گەر ئەمجارە چووینە داڤۆس!

کۆڕبەندی ئابووریی جیهان world economic forum (WEF)ڕێکخراوێکی ئێنجی ئۆیە، قازانجنەویستانە کار دەکات، بنکەکەی لە شاری کۆلۆنگی،جنێڤ-سویسرایە، لە ساڵی ١٩٧١ لەلایەن ئەندازیار و ئابووریناسی ئەڵمانی (کاڵۆس سکاوب)ـەوە دامەزرا، سکاوب لەساڵی ١٩٣٨ لە ئەڵمانیا لە دایك بووە، یەکەم جار ناوی کۆڕبەندی بەرێوەبردنی ئەوروپا بوو. هەموو ساڵێ جارێك لە شارۆچکەی داڤۆس لە بەرزاییەکانی شاخی ئەلپ کۆ دەبێتەوە. بە گشتی داڤۆس ٤٩ جار کۆبووەتەوە، کۆبوونەوەی ٢٠٢٠ ساڵیادی ٥٠ساڵەی داڤۆسە. نزیکەی ٣٠٠٠ سەرکردە و کۆمپانیای جیاواز لە هەموو سەکتەر و ئاستەکاندا لەسەرانسەری جیهاندا کۆدەکاتەوە. جگە لە کۆبوونەوە گشتییەکان، داڤۆس دەرفەتێکی باشە بۆ زۆربەی سەرکردەکان و کۆمپانیاکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەت، ئەمە یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینەوی بیروڕا، بەرهەمهێنان، پەیوەندی ئابووریی و پێشکەوتنی جیاواز. هێزی پاڵنەری سەرەکیی لەپشت دامەزراندن و گەشەکردنی ئەم کۆڕبەندەوە: بەرقەرارکردنی ئاشتی، گەشەسەندن و پێشکەوتن، بازرگانی، بەرهەمهێنان، نزیکردنەوەی گەلان لەیەکتر، جڵەوکردن و نەمانی شەڕ و توندوتیژیی، نەخشەڕێی گشتیی جیهانی بۆ ئارێشە جیهانییەکان و زۆر شتی باشتر…

مانیفێستۆی داڤۆس- ساڵی٢٠٢٠:
ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆڕبەندە چاککردن و باشترکردنی بارودۆخی جیهانە لە ڕێی نزیکخستنەوە و گرێدانی سەرکردەکانی جیهان بۆ ئیشوکار، بازاڕ، ئابووریی، سیاسەت، ئەکادیمیا، گەشەکردنی درێژخایەن، هاندان و ڕەخساندنی بارودۆخێکی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی سەرکردەکان لە پێناو ئاڕاستەکردنی ستراتیژی گەشەکردنی کۆمەڵگا لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیی لە هەموو کایەکاندا لەسەر بناغەی نەخشەڕێیەکی ژیرانەی جیهانی هاوبەش.

بە شێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەی داڤۆسی هەرساڵێک لە ژێر ناونیشانی درووشمێك دەبێت و گفتوگۆی پێویست و هاچەرخ ئەنجام دەدات، یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی ١٩٧١ لەسەر گۆڕانکاریی ئاووهەوا بوو، نەخشەڕێی داڤۆس بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە لە٢١/١ تا ٢٤/١ بەردەوام دەبێت، گفتوگۆیەکی هاوچەرخ و سەردەمیانە دەکات لە سەر گۆڕانکاری جیهان و بەرەو شۆرشی چواری تەکنەڵۆجی وە هەڵسەنگاندنی حەوت لایەنی گرنگ: چۆن گەردوون بپارێزین، ئابوورییەکی یەکسان،کۆمەڵگاو داهاتوی ئیشوکار، بازرگانی باشتر،داهاتوی تەندروستی، تەکنەڵۆجی بۆ باشە و لەو دیوی جێۆپۆلۆتیکەوە. بەگشتی ئامانج لەم هەوڵدانە بۆ باشترکردنی باردۆخی جیهانە بەپێی سەردەم لە هەموو کایە و سەکتەرەکاندا بەهەوڵ و کۆشەشی هەموو دەولاتانی جیهان بەتایبەتی دەولەتە خاوەن هێز وکاریگەرەکان. بەلام واپێ دەچێت تەکنەلۆجیا و گۆڕانکاری جیهان سەرەکییترین بابەتی گفتگۆی کۆربەندەکەبێت.

قسەکەرە سەرەکییەکانی داڤۆس بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کێ بوون:
گریتا تۆنبێرگ، کچێکی سویدیە لەساڵی ٢٠٠٣ لەدایك بووە، چالاكوانی بواری ژینگە و کەشوهەوایە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا. ئەنگلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا. ویننی باینیاما، ژنێکی ئۆگەندی-ئەفەریقییە، لێپسراوی ڕێکخراوێکە لە نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ئیشوکاری ئایدز. دیپیکا پادوکۆنی، کچێکی ئەکتەری هندییە، ڕیکخراوی پێکەنینی زیندووی خۆشەویستی دامەزراند، ئەم کچە تووشی کێشەی ئاڵۆزی مێشک و كێشە دەروونییەکان بوو، ئامانجی هۆشیارکردنەوەی دانیشتوانی هندستان بوو لە کێشەکانی ئاڵۆزکردنی مێشك و دەروون. کریستینا لیگارد، ئافرەتێکی فەڕەنسی بواری سیاسەت و یاسایە، سەرۆکی بانکی ناوەندی یەکێتی ئەورووپایە لە ساڵی ٢٠١٩. مسۆگەر زۆربەی وڵاتان لە ڕێگەی کەسایەتی سەرکردەی لێهاتو و تیمی ئەکادیمی و لێزانەوە بەشداریی دەکەن، هەروڵاتە نەخشەڕێ و پلانی ستراتیژیی خۆی بۆ پێشکەوتن و گەشەی داهاتوو باس دەکات و دەخاتە ڕوو. زۆربەی کەسایەتییە بەشداربووەکانی کۆڕبەندەکە نوێنەر و هەڵبژێردراوی ڕاستەقینەی وڵاتان و کۆمپانیاکانن.
سەرەڕای هەموو ئیشە باشەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێك ڕەخنە لە داڤۆس دەگیرێت. مێژونووسی هۆلەندی ڕۆژەر بریکمان باس لەوە دەکات کە زۆربەی کۆمپانیا بەشداربووەکان بە شێوەیەکی ڕاست و درووست باجی ساڵانەی خۆیان نەداوە، یەکێکی تر لەو ڕەخنانەی کە لەم کۆڕبەندە دەگیرێت بەشداریی زۆری ڕێژەی پیاوانە بە بەراورد بەڕێژەی ژنان، ڕەخنەی زیاتر لەم کۆڕبەندە دەگیرێت دەوترێت زۆربەی ئەو سەرکردە و دەوڵەتە بەهێزانەی وا لێرە کۆ دەبنەوە بەرپرسیاری سەرەکیین لە کێشە و پێکدادانە جیهانییەکان. هەروەك سەرنوسەری گۆڤاری تایمی ئەمەریکی دەڵێت داڤۆس هیچ نییە جگە لە کۆبوونەوەی خێزانی ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆی مایەپوچیی جیهان.

کورد و داڤۆس:
کورد مادام ئەم جارە لە داڤۆس بوو، بۆ لانکەم لە دوو پارچە (باشوور و ڕۆژئاوا)، کەواتە بەشێکە لە سیستەمی ئابووری و ڕامیاریی نوێنی جیهانیی،، بەڵام بۆ لەمەولا: نوێنەری کورد لە داڤۆس ئەبێت کەسایەتی و سەرکردە و تیمێکی پرۆفیشناڵی ڕەسەن و ڕاستەقینەی پاك بن. هەرچەندە کورد دەوڵەت نییە، بەڵام دەتوانێت لە داڤۆس بەشدار بێت. کۆبوونەوەی لەم جۆرانە دەرفەتێکی گەورە بۆ کورد دەڕەخسێنێت لە هەموو بوارەکاندا. تیمی بەشداربووی کورد ئەبێت زۆر دووربین بێت، ستراتیژیانە، ژیرانە، دیبلۆماسیانە بیر بکاتەوە. تیمی کورد ئەگەر هۆشیار و دیبلۆماسی بێت دەکرێت بتوانێت لە کۆبوونەوەی داڤۆس و هاوشێوەی داڤۆسدا پێگەیەکی بەهێز و پڕهەیبەت و سەرکەوتوویان هەبێت.

کورد دەتوانێت لە سەر ئەم بنەمایانە ئاییندەی نەتەوەیی خۆی بینا بکات:
ئابووریی: کرانەوە و درووستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ کۆمپانیا گەورە و ڕەسەنەکانی جیهاندا. خستەنەڕووی دەرفەتی ئیشوکار و بەرهەمهێنان لە کوردستاندا. هاندانی و درووستکردنی دەرفەتی گونجاو بۆ کۆمپانیاکانی جیهان بۆ ئەوەی بێن سەردانی کوردستان بکەن. دەربڕینی ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی ئیشوکار و بازرگانی و بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا.

تەکنەلۆژیی: سەدەی بیستویەك سەدەی شۆرشی تەکنەلۆژیا و داتایە، گۆڕانکارییەکان زۆر بە خێرای ڕوو دەدەن، بەپێی زۆربەی ڵێکۆلینەوەکانی سەردەم گەورەترین هێز و ژێرخانی ئێستا و داهاتوو تەکنەلۆژیا و داتایە، ئەو دەوڵەتانەی خاوەنی باشترین هێزی تەکنەلۆژیا و داتان ئەوا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهاندا پێش دەکەون و سەرکەوتوو دەبن، بە پێچەوانەوە ئەوانەی ئامادەکاری نەکەن بۆ گۆڕانکاری و نەگۆڕێن لە کاروانەکە بەجێ دەمێنێن. تیمی کوردی ئەبێت هەبوونی ژێرخانێکی تەکنەلۆژیی سەردەم بکاتە ستراتیژی سەرەکیی خۆی. هاریکاریکردن و دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ کومپانیا جیهانیەکانی تەکنەلۆژی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ژێرخانی تەکنەلۆژی لە کوردوستاندا.

كۆمەڵگا :مرۆڤی سمارت گەورەترین سەرمایەی هەموو پێشکەوتنەکانە. لە ڕابردوودا بازاڕی جیهان پشتی بەستبوو بە ڕێژەی سامانی مرۆیی بۆ کارکردن، بەڵام پێشکەوتنی بازاڕی جیهان و گۆڕانکارییەکانی سەردەم پێویستی چۆنییەتی هێزی کار و خاوەن بەهرە و زیرەکیی (سمارت). تەکنەلۆژیا و جیهانگیری ئەرك، ئیش وکار، بەرپرسیارێتی و هەڵسوکەوتی سامانی مرۆڤی تەواو گۆڕیوە. ژیانی سمارت، بەڕێوەبردنی سمارت، دەوڵەتداریی سمارت، خۆشبەختی، بەخشندەی، دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بە سامانی مرۆیی سمارت دەکرێت.

تیمی کوردی ئەبێت لایەنی پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیەکان بکەنە یەکێکی تر لە ستراتیژە سەرەکیییەکانی خۆیان لە هەموو کۆبوونەوە جیهانییەکاندا. ئەبێت کۆمەڵێك پرسیار لە خۆیان بکەن: کورد لە ئێستا و داهاتوودا پێویستی بە چ سامانێکی مرۆیی دەبێت؟ چۆن بتوانین ببینە خاوەنی سامانێکی مرۆیی پێشەکەوتوو و دەوڵەمەند و لێهاتوو و بەرهەمێن کە بتوانێت شانبەشانی گۆڕانکارییەکانی جیهان پێش بکەوێت؟ کەی دەست پێ بکەین؟ پرۆسەکە چۆن بکرێت.؟ کێ بیکات؟ …هتد.

جیۆپۆلۆتیك :دیبلۆماسێتی تیمی کوردی ئەبێت زۆر ڕێکخراو و بە پلان و پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی بێت، بۆ ئەوەی توانای ئەوەی هەبێت لە دیبەتی تایبەت بە پێکدادانە لۆکاڵی و جیهانییەکاندا چیرۆکی کوردانە و مۆرۆڤانەی خۆی بە شەهامەتەوە بۆ ئامادەبووان باس بکات. کۆبوونەی لەم شێوازە هەڵکەوتێکی چاک دەرەخسێنێت بۆ پێناسەکردنی بارودۆخی کورد بە جیهان.

پیشەسازیی: مرۆڤ لە سەردەمی جیهانی بەرهەمێهنانی خێرادا دەژی، زۆر گرنگە بۆ تیمی کورد ستراتیجی پیشەسازی هاوچەرخ و سەردەمیانەی هەبێت بۆ هاندانی کۆمپانیاکانی پیشەسازیە جیاوازەکان لە هەموو سەکتەرەکاندا بە تایبەت پیشەسازی تەکنەلۆژی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی بەرهەمێهنانی جیاواز لە کوردوستاندا.

عەلی شێرخان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا