پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
سێس ج. فرانتزمان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ راپۆرت و شیكردنەوە رایگەیاند، ئاڵۆگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان وا دەكات ئەو هەرێمە ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا لەناوچەكە.
ماڵپەڕی زە هێڵی ئەمریكی بڵاویكردەوە، میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق هەوڵ دەدەن لەڕێی هەڕەشەكانیانەوە بۆ هاوپەیمانانی ئەمریكا لەعێراق بەنموونەش هەرێمی كوردستان، فشار بخەنە سەر ئەمریكا بۆ كشانەوەی تەواوی هێزەكانی لە وڵاتەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەو میلیشیایانە لە ترسی وەڵامدانەوەی ئەمریكا لەهێرشەكانیان بۆ سەر خودی ئەمریكا و هێزەكانیان بوەستن، هێشتا هەر لەبەئامانجگرتنی هاوبەشە كەمینەكانیان، كە لە عێراقدا ماونەتەوە بەتایبەت كوردەكان ناوەستن، چونكە دەیانەوێت لەمڕێیەوە فشار لەسەر واشنتۆن دروست بكەن بۆ جێهێشتنی ناوچەكە، ئەوەش دەبێتە هەلێك بۆ میلیشیاكان تا عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن.
فرانتزمان ئاماژەی بەوەشكرد، بەر لە سێ ساڵ و دوای بەزاندنی رێكخراوی چەكداری داعش، كوردەكان بەشێوەیەكی بەرچاو هەوڵیاندا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن.
وتیشی: وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەوڵە، بەغدا تانكەكانی ناردە كەركوك و هێزەكانی پێشمەرگەی دەركرد، لەو كاتەشدا كوردەكانیان ئاگاداركردەوە لەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەسەڵاتیان بەرەوپێش دەچێت و كەركوك و شەنگال و ناوچەكانی دەورەبەری موسڵ داگیردەكەن.
وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەوڵە، بەغدا تانكەكانی ناردە كەركوك و هێزەكانی پێشمەرگەی دەركرد
فرانتزمان روونیشی كردەوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێزەكانی حەشدی شەعبی بوونە دەوڵەتێك لەناو وڵاتەكە و هەستان بەبڵاوكردنەوەی خاڵەكانی پشكنین و بنكەكانیان لە تەواوی عێراقدا.
بەپێی قسەی فرانزمان، ئیدارەی ترامپ لەڕێی هێرشی ئاسمانی و هەڕەشەكردنەوە سەركەوتووبوو لەرێگریكردن لەو میلیشیایانە، لەلایەكی دیكەوە ئەو میلیشیایانە لەوە دەترسان لە ئەنجامی هێرشەكانیان زیان بەر هێزەكانی ئەمریكا بكەوێت و ئەوەش وەڵامی توندی دۆناڵد ترەمپی لێبكەوێتەوە، بۆیە پەنایان بردە بەر هێرش كردنەسەر هاوبەشانی ئەمریكا لە عێراق.
لەلایەكی دیكەوە ئەو میلیشیایانە لەوە دەترسان لە ئەنجامی هێرشەكانیان زیان بەر هێزەكانی ئەمریكا بكەوێت
هەروەها جەختی لەوەش كردەوە، پێویستە واشنتۆن بەردەوام بێت لە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و وتیشی: فشاری ئەمریكا لەدوای هێرشەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر بووەهۆی ئەوەی لیوای ٣٠ سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی كە كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیەیان دەكرد كە موشەكەكانی لێوە هەڵدرا، بكشێتەوە و خاڵەكانی هەولێر بەجێبهێڵێت.
باسی لەوەشكرد، پێویستە ئەمریكا بەردەوام بێت لە فشار و ئاڵۆگۆڕی زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ هێزە كوردییەكان هەتا هەولێر ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێز لە ناوچەكەدا.
لەماوەی هەفتەی رابردوودا، سەدان لایەنگری هێزەكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و سەرباری بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پۆلیس ئاگریان لە بارەگاكە بەردا.
پێویستە ئەمریكا بەردەوام بێت لە فشار و ئاڵۆگۆڕی زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ هێزە كوردییەكان
لەلایەكی دیكەوە رۆژی شەممە میدیاكانی عێراق لە سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویان كردەوە، بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی ئەو بارهەڵگرانەدا لە پارێزگای بەسڕەی خوارووی عێراق تەقیوەتەوە كە هەڵگری كەلوپەلی بەرژەوەندی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بوو.
لەماوەی رابردووا، بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی میلیشیاكان لە عێراقدا دروستیان كرد بەتایبەت دوای هێرشە یەك لەدوای یەكەكانیان بۆسەر بارەگا و بەرژەوەندییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، ئەمریكا پەنا بباتە بەر هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام و دوور لە هێرشی میلیشیاكان بۆ درێژەدان بە كار و چالاكییەكانی لە ناوچەكە.