری زانكۆ و ھونەرمەند و وەرزشەوان و گۆرانیبێژ و نووسەری گەورەن و لەناوە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتەن، زۆرینەی ئەو موسڵمانانە كەسانێكی بێوەین و خەریكی كاركردن و باشتركردنی ژیانی خۆیان ماڵ و منداڵەكانیانن، ھەشیانە جیھادیست و تێرۆریستن و كاری سەرەكییان كوشتن و وێرانكردنە.

لە ساڵانی نەوەدەوە، چ لە فەرەنسادا و چ لە زۆرێك لە وڵاتە ئەوروپییەكانی تردا، شەپۆلێك لە سەلەفیەت لەناو موسڵمانانی كۆچبەردا بڵاوبۆتەوە، كە لە زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا بە ”ئیسلامی پێترۆ دۆلار“، واتە ”ئیسلامی دۆلاری نەوت“، ناودەبرێت. ئەم ئیسلامە ئیسلامی ”وەھابیی سەلەفیی“ سعودی و وڵاتانی خەلیجە، كە لەڕێگای دۆلاری زۆری نەوتەوە بە جیھاندا بڵاوكراوەتەوە. باڵێكی ئەم ئیسلامە سەلەفییە بە ”سەلەفیەتی جیھادیی“ ناودەبرێت كە ڕێكخراوەكانی وەك ئەل قاعیدە و داعش و چەندانی تر نوێنەرایەتی دەكەن. ئەوەی لەناو ئەوروپادا لە تێرۆر و كوشتن و وێرانكردن بەرپرسە، ، ئەم بەشە سەلەفییە جیھادییەی ئیسلامە. ئەمانە نوخبەیەكن لە گەنجانی ئەو وڵاتانە و وەك سەلەفییەكی توندڕەویی جیھادیی خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام دەزانن و بەناوی ئەم نوێنەرایەتیكردنەشەوە ئەوەی بەڕاستی دەزانن، ئەنجامیئەدەن. ئەمانە نەك تەنھا دژ بە سیستمی عەلمانی فەرەنسیی و دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییە تاكەكەسیی و دەستەجەمعییەكانی تری ناو كۆمەڵگای فەرەنسین، بەڵكو دژ بە سەرجەمی ئەو فۆرمانەی تری ئیسلامیشن كە لەگەڵ دیدە سەلەفییە جیھادییە داخراوەكەی ئەواندا ناگونجێت. لەڕووی فیكریەوە زۆرینەی ئەمانە منداڵەكانی سەید قوتبن. وەكچۆن سەید قوتب لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیستەمدا جیھانی سەردەمەكەی خۆی بە ”جاھیلیەتێكی نوێ“ دەزانی، بە خودی كۆمەڵگا ئیسلامییەكانەوە وەك بەشێك لەو جاھیلیەتە، ئەم نەوە تازانەی سەلەفیەتی جیھادیش ھەمان دیدی سەید قوتبیان ھەڵگرتوە و ھەموو جیھان بە ”جیھانێكی جاھیلیی“ دەزانن. خۆشیان وەك جەنگاوەێكی جیھادیی دژ بەم ”جاھیلیەتە تازە“ وێنادەكەن. زۆرینەی ئەمانە كەسانێكن لە پەراوێزیی كۆمەڵگای فەرەنسیدا و لەو ژینگانەدا دەژین كە پڕە لە بێئیشیی و توڕەیی و بێمتمانەیی و تاوان و دزیی و یاساشكێنیی. ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە فەرەنسا ڕوویدا لەناو ئەم وێنە گشتییەدا ڕوویدا. سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە ڕووداوی ناو ئەو ژینگە دینیی و كۆمەڵایەتییە كە لەسەرەوە باسمكرد.

ئەو كەسەی مامۆستاكەی سەربڕیی بە ڕەچەڵەل شیشانیە و تەمەنی ١٨ ساڵە. ئەم كوڕە لە تەمەنی ٦ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا بەرەو فەرەنسا ڕادەكەن و لەوێ دەبن بە پەنابەر و نیشتەجێدەبن. مامۆستا فەرنسییەكە مامۆستای مێژو و جوگرافیا بووە و لە پۆلەكانیدا ھەندێك منداڵی خێزانە موسڵمانەكانی ھەبووە. ئەم مامۆستایە ساڵانە كۆمەڵە وانەیەكی لەسەر ”ھاوڵاتیبوون“ گوتۆتەوە. ”ئازادی ڕادەربڕین“یش یەكێك بووە لەو بابەتانەی بۆ قوتابییەكان باسیكردوە و گرنگیی پێداوە. لە وانەیەكیدا لەسەر ئەم بابەتە ئەو وێنە كاریكاتۆریانەی نیشانداوە كە گۆڤاری شارلی ھێبدۆ، Charlie Hebdo، لەسەر پێغەمبەری موسڵمامان بڵاویكردبووەوە. باوكی یەكێك لە خوێندكارە موسڵمانەكان، كە تەمەنی ٤٨ ساڵە، لای پۆلیس و لای ئیدارەی قوتابخانەكە شكات لە مامۆستاكە دەكات، دواییتر گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەسەر ئەو مامۆستایە بڵاودەكاتەوە و بە ”پۆخڵەوات“ ناویدەبات. ناو و ناونیشانی مامۆستاكە لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەكرێتەوە. دوای ماوەیەك ئەو كوڕە شیشانییە پەیدادەبێت، ئەم كوڕە مامۆستاكە ناناسێت، بۆیە لە قوتابخانەكە بڕی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ئێرۆ ئەدات بە دوو خوێندكار بۆئەوەی مامۆستاكەی نیشانبدەن. ئەوانیش پارەكە وەردەگرن و مامۆستاكەی نیشانەئدەن. دواتر كوڕە شیشانیەكە لە یەكێك لە كۆمەڵانەكانی پاریسدا پەلاماری مامۆستاكە ئەدات و سەریدەبڕێت. وێنەی پەلاماردانەكەش دەگرێت و لەسەر تویتەرەكەی خۆی بڵاویدەكاتەوە. ئیسلامییەكی توندڕەوی تریش لەم تاوانەدا بەشداربووە كە پێشوەخت لای پۆلیسی فەرەنسی ناسراوبووە. بە كورتییەكەی ئەوەی ڕوویداوە كارێكی خۆبەخۆ و ھەڵچوونێكی كوتوپڕ نەبووە، بەڵكو ئیشێكی ڕێكخراو و پلان بۆدانراو بووە.

پرسیارەكە ئەوەیە ئەم ڕووداوە چیمان پێدەڵێت؟
بە بۆچونی من ئەم ڕووداوە بە خەڵكی جیاواز شتی جیاواز دەڵێت. ئەوەی ئەم ڕووداوە، بۆ نموونە، بە موسڵمانەكان و بە ئیسلام وەك دینێك دەیڵێت جیاوازە لەوەی بە فەرەنسییەكان و ئەوروپییەكانی دەڵێت. ئەم ڕووداوە پێویستە بە موسڵمانەكان بڵێت كە دینەكەیان ھەڵگری ئەگەری جۆرێك لە تەفیسر و لێكدانەوەیە، كە جگە لە كوشتنی ئینسان و وێرانەكاریی و سوكایەتییكردن بە ژیان، ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤ، شتێكی دیكەی لێ سەوزنابێت. ”سەلەفیەتی جیھادیی“ لە ئاسمانەوە نەكەوتۆتەخوارەوە، كافرەكان دروستیان نەكردوە، لە دەرەوەی جیھانی ئیسلامیدا بەرھەمنەھاتوە، بەڵكو لەناو لێكدانەوە وتەفسیر و تێگەیشتنێكی تایبەتەوە بۆ قورئان و حەدیس و كەلەپوری ئیسلام خۆیەوە ھاتووە. ئینكاركردنی ئەم ڕاستییە سادەیە بەشداربوونە لە دروستكردنی ئەم ھێزە تاریكەدا. ”سەلەفیەتی جیھاندیی“ دەركەوتێكی ھێجگار تاریك و ترسناك و وێرانكەری ئیسلامە، چەندە ڕووی لە كەسانی ناموسڵمانە، ھێندەش ڕووی لەو موسڵمانانەیە كە لە خۆیان ناچن. بنبڕكردنی ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و تەفسیركردنی ئیسلام، ئەركی ژمارە یەكی ھەموو ئەوانەیە خۆیان بە موسڵمان و دیندار دەزانن و لە خەمی دین و پێغەمبەر و خوداكەیاندان. پاكژكردنەوەی ئیسلام لەم ئەگەری تەفسیركردنە تاریكە، كردەیەكی مێژوویی ھێجگار گرنگە و پێویستیی بە عەقڵێكی دینیی كراوە و بە ویژدانێكی ئینسانیی گەشەكردو و بە ڕۆحیەتی ھاریكاریی و بەدەم یەكەوەچوون ھەیە، كە بەداخەوە بەو قیڕەقیڕ و خۆنمایشكردن و ھەڵا و زەنایە دروستنابێت، كە ئێستا لەلایەن ھێزە دینییەكانەوە دەیبینین. زۆرینەی ئەوەی لە كوردستاندا دەیبینین كاردانەوەیەكی دۆگمایی و ترسناكە كە ئاو بە ئاشی ئەم تێگەیشتنە سەلەفیە جیھادییەدا دەكات كە وەك سەرەتانێكی دینیی و فەرھەنگیی، لەگەشەكردندایە.

ھەرچی ئەوروپییەكانە لە پەیوەندیاندا بەم تاوانەوە، جارێكی تر پێ لەسەر كۆمەڵێك پرنسیپ دادەگرن كە بە بنەمای شوناسی سەرەكیی خۆیان و كۆمەڵگاكانیان دەزانن، لەوانەش پرنسیپی ”ئازادیی ڕادەربڕین“ و بەرگریكردن لە ”مەدەنیی“ و ”عەلمانیی“ بوونی دەوڵەتەكەیان، كە لە فانتازیایی زۆرینەیاندا ئەو پرنسیپانە وەك بنەمای دیموكراسیەت كاردەكەن. ھاوكات ھەست بە جۆرێك لە ترس دەكەن كە لەناو كۆمەڵگاكانیاندا دروستبووە و ھەڕەشە لەو بەھاكان و لەو فۆرمانەی ژیانیان دەكات كە بە چەندان سەدە دروستیانكردوە. كاردانەوەكانی سەرۆكی فەرەنسیی و زۆر كاردانەوەی تری سیاسییەكانی ئەووپا لەم ڕەوتەدا دروستدەبێت. بەشێوەیەكی گشتیی دەكرێت لە زۆرێك لە وڵاتە ئەوروپییەكاندا دوو شێوازیی جیاواز لە كاردانەوە لەیەكتری جیابكەینەوە. یەكەمیان كارادانەوەی كەسان و ھێزە ڕاستڕەوەكانە، كە باس سەندنەوەی ڕەگەزنامە و لە دەركردن و گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرە موسڵمانانە دەكەن بۆ وڵاتی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی ئەوان دەیان سالە لەو وڵاتانەدا دەژین و زیاد لە نەوەیەكیان لەو وڵاتانەدا لەدایكبوون. زۆرشیان جگە لە زمانی فەرەنسیی ھیچ زمانێكی تر نازانن. دووھەمیان، كاردانەوەی كەسان و ھێزگەلێكی ترە كە باس لە ڕیشەكێشكردنی ئەو ژینگە كۆمەڵایەتیی و ئابورییە دەكەن كە لەناو پاریسدا منداڵێكی شیشانی پەنابەر، دەگۆڕێت بۆ تێرۆریست و پیاوكوژێك.
بێگومان دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كارە تێرۆریستیانە و بەھێزبوونی زیاتری ئەم شەپۆلە سەلەفییە، لەناو ئەوروپادا دۆخی ژیانی ئەو چەند ملیۆن كۆچبەرە موسڵمانانە تەواو زەحمەت و ناڕەحەتتر دەكات كە لە خەمی دابینكردنی ژیانێكی باشتردان بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵ و كەسوكارەكانیان. لە دەرەوەی ئەوروپاشدا لەشكرێك لە توندڕەو ئامادەدەكات لە دەیەكانی داھاتوودا ژیانی ئەوانەش كە ھێشتا لەدایكنەبوون، وێرانبكەن.

بەگژاچوونەوەی ئەم فۆرمە لە دین و دینداریی، ئەم فۆرمە لە ئیسلامێكی ترسناك، ئەم مۆدێلە تاریكە لە موسڵمانبوون، بەر لەوەی ئەركی كەسێكی نادینیی بێت، ئەركی كەسێك لە دیندا بەدوای شوناسی خۆیدا ئەگەڕێت، ئەركی ھەموو ئەوانەیە كە ئیسلام بەلایانەوە بنەمای شوناس و دونیابینیانە. ئەو ئیسلامەی كە گەنجێكی شیشانی لەناو پاریسدا دەگۆڕێت بۆ پیاوكوژ، ئیسلامێكە لە قەیراندایە، لە قەیرانێكی ھەمەلایەنە و ھەمە ڕەھەندا.

ھەرچی ئازادیی ڕادەربڕینە بەھایەكی گەردونیی ھێجگار گرنگ و بنەڕەتییە و پێویستیی بە پاراستن و بەرگریلێكردنی بەردەوام ھەیە، بەرامبەر ھەموو ئەوانەی بەناوی جیاواز و لەژێر دروشمی جیاوازدا بەگژیدادەچنەوە و دەیانەوێت سنوورداریبكەن. داخستنی دەمی مرۆڤ سڕینەوەی یەكێك لەو ئاكارە ھەرە سەرەكییانەیە، كە مرۆڤ دەكات بە مرۆڤ و لە ئاژەڵەكانی تری جیادەكاتەوە.

 

مەریوان قانع

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا