پۆڵەتیك پرێس
لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو لە تووشبووانی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە، بەخشینی پلازما لەلایەن چاكبووانەوە بەرێژەیەكی كەمە، بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانی دەڵێت رۆژانە چوار یان پێنج كەس دێن بۆ بەخشینی پلازمای خوێن رۆژی واش هەیە كەس نایەت.
كۆچەر ئیبراهیم كەریم بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو هاوڵاتیانەی كۆرۆنایان تێپەڕاندووە بە پەرۆشنین بۆ بەخشینی پلازمای خوێن لە كاتێكدا رێژەی توشبووانی كۆرۆنا رۆژانە لە هەڵكشاندایە، بەڵام رۆژانە تەنها چوار بۆ پێنج كەس دێن بۆ بەخشینی پلازمای خوێن رۆژی واش هەیە كەس نایەت.
كۆچەر ئیبراهیم وتیشی: هیوادارین هاوڵاتیان زیاتر هاوكاری بكەن لە بەخشینی پلازمای خوێندا چونكە لە ئێستادا بانكی خوێن بە گوێرەی پێویست پلازمای تێدانییە.
ئەوەشی خستە روو، بەشێك لە هاوڵاتیان وابیر دەكەنەوە بە بەخشینی پلازما بەرگری لەشیان كەم دەكاتەوە، بەڵام ئەو ئەگەرە دوورە لە راستییەوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا رۆژی 25ی تشرینی یەكەمی 2020، لە پارێزگای سلێمانی 21 هەزار و 108 كەس تووشی كۆرۆنا بوون لەو رێژەیە 11 هەزار و 511 كەسیان چاكبوونەتەوە.
لە دوای سەرهەڵدانی كۆرۆنا و گەشتنی بە هەرێمی كوردستان پێدانی پلازمای كەسانی چاكبووەوە لە كۆرۆنا بۆ كەسانێكی دیكە كە تووشبوون وەك چارەسەرێكی كلاسیكی كاری پێكرا و بەرپرسانی تەندروستیش سەركەوتنی كارەكەیان راگەیاند، كە توانراوە لەم رێگەیەوە ژیانی چەندین كەس رزگاربكرێت.