قەیرانی موچە لە عێراق دەتەقێتەوە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

قوسەی فەرمانبەرێکی حکومیە، کاتێک موچەی مانگانەی دواکەوت ترس دایگرت، رۆژانی چاوەڕوانی ئەو فەرمانبەرە بوونە چەند هەفتەیەک، کە بووەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا کرێ خانوو و کرێکانی دیکەی مانگانەی پێدابین نەکرێت.

دواکەوتنی موچە کاریگەری لەسەر توانام بۆ لەئەستۆگرتنی بژێوی ژیانمان هەیە

ئەو پیاوە کە وەک گرافیک دیزاینەر لە وەزارەتی تەندروستیی کاردەکات، نزیکەی نیوەی موچەکەی بە کرێ خانوو دەڕوات و هەموو مانگێک ٤٥٠ هەزار دیناری عێراقی دەداتە خاوەنماڵ، ترسی لەوە هەیە خۆی و خێزانەکەی بێ ماڵ بمێننەوە ئەگەر چەند مانگێک موچەی دوابکەوێت، قوسەی دەڵێت: دواکەوتنی موچە کاریگەری لەسەر توانام بۆ لەئەستۆگرتنی بژێوی ژیانمان هەیە.

حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات لە ناوەندی قەیرانی سیولە و دابەزینی نرخی نەوت موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دابین بکات، بەڵام موچەی مانگی ئەیلول چەند هەفتەیەک دواکەوت و هێشتا موچەی تشرینی یەکەم دابەش نەکراوە، حکومەتیش لە هەوڵدایە دووبارە قەرز بکاتەوە.

لەوبارەیەوە، محەمەد دەراجی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت: بارودۆخی ئێستا مەترسیدارە.

ئەم سیستمە درەنگ بێ یان زوو هەر دادەڕمێت

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی سیاسی حکومەتی عێراق باس لەوە دەکات، لایەنە سیاسیەکان پێویستی گۆڕانکاری رەت دەکەنەوە و پێیانوایە دووبارە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و هەموو شتێک باش دەبێت، نەخێر باش نابێت! ئەم سیستمە درەنگ بێ یان زوو هەر دادەڕمێت.

هەفتەی رابردوو، حکومەتی عێراق پلانێکی پێشکەشی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان کرد لەژێر ناوی وەرەقەی سپی کە ئامانج لێی گۆڕانکاری بەرفراوانە لە ئابوری عێراقدا.

بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، راوێژکارانی سەرۆک وەزیران ترسی ئەوەیان هەیە هیچ ویستێکی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە بوونی نەبێت.

لایخۆیەوە، ساجد جەیاد توێژەری عێراقی رایگەیاند، ئێمە داوا لە هەمان ئەو کەسانە دەکەین کە دژیان خۆپیشاندان دەکەین و رەخنەیان لێدەگرین تا چاکسازی لەم سیستمەدا بکەن.

ئەو داواکارییانەی لە وەرەقەی سپیدا باسیان لێوەکراوە لەوانەش کەمکردنەوەی موچەی کەرتی گشتی و چاکسازی کەرتە نێودەوڵەتییە داراییەکان رەنگە ببێتەهۆی تێکدانی سیستمی پشکداری کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە چەسپاندنی دەسەڵاتیاندا پشتی پێدەبەستن.

ئەو رێژە زۆرەی سیستمی پشکداری کە تێیدا کاروباری دەوڵەت بەرامبەر بە پاڵپشتی دابەشدەکرێت، بووەتەهۆی زیادکردنی رێژەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی سێ هێندەی ساڵی ٢٠٠٤.

بەپێی راپۆرتێکی کەنالی الحرة، ٪٧٥ی خەرجی دەوڵەت بۆ ساڵی ٢٠٢٠، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کەرتی گشتی دابینکراوە.

حکومەت و پەرلەمانی عێراق هەریەکەیان ئەوەی دیکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەپشت قەیرانی داراییەوەیە

ئەوەش لەکاتێکدایە، دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بۆ زیاتر لە ٥٠ رۆژ دواکەوت لە ئەنجامی ئەو قەیرانە گەورە داراییەی کە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت و بەشێک لە چاودێران پێیانوایە هەتا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، بەهۆی ئەوەی حکومەت و پەرلەمانی عێراق هەریەکەیان ئەوەی دیکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەپشت قەیرانەکەوەیە.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە وەک یادکردنەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی پار و دژی خراپی خزمەتگوزاری و دۆخی ئابوری و گەندەڵی چینی سیاسی، چالاکوانانی عێراق بە یاوەری جەماوەرێکی بەرفراوان رێپێوانێک سازبکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا