داوای گەڕاندنەوەی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس:
لەپەرلەمانی كوردستان هەوڵ بۆ گێڕانەوەی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەدرێت‌و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: لەسەر حكومەتە خزمەتی ئەو توێژە بكات.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2012وە موچەی زیاتر لە 20 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی بڕیوەو لەئێستادا لەپەرلەمانی كوردستانەوە كار بۆ گێڕانەوەی موچەی ئەو چینە دەكرێت.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ پۆڵەتیك پرێس لەو بارەوە وتی: هەر منداڵ‌و هاووڵاتییەكی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بە زگماك، یان بە ڕووداو كەمئەندام بوو، ئەوە بە پێی‌ ڕاپۆرتی‌ پزیشكی‌ مافی‌ خۆیەتی‌ بڕی‌ 150 هەزار دیناری‌ لەلایەن حكومەتەوە بۆ تەرخان بكرێت بێجگە لەخزمەتگوزاری‌ جیاجیای‌ تر.

عومەر گوڵی وتیشی: لە هەرێمی كوردستان ساڵی‌ (٢٠١٢)ەوە ئەم تەرخانكردنە بەبێ هۆ ڕاگیراوە، ئەمەش سەرپێچیە لەو ماددە یاساییەو بێبەشكردنی‌ ئەو هاووڵاتییانەیە لە سەرەتایترین مافیان، كە بە پێی‌ زانیارییەكانی‌ من زیاتر لە (٢٠) هەزار كەس دەبن.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە حكومەتی هەرێم لە ساڵانی‌ (٢٠١٢ تا ٢٠١٥) كێشەی‌ دارایی‌ نەبووە، هەروەها لەو ساڵانەشەوە تا (٢٠٢٠) زیاتر لە (٢٠) هەزار كەمئەندام لەلیستی‌ هاوكاری‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت دەرهێنراون بە هۆكاری‌ مردن یان پیاچوونەوە یان هەر هۆكارێكی‌ تر وەك سەفەر بۆ هەندەران، واتە بەردەوام ئەو بڕە پارەیەی‌ كە بۆ هاوكارییە كۆمەڵایەتییەكان تەرخان بووە لێی‌ ماوەتەوەو گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، لە جیهاندا پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگاو وڵاتێك بەندە بە دابینكردنی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت و منداڵ و ژنان، بەڵام لە كوردستان ئەم مافە پێشێل دەكرێت.

عومەر گوڵپی هەروەها وتی: بە نووسراوی ژمارە (١٠) لە بەرواری ۲۰ی ۱۰ی ۲۰۲۰، داوامان لەسەرۆكایەتی‌ پەرلەمان كردووە، كە لیژنەی‌ پەیوەندیدار ڕاسپێرن تا بەدواداچوون بۆ ئەم كێشەیە بكەن‌و ئەو خێزانانە ئەو مافە سەرەتاییەی‌ خۆیان دەستبخەن، كە بڕەكەشی‌ زۆر كەمەو تەنها هاوكارییەكی‌ كۆمەڵایەتییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا