هەوڵەکانی کازمی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بە کوێ دەگات؟

عیراقی ئێستا جێی ئومێدی گۆڕانکاریی گەورە نییە، لەبەر ئەو هۆکارە گشتییانە نا کە جیهان بە دەستییەوە گیریان خواردووە، بەڵکو بەهۆی ئەو قەیرانە کەڵەکەبووانە ماندووکەرانەیەوەیە کە هەموو حکومەتی عیراقی کردووە بە لاشەیەکی گەورە و ناتوانرێت بەڕێوە ببریت، بەڵام کازمی کە لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەیەکی کاتی و تا گەیشتنە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە متمانەی پێدراوە، کۆشش دەکات شوێن پەنجەی خۆی دیاریی بکات، هەم بۆئەوەی لە هەڵبژاردن چانسی خۆی تاقی بکاتەوە، هەمیش تموحی هەیە بڵێن لەوانەی پێش خۆی جیاوازترە.

گەشتە دیپلۆماسییەکانیشی دەکرێت وەک هەوڵێک لە ئاستی غەیرە ناوخۆدا دیراسە بکرێت.

سەردانەکانی کازمی بۆ ھەریەک لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیا دوای سەردانەکانی دێت بۆ ئەمریکا و بەدەستھێنانی پاڵپشتی کابینە حکومییەکەی و کەمکردنەوەی ئەو گوشارە زۆرەی لە سەرێتی.

کازمی چەند جۆرە گوشارێکی لەسەرە لەلایەن دژبەرەکانییەوە، ئەویش هێندەی ئەوان گوشاری جۆراوجۆر دەکات تا پێگەی خۆی بەهێز بکات.

بەشێک لە گوشارەکانی بەهێزی دەرەکییەوە بەستۆتەوە، ئەمریکا بەجدی و بە ئاشکرا پشتیوانیی کازمی دەکات و یارمەتیی دەدات کە نەکەوێتە ژێر گوشاری میلیشیاکان و حزبە تەقلیدییەکان و ئەو گروپانەوە کە چاکسازیی و واقیعی ئێستا قبووڵ ناکەن.

کازمی لەم سەردانەیدا بۆ ئەوروپا، دەیەوێت رۆڵی ئەوروپا بەتایبەتی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عیراق ئەکتیڤ بکاتەوە کە لەدوای کۆتاھاتنی جەنگی داعشەوە پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیووە.

دەیەوێت بەرنامەی کاری خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی گروپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی پێگە بۆ حکومەت و گەڕاندنەوەی ھێز و چەک تەنھا بۆ دەستی دەوڵەت، بخاتەڕوو.

بەمەش پاڵپشتیی وڵاتان بەدەستبھێنێت تا لە عیراق سەرمایەگوزاریی بکەن و قازانج بکەن.

سەردانەکەی ئێمانوئێل ماکرۆنیش بۆ عیراق لە چەند مانگی رابردوودا ھەر لەم چوارچێوەیەدا بوو.

حکومەتی عیراق بە ئامادەبوونی کازمی و سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا جاک کاستیکس، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ھاوئاهەنگییان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گواستنەوە و پەروەردەدا ئیمزاکرد.

جگە لەوەش پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و کارکردنی پێکەوەیی لە بواری ئاسایش و ئابووریی و تەندروستی لایەنێکی دیکەی کاری پێکەوەیی و هاوکاریی نێوانیان دەبێت.

لەم سەردانەی کازمیدا گرنگیدان بە لایەنی ئابووری بە روونی دیار بوو، ھەر لەوەی کە سەرۆکی بانکی ناوەندیی و وەزیری ئابووریی و ژمارەیەک لە گەورە ئابووریناسان ئەندامی شاندە یاوەرەکەی بوون.

لە ئەڵمانیا باسی لە دەستپێکی ھەنگاوی دووەمی پلانەکەی کرد کە ئەویش باشکردنی کەرتی وزەیە بە ھاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان، ھەروەک چۆن داوای ھاوکاریی کرد بۆ ھەڵبژاردنێکی بێگەرد.

لە رووی کێشە ھەرێمییەکان و فراوانبوونەوەی رۆڵی ئێران و تورکیا لە عیراق و کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکان و هێنانە سەرخەتی یەکێتی ئەوروپا دژی ئەو سنوور شکاندنانە، کازمی چاوی لە ھاوکاریی و رۆڵی فەرەنسا و ئەڵمانیایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ھەژموونە بە تایبەتی کە پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێوان تورکیا و فەرەنساوە لەسەر گرفتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەستێوەردانی تورکیا لە دوور و نزیکی ناوچەکەوە هەیە.

ناکۆکیی ئێران و ئەڵمانیا لەسەر سوریا و بەرنامە ئەتۆمییەکەش خاڵێکی دیکەیە و لەم رووەشەوە ھەوڵی راگرتنی هاوسەنگیی و کەمکردنەوەی ھەژموونی ئەو دوو وڵاتە دەدات لەسەر عیراق.

گرنگترین ھەوڵەکانی کازمی دەرکردنی عیراقە لە لیستی خەتەرناکترین وڵات بۆ سپیکردنەوەی پارە و ھاوکاریکردنی تیرۆر کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە خراوەتە ناو ئەو لیستەوە، ئەمە لێدانێکی کەمەرشکێن بوو بۆ ئابووریی عیراق.

سەرئەنجام دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە ھیچ لەم ھەوڵانە بەبێ ھاوکاریی و پشتگیریی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عیراق سەرکەوتوو نابێت.

ھەموو لایەک دەبێت گەیشتبێتنە ئەو راستییەی کە کاتی ئەوە هاتووە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هێز و ئیرادە دەستپێبکات.
ئەو ھاوکاریی و پشتگیرییانەی ئێستا روویان لە عیراق کردووە، پێش ریفراندۆم روو لە ھەرێمی کوردستان بوون، بەڵام لەبەر تێوەگلانی ھەرێمەوە لە گەندەڵیی و بێ پلانی، پشتیوانییەکان ئێستا
ھەمووی رووی لە عیراق و حکومەتەکەی کازمییە.

بڵێسە جەبار فەرمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا