هەندرێن: بە گشتیی شیعری کوردیی ئێستا لە چڕگۆیی، سادە و قووڵ دەربڕینی شیعریی هەژارە

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

هەندرێن؛ شاعیری تاراوگە ژیاو، چەند ساڵێکە لە سویدەوە گەڕاوەتەوە کوردستان و لە زانستگەی سۆران لە بەشی کوردی وانەی جوانیناسی ـ ڕەخنەی وێژەیی، لە بەشی کۆمەڵناسی وانەی ناسیۆنالیزم ـ ئیمپریالیزم ـ کۆڵۆنیالیزم دەڵێتەوە. خاوەن کۆ کتێبێکە لە وەرگێڕان ـ وتارگەل ـ شیعر ـ ڕەخنەی فیکری. لە دەرەوەی زمانی کوردی، دیوانی (سکاندیناڤیا و دوورگەیەکی تر لە بخور)ـی بە زمانی سوێدی بڵاوبووەتەوە. هاوکات چەندین شیعر و وتاری ئەدەبی و هزری لە گۆوارەکانی سوێد پەخشاندووە. شاعیرێکی ڕۆنانکار و نەخشێنەر؛ ئەوەی تا ئێستا ڕەخنەی کوردی کەمترین نیگای نەخستووەتە سەر جیهانبینە شیعرییەکەی. ڕەخنەکاران ئەم شاعیرە درەوشاوەیان گومناوکردووە. وشە بەهایەکی پڕ مەزنی لای شاعیر هەیە و توخمێکی کوردیانەی باکوور بەتایبەت هونەر و کلتوور، لە بەشێک لە ئەزموونی هەندرێندا ڕەگی داکوتیوە. شاعیرێکە زۆرترین ئامادەیی و کردەی ڕۆشنبیرانەی هەیە و زەمینەیەکی بەرهەڵستکارانەی لەخۆدا خوڵقاندووە.

زمان لە گۆشەی ئەزموونی شیعریی هەندرێندا خاوەن بەهایە و ڕێزی زۆر لە زمان گیراوە و دەگیرێت. هەم وێنە و ناونیشان، هەم زمان، زۆرترین جەختیان لێکراوەتەوە.

ئەم دیدارە دواندنی شاعیرێکی ئەزمووندارە و ئاوڕدانەوەی ڕانانی و پرسیاریمە لەسەر دوو کتێبی شیعریی شاعیر بە ناوەکانی(چیاکانی من ـ تەوتەمی شوێنەکان تەمیانی باڵەکان). دواتر کایەی وەرگێڕان و  کتێبی وەرگێڕاوی تازە چاپکراویان بە ناونیشانی(پەیڤ تەنیا پەیڤێکە).

سازدانی: دیار لەتیف 

پۆڵەتیک پرێس: شیعری کوردی بەراورد بە شیعری جیهانی لەکوێدایە و لە کام وێستگەداین؟ ئایا شیعری کوردی توانیویەتی مەوداکان ببڕێت و سنوورەکانی ناوچەیی و هەرێمایەتی تێبپەڕێنێت؟ ئەدەبیاتی کوردی توانیویەتی لە باری هاوردەوە و بیگوازێتەوە هەناردە؟ ڕاتان چییە لەسەر ئەدەبیاتێک، کە دەچێتە دڵی دەسەڵاتی سەربازییەوە و لە ئاوازی ڕژێم دەخوێنێت و سەما دەکات؟ ئاخۆ ئەو ئەدەبیاتە تەنیا داڕشتنی ڕووتی زمانەوانیی و درووشمییە؟واتا ئەدەبیاتی دەربار جگەلە خزمەت بە دامودەزگای دەسەڵات، ئاخۆ زیان نییە بەسەر هاوڵاتی و مەدەنییەتەوە؟! ئایا ناکرێت بە جۆرێک لە ئەدەبیاتی چەواشەکاری ناوزەندبکرێت؟

هەندرێن: پرسیارەکەت لە دوو پرسیار زیاتر بە خۆیەوە دەگرێت. سەبارەت بە تێپەڕاندنی شیعری کوردیی لە سنووری ناوچەییەوە بۆ جیهانیی، وەک دەبینم دەمێکە ئەو پرسیارە خەیاڵ و خوڵیای بەشێکی زۆری نووسەر و خوێنەری کوردیی داگیرکردووە، هەروەک قەدەری کورد بە تێپەڕاندن و نەپەڕاندنی سنووری شیعری کوردییەوە گرێ دراو بێت.

گرنگە بیزانین ئەو هەستی سنوور بەزاندنی شیعری کوردییە، پەیوەندی بە هەستی بندەستی بوونی کوردییەوە هەیە، کە کۆهەستێکی دەروونی لاوازی لە نووسەر و خوێنەری کوردیی بە تایبەتیی و بە گشتییش خەڵکەوە دروستکردووە، کە زیاتر بە مۆتەکە دەچێت.

من دوای ئەزموونی رۆشنبیرییم لە سوێد، ئەو بابەتەم لەلا بێبایەخە. مرۆڤ کە تێگەیشت پێوەرەکانی رۆشنبیرییش، واتە رۆشنبیریی پەیوەندی بە دەستەڵاتەوە هەیە. بۆیە ئەوە بە هێزی دەستەڵاتێکی سیاسی و کولتوورییە، دەتوانێت شیعریش بکاتە جیهانی و یان بە پێچەوانەوە.

بۆ نموونە، ئێستا و پیشتریش خوێنەر و نووسەری کورد زۆر دەقی زمانی داگیرکاری وەک تورک و فارس و عەرەب بە کوردیی کردوووە، چونکە دەستەڵاتی مەعنەویی و ماددییان بەسەر کوردەوە هەیە، هەروەک بە شێکی زۆری وەرگێڕانی شیعر و ئەدەبیاتی  زمانە ئەوروپییەکان بۆ سەر کوردیی، پەیوەندی بە باڵادەستی دەستەڵاتی زمانیی و سیاسیی ئەو وڵاتانەوە هەیە، یان بە رەواج بوونی ئەو زمانانەوە هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیهانیشدا.

بە کورتی  لە ئێستادا بە شێکی بە جیهانیبوون و نەبوونی شیعری کوردیی یان و شیعری نەتەوەیەکی دیکە، پەیوەندی بە گەمەی دەستەڵات و بازاڕەوە یان  دۆخی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە هەیە نەک تەنێ داهێنان.

لێ وێڕای ئەمانەیش، گرنگە بیزانین کە کۆمەڵگەی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ  زمانی داگیرکارەکانیشمان، بە هۆی فاکتەری کۆمەڵایەتیی، مێژوویی، سیاسیی، کولتوورییەوە، دواکەوتووە، کەواتە داهێنانیشی لاوازە. راستە ئێمە لە شیعری کلاسیکی و نوێشدا، شاعیرگەلی داهێنەرمان هەن، لێ داهێنانی شیعری کوردیی چ لە کۆن و چ لە نوێشدا بە بەراوردکردن لەگەڵ شیعری عەرەبیی و فارسییدا، باڵاتر نەبووە، بۆیە شیعری ئەو دوو زمانە داگیرکارەیش تا ئێستایش ئامادەییەکی ئەوتۆی نییە کە کورد بەزەیی بە خۆیدا بێتەوە. شیعری عەرەبی و فارسیش لە سنووری توێژێکی دیاریکراوی خوێنەر و نووسەری ئەوروپییدا دەخوێنرێتەوە نەک گشتییدا، لەو چەند ساڵەی رابردووشدا کەم و زۆر بە هۆی وەرگێڕانەوە شیعری کوردیی لەناو توێژێکی دیاریکراوی زمانە ئەوروپییەکاندا ئامادەیی هەیە.

کێشەی گەورەی ئەدەبی کوردیی، نەبوونی پاڵپشتییەکی دامەزراوەییە، واتە ئەو حکومەتۆکەی کوردستان، وەک چۆن لە رووی ئابوورییەوە، بە گواستنەوەی کاڵا کەیف خۆشە، بە هەمان شێوەیش هیچ پلان و پرۆژەیەکی بۆ “هەناردە”کردنی ئەدەب و هونەری کوردیی نییە، بۆیە هەوڵە تاکەکەسییەکان هەر هێندە دەتوانن شیعری کوردیی بۆ سنوورەکانی دەرەوەی خۆی هەناردە بکەن.

لەوەش بترازێ، من بڕوام بەوە نییە، ئەگەر شیعرێک یان دەقێکی ئەدەبی لە دەرەوەی زمانی کوردیی بایەخی پێدرا یان ناسرا، مانای وایە داهێنەرە. هەروەک پێوەری خەڵات بەخشین بە شیعر و ئەدەب بە گشتیی لە لایەن رۆژئاواییەکان و کوردییشەوە، لا بێبایەخە. ئێوە رەنگە ئاگادار بن، کە بە هۆی گەندەڵیی لە ئەکادیمیای خەڵاتی نۆبێلی سوێدییدا، ساڵێک خەڵات دابەش نەکرا. من دەزانم بەشێکی زۆری ئەو خەڵاتانە لەسەر بنەمای سیاسەتەوە دابەخشرێن.

لێ سەبارەت بە ئەدەبی سەربازیی یان دەربار بە حیزب و سیاسەت، بەڵێ ئەدەبی دەربار زیانێکی بکوژ نەک هەر بە ئەدەب و شیعر دەگەیەنێت، بگرە کۆمەڵگەیش دەکات دەکات بە کۆمەڵگەیەکی مەکینەیی. ئەدەب ناتوانێت بە بێ ئازادیی هەست و خەیاڵ گەشە بکات و هاوکاتیش ئەدەب بە قەتیسمانی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی یان حیزبێکدا، ناتوانێک خولیا و خەیاڵی تاکەکەسەکانی کۆمەڵگە باڵدار و داهێنەر بکات.

ئەدەب کردەیەکی رووحی و خەیاڵیی مرۆڤانەیە، کورتکردنەوە بە هێزێک یان ئامانجێکی دیاریکراو، تەنێ دەتوانێ خزمەت بە مەبەستی سنوورداری لایەنگرانی ئەو ٶحیزب و هێزانە بکات، رەنگە لە قۆناغەکانی داهاتوودا نەتوانێت بۆ ئەو حیزب و هیزانەیش سوودێکی هەبێت، واتە ئەو جۆرە ئەدەبە لەگەڵ نووسیندا دەمرێت. ئەرکی ئەدەب تەیکردنی هەرێمی ناوەکیی مرۆڤە، تا خۆی بدۆزێتەوە و بیکات بە خۆی. لێ ئەدەب کە پیشوەخت ئامانجی خزمەتی حیزبێک یان دەستەڵاتێک بوو، وەک تەمەنی ئەو دەستەڵاتە دەژیت.

ئەو جۆرە شیعر و ئەدەبە، واقیعی ساختەی دەستەڵات دەجووێتەوە کە پێشتر خەڵک و لایەنگرەکانی دەیزانن. ئەدەب و شیعر بە تایبەتییش، واقیعێک باس دەکا، کە لە بووندایە یان نەدۆزراوەیە.

پۆڵەتیک پرێس: “کە بۆت دەنووسم، ئازارەکانم دەمکوت دەکەم و شادییە شڵەژاوەکانیشم بە تۆ دەبەخشم. چیاکانی من”

لێرەوە ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، ئاخۆ  بۆچی شیعری کوردی ئیشی لەسەر ئەو چەمکە، چەمکی شادی و دڵشادی و خۆشی نەکردووە و نەکاریوە؟ هۆکاری ئەمە ئەو مەرگەساتەیە، کە کوردەکانی تێدا ژیاون و ڕەنگدانەوەیەکی دەروونیانەی بەسەر ئەدیبان و نووسەران و شاعیرانی کوردزمانەوە هەیە؟ خۆ مەرج نییە نووسەر جەماوەرخوازیانە بهزرێت و هەنگاوی لەگەڵ هەنگاوی کۆمەڵاندا بێت! . لە “چیاکانی من” وشەی (چیا ) زۆرترینجار بەکاربراوەتەوە و لەهەر بەکارهێنراوێکیدا چەمکێکی جودای لێ ئافرێنراوەتەوە؛ ئەم بوونایەتی و شوناس پێدانە و ئاڵوگۆڕکێی ماناکانی (چیا) بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئاخۆ لایەنی بەکاربردنی وشەی چیا، بۆ جێکەوتەی دەروونایەتی ژیانتان لە شاخ دەگەڕێتەوە یان بوونگەرایانەیە؟ یان دەکرێت بڵێین ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕانەی لەپشتەوە هەبێت؟ هاوڕێ لەگەڵ ئەوە گرنگە بپرسین: ئەو زمانەی لە (تەوتەمی شوێنەکان تەمیانی باڵەکان)، بەڕادەیەک بەر شیعرییەتییەکی گران دەکەوین، ئەمە پەیوەندی بەو دۆخە ئاوارتەی خوود نووسینەوە هەیە لەکاتی تۆمارکردندا؟زمان توخمێکی سرکە و ناگیرێت، دەڕوا و ئاوڕناداتەوە، بە ڕادەیەک هۆشێکی چالاکی دەوێ، تاوەکو تێکەڵ بە کەشی دەقەکە بێت، هۆکار چییە؟ لە (چیاکانی من)، بەر شیعرییەتێکی چڕ دەکەوین، بەڵام بونیاد و کڕۆکێکی پەخشانی زاڵە بەسەر دەقدا، ئەم تەرزە پەخشانییە داڕێژراوە، مەرامی دەقنووسە یان مەرجی ناچاریانەی بیربێژی گوتراوی دەقەکەیە وایکردبێت لە بۆتەی پەخشاندا بگریسێتەوە؟ هاوکات دەبێت ئەوەش لەیادمان بێت و لەبارەوەی بپرسین، تاچەند لە چیاکانی من، بەر سۆز بۆ ڕابردوو (نۆستالژیا) دەکەوین؟

هەندرێن: دیسانەوە پرسیارەکەت کۆمەڵێک پرسیارە. سەبارەت بەوەی کورد کاری لەسەر شادیی و دڵشادی نەکردووە، رەنگە هەمان ئەو هۆکارانە بێت کە تۆ ئاماژەت پێکردوون. کورد بە هۆی ئەو واقیعە تاڵەی کە تێیدا دەژیت، لە بندەستییەوە بیگرە تا نەبوونی ئازادی تاکەکەسی، لە عەسرەتباری ئەڤینداریی بگرە تا دەگاتە ژیانی دووبەرەکیی سیاسیی، ژیانێکی مردووخوازانەیە، بۆیە راستییەکەی کورد خۆی بوونەوەرێکی غەمگینە. کەواتە ناشادی خۆی ژیانی راسەقینەی تاکەکەسی کوردییە.

لێ سەبارەت بەو دێرە شیعرەی “چیایەکانی من” دیسان پەیوەندی بە هەمان راستیی ئەو ژیانە پڕ کێشەیەی کوردبوونەوە هەیە، کە رەنگدانەوەی هەیە لەسەر ئەزموونی هەر یەک لە ئێمەدا.

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت، کە تۆ هۆکاری ئادەیی فرەی وشەی”چیا” ت لات بۆتە پرسیار، پرسیارێکی رەوایە. بەڵێ، لەم کۆشیعرەدا، کە راستییەکەی پرۆژەیەکی شیعریی تەواوکراو نییە، چیا دەلالەتێکی بوونخوازانەی هەیە لە کن من. ئەمەیش هەم پەیوەندی بە ئەزموونی ژیانی منەوە لە پێشمەرگایەتی و هەمیش پەیوەندی بە چیا وەک هێما و بەهاوە هەیە. چیا بەس ئەو رەهەندە سیاسیی یان شۆڕشگێڕییەی نییە کە لە بیرکردنەوەی ئێمە باوە. لەم کۆشیعرەدا چیا هێمایەیکی جوانیناسییەی بوونایەتی هەیە. بە واتایەتی دیکە، جۆرێک لە بەرهەڵستکاریی بوونایەتی هەیە، چیا لە یەک کاتدا شوێنێکی عاسێیە، عاسێیەتییە سروشتییەکەی دەبێت بە عاسێیەتییەکی ئیرادەی بوونیش. بە کورتی لەوێدا چیا، پیشوازیکردنە بۆ ژیانێکی سەخت، جیاواز، دەگمەن. چیا هانایەکە بۆ من تا بەرگریی لە بوونێکی ئازاد بکەم بە دژی ئەو بوونە بەرخۆرەی کە سیستەمی ئابووریی و سیاسیی لە کوردستان و جیهان ناچاری ژیانێکی بەرخۆریی کردووین. ژیانێک کە هیچ هەموو بەهایەکی بێبەها کرد، لە جێگەی ئەمەیش، کاڵاخوازیی کرد بە بەهایەکی بەتاڵ. دواجار لەم کۆشیعرەدا”چیا” لەوەیش زیاترە کە گوتم، لێ لێرەدا بە هۆکاری نەبوونی بوار، لەوە زیاتر ناگوترێت.

سەبارەت بە زمانی “تەوتەمی شوێنەکان؛ تەمیانی باڵەکان”، شیعر وەک شێوازێک لە ژیان، جۆرێکە لە خۆنووسینەوە و هاوکاتیش ئاشکراکردنی هزر و خەیاڵەکان لەو جیهانەی ناوەکییەی خۆم. لە ئەزموونی ئەو کۆشیعرەدا، دەمەوێ بەو زمان و شێوازەیەوە، تایبەتییەک لە بوونی شیعرییانەی خود رابگەیەنم، کە ئەمەیش لای من کرکدەی شیعرییە. زمانی ئەو کۆشیعرە، زمانی بوونی منە. ئەو دۆخە بوونییەی لەو کۆشیعرەدا دەدوێت، زمانی خۆیەتی. من لە دەرەوەی ئەو زمانە نیم.

سەبارەت بە زمانی پەخشانی “چیایەکانی من”دا، ئەمەیش ئەنجامی ئەو ئەزموونە تایبەتییە بوو، کە لە شێوازی تێکەڵاوکردنی بەربەست و سنوورەکانی  نوسینە. ئەو ئەزموونە خۆی لەگەڵ بە گۆهاتنی، ئەو زمان و شێوازەی بوو بە تایبەتمەندی ئەو جیهانەی کە لە شیعرەکەدا لەگەڵ هەر بابەتێک لە بابەتەکانی شیعرەکدا بە جیاوازەکانییەوە دەتەقێتەوە. “چیایەکانی من” کۆبوونەوەی ئاوازی بوونی منە، کە رووحە میوزیکییەکەی لە لاوکی چیایەکانەوە دەلەرێتەوە. بۆیە ئاوێتەیەکە لە گێڕانەوەی شیعریی، کە لەوێدا رووداو و روانینەکان لە شوێنکاتدا ئاوێتەی یەکتر دەبن، لە شێوازێکش بەرجەستە دەبنەوە کە وەک خودی بابەت و رووداوەکان نامۆن بە زمانی باوی شیعریی.

لێ راستە لە خوێندنەوەیەکی روواڵەتییدا، خوێنەر بەر “نۆستالژیا”دەکەوێت. نۆستالژیا، بەشێکە لە بوونی شیعرییەت، لێ نۆستالژیای چیایەکانی من، نۆستالژیایەک نییە ئێرە فەرامۆش بکا، بەڵکە جۆرە تۆڵەکردنەوەیەک بۆ قەرەبۆکردنەوەی ئەو فەرامۆشییەی کە سەبارەت بەو ئەزموونە تایبەتییە چیایەکان لە دونیای خوێنەر و نووسەری کوردییدا لە ئارادایە. لە دوای دوو هەزارەکانەوە کتوپڕ خوێنەر و نووسەری کوردیی بوونە بە بەرخۆریی جۆرە خوێندنەوە و نووسینێک لە سەرچاوەکەی لە دەرەوەی ئەزموونی ژیان و ژانی خۆیەتی. بۆیە لە “چیایەکانی من”دا رابردوو پەناگەیەک نییە بۆ هەڵاتن لە ئێستا و ئاییندەدا، بەڵکە وەرچەرخاندنی رابردووە بۆ نۆستالژیایەکی شکۆمەند و ئەمەیش کردەیەکی شیعرییە بۆ تاڵانکردنی ئەو نۆستالژیایەی کە هەمیشە لە بوونی ئێمەدا ئامادەیە.

پۆڵەتیک پرێس: وەرگێڕان ئەو تەنە کریستاڵییەیە وریایی و هۆشمەندی دەخوازێت بۆ ئەوەی لەژێر دەستی پاچەڤەکاردا و وردوخاش نەبێت. وەرگێڕانی شیعر لەو خواردەمەنییە بەلەزەتە دەچێت،  لەودیو شاشەی تەلەفزیۆنێکەوە نمایش دەکرێت و ئێمە بەر جۆرێک لە چەژەی نا بەرکەوتە دەکەوین، کە تامی مەجازییە نەک کەتواریی! ئایا ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەو بونیادە ئاڵۆزە زمانەوانییەی شیعر، زمانێک تەنراو بە ئاماژەکانی واتاسازی و ڕستەسازی و وشەسازی و ڕۆنانکاری، هاوچوونی تەڵە مینێکە، کە لەخۆیدا هەڵگرێتی؟ کتێبی (پەیڤ تەنیا پەیڤێکە)، من قسەم لەسەر ئەم بەرهەمە وەرگێڕاوە تازەتانە نەک وەرگێڕانی دیکەتان، کە پێموایە دەرفەتێکی لەبارە بۆ پەیڤین، چونکە تازە لەوەشانخانە هاتووەتەدەر. ئایا شیعر ئەو مادە خاوەیە، کە بتوانرێت لەزمانی دووەمدا خۆ بخوڵقێنێتەوە؟ ئایا ژینگەی شیعری ڕۆژئاوایی تاچەند گرنگە موتربەی کلتووری شیعری کوردی بکرێتەوە؟ تایبەتتر بپرسم، ئایا شیعری (ڕاتما) بۆ بەردەنگی کوردیی، لەکوێدا پێویستە و بۆچی دەبێت پێتڤ بێت؟

ئایا چی گوزارشتێکتان لەسەر وەرگێڕانی پێچەوانە هەیە؟ ئایا ئەم پرۆسەی وەرگێڕان لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانەکانیتر جۆرە خزمەتێک نابێت بە کلتوور و شووناس و زمان و ئەدەبی کوردی؟ بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم ڕێچکە وەرگێڕانە لە چیدایە؟ ئاخۆ گرفتی دەزگاکانی چاپی وڵاتانی ڕۆژئاواییە، یان ناپاڵپشتی دەزگای فەرهەنگی زمانی یەکەمە بۆ زمانی دووەم؟ یان هەر لەبنەڕەتەوە دەبێت وەرگێڕان لەلایەن وەرگێڕی زمانی دووەمەوە ببێت، کە دەبێت زمانی یەکەم فێربن و لەوێوە وەرگێڕان بۆ ناو زمانی دووەم ئەنجام بدەن، ئەمەش بە هۆکاری دەستکراوەترین و بوونی وەرگێڕی خاوەن زمانی دووەم و دانپێدانانێتی لەلایەن ناسنامەی فەرهەنگی وڵاتی بەرهەم بۆ وەرگێڕدراو و دەزگاکانی وەشانەوەیە؟ ئاخۆ تاکەی دەبێت لەدۆخی هاوردەدا چەقبەستووبین و نەچینە قۆناغی هەناردەێتییەوە؟

هەندرێن: حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم، کە من چەند ساڵ لەمەوبەر لە وتارێکدا باسی وەرگێڕانم کردووە و ئێوەش دەزانن تیۆری جیاواز لەسەر چەمکی وەرگێڕان و وەرگێڕانی شیعرییش دەمێکە مشتومڕی لەسەر هەیە و بەردەوامە، کە من لێرەدا نیازم نییە باسی مێژووی ئەو تێۆرییانەی وەرگێڕان و روانگە جیاوازەکانی وەرگێڕانی شیعر بکەم، لێ ئەوەی خەریکی شیعر و وەرگێڕانی شیعر و ئەدەبیات بێت، دەزانێت کە وەک چۆن شیعر چەشن و شێوەی هەیە بەهەمان شێوەش وەرگێڕانیش ئەوهایە. دەمەوێ بێژم، وەرگێڕانی شیعرێکی دروشتمیی یان شیعرێکی کۆمەڵایەتیی یان سیاسیی راستەوخۆ و …تاد،  وەرگێڕانی بۆ هەر زمانێکی جیاواز لە دەقەکە سەخت نییە. بەڵام گواستنەوەی جیهانی شیعرێکی خۆویست یان تێکهەڵکیش بە هزر یان شیعرێک کە کاری لەسەر شێوەخوازیی کردووە یان شیعرێک کە بەندە بە کۆنتێکستێکی کولتووریی یان تەنانەت کیش و سەروایەکی جیاوا، ئاسان نییە، چونکە زۆرێک لە وردەکارییەکانی ئەو تەرزە شیعرانە بەندن بەو زمانە و ئەزموونە تایبەتییەکانی ئەو شاعیرە و کولتوورەکەی.

هەرچۆنێک بێت، بە رای من وەرگێڕانی شیعر، بەدەر لە زانیینی زمانی ئەو شیعرە بۆ زمانێکی دیکە، پەیوەندی بە زمانەوە نییە، بەڵکە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانەوەی ئەو شیعرەوە هەیە. وەرگێڕانی شیعریش جۆرێکە لە خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی ئەو شیعرە بە زمانێکی جیاواز لە خۆی. دەکرێ من شیعرێک بە سوێدێی یان هەر زمانێک کە دەیزانم وەربگێڕم بۆ کوردیی، دەقێکی مەیلەو جیاوازیی لێ بەرهەم بهێنمەوە کە لە رووی شێوە و ناڕۆکەوە جیاواز بێت.

هاوکاتیش وەرگێڕانی شیعر پەیوەندی بەجۆرێک نزیکایەتی ئاستی زمان و هزریی ئەو وەرگێڕەوە هەیە. وەرگێڕێک کە لە رووی زمانیی و هزرییەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو دەقە نەبێ کە وەریدەگێڕێت، باشی رستەسازیی، واتاسازیی و … تاد  باشیش بێت، لێ ناتوانێ جیهانی ناوەکیی ئەو شیعرە بگوازێتەوە، بۆ نموونە لای من وەرگێڕانی دەقی “گوڵە بەدەکان”ی بۆدلێر یان شیعرەکانی ئارتۆر ریمبۆ، وێرانەخاکی ئەلیۆت، شیعرەکانی پۆل سیلان  و هاوێنەی ئەو شاعیرانە، بە کوردیی چێژ و جوانیی ئەو جیهانە زمانی و هزرییانەی ئەو دەقانە نابەخشن، چونکە هزری زمانی ئەو شاعیرانە پەیوەندی بە جۆرێک لە خۆویستی، رەزگەپەرستییانەی زمانەکانیانەوە هەیە.

ئەوە لەتێکی پرسیارەکەت.

لەتی دووەمی پرسیارەکەت کە دەڵێی: کتێبی (پەیڤ تەنیا پەیڤێکە)، من قسەم لەسەر ئەم بەرهەمە وەرگێڕاوە تازەتانە نەک وەرگێڕانی دیکەتان، کە پێموایە دەرفەتێکی لەبارە بۆ پەیڤین، چونکە تازە لەوەشانخانە هاتووەتەدەر. ئایا شیعر ئەو مادە خاوەیە، کە بتوانرێت لەزمانی دووەمدا خۆ بخوڵقێنێتەوە؟ ئایا ژینگەی شیعری ڕۆژئاوایی تاچەند گرنگە موتربەی کلتووری شیعری کوردی بکرێتەوە؟ تایبەتتر بپرسم، ئایا شیعری (ڕاتما) بۆ بەردەنگی کوردیی، لەکوێدا پێویستە و بۆچی دەبێت پێتڤ بێت؟

وەڵامی لەتی دووەمی پرسیارەکەت: راستییەکەی من چونکە لە سوێد دەژیم، بە سوێدییش ئەزموونی شیعری سوێدیی و جیهان دەخوێنمەوە، راتەما یەکێک لە شاعیرانی دوو هەزارەکان، بۆیە کە خوێندمەوە، حەزم کرد بە وەرگێڕانەکەی تامی زمان و ناوەرۆکی شیعرەکانی ئەو شاعیرە لەگەڵ خوێنەری کوردیی بەش بکەم. هەڵبەت تام و چێژ و نەوای شوێن و بابەتی بە “پەیڤ تەنێ پەیڤێکە” بە سوێدیی هەمان تام و چێژ و نەوا و شوێن و بابەتی کوردییەکە نییە، چونکە من یان خوێنەرێکی سوێدێ کە ئەو کۆشیعرە دەخوێنێتەوە، بە هۆی ژیان و ئەزموون و یادەوەریی و فەزای ئەو شوێن و و بابەتانەی کە لەو کۆشیعرەدا هەن بە سوێدیی راستەوخۆ کۆنتێکست، کۆپەیوەندی کولتوور و فەزای شار و جیوگرافیا دەنوێنن، کە خوێنەری سوێدیی ناچار بە وێناکردن و گەڕان بە دوای ناوێ شوێن و هێمایەکان ناکات، لێ خوێنەری کوردیی ئەو کۆشیعرە دەخوێنێتەوە، بە شێوازی کۆپلەبەندیی و فەزای ئەو شیعرە  ئاشنا نییە، بۆیە ناچارە راڤە و مەزەندەی بکات، هەروەک بە دوای زانیاری وشە و ناوی شوێن و کۆنتێسکتی بابەتی شیعرەکان بگەڕێت. لە لایەکەوە ئەمە کێشەیە بۆ شیعرەکە، چونکە هەمان جوانی یان ئاواز و بابەتەکان ناگوازنەوە، بەڵکە لە لایەن خوێنەری کوردییەوە وێنا دەکرێنەوە، کەچی لە لایەکی دیکەیشەوە، دەکرێ ئەو کۆشیعرە مانا و شێوەیەکی نوێ بە پێچەوانەی دەقە سوێدییەکە بەرهەم بهێنێت.

بەمجۆرە خوێنەری کوردیی بە خوێندنەوەی ئەو ئەزموونانە دەکرێت، خەیالی زمانی شیعریی چڕتر بکاتەوە، هەروەک ببێ بە خاوەن زانینێک سەبارەت بە چۆنییەتی وێنەکردنی شیعری کوردیی لە شار و تایبەتمەندییە جیوگرافییەکانی کوردستان، چونکە راستییەکەی بە گشتیی شیعری کوردیی ئێستا لە چڕگۆیی، سادە و قووڵ دەبڕینی شیعریی هەژارە، بۆیە لام وایە، وەرگێڕانی ئەو ئەزموونە شیعرییانە، سوو بە خوێنەر و خوازیارانی ئەدەبیات بە گشتیی دەگەیەنێت.

لە وەڵامی ئەم پرسیارەت: ئایا چی گوزارشتێکتان لەسەر وەرگێڕانی پێچەوانە هەیە؟ : وەرگێڕانی شیعری کوردیی بۆ زمانە جیاوازەکان، وەک هەر کردەیەکی دیکەی ئاڵۆگۆڕکردن کارێکی چاک و گرنگە، چونکە هەم جیاوازیی کولتووری کورد دەتوانێ سوود و زانینی نوێ بە خوێنەری غەیرە کوردیی ببەخشێت و هەمیش شاعیرانی کورد دەتوانن، ئەگەر بخوازن، بە پەرچەکرداری خوێنەری غەیرە کوردیی، ئەزموونی خۆیان فرەوان بکەن و لە ئاستی داهێنانی زمانیی و هونەری جوانیی شیعر زیاتر تێبگەن.  دواجار وەرگێڕانی شیعری کوردییش دەکرێ بەوە هەوڵبدا گەردوونیی و مرۆڤانە بهزرێ و بنووسێت. بە گشتیی وەرگێڕان دەتوانێت بوونی ئێمە لە جیهاندا ئامادە بکات.

لەتی چوارەمی پرسیاری سێیەم کە دەڵێی: ئایا ئەم پرۆسەی وەرگێڕان لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانەکانیتر جۆرە خزمەتێک نابێت بە کلتوور و شووناس و زمان و ئەدەبی کوردی؟ بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم ڕێچکە وەرگێڕانە لە چیدایە؟ ئاخۆ گرفتی دەزگاکانی چاپی وڵاتانی ڕۆژئاواییە، یان ناپاڵپشتی دەزگای فەرهەنگی زمانی یەکەمە بۆ زمانی دووەم؟ یان هەر لەبنەڕەتەوە دەبێت وەرگێڕان لەلایەن وەرگێڕی زمانی دووەمەوە ببێت، کە دەبێت زمانی یەکەم فێربن و لەوێوە وەرگێڕان بۆ ناو زمانی دووەم ئەنجام بدەن، ئەمەش بە هۆکاری دەستکراوەترین و بوونی وەرگێڕی خاوەن زمانی دووەم و دانپێدانانێتی لەلایەن ناسنامەی فەرهەنگی وڵاتی بەرهەم بۆ وەرگێڕدراو و دەزگاکانی وەشانەوەیە؟ ئاخۆ تاکەی دەبێت لەدۆخی هاوردەدا چەقبەستووبین و نەچینە قۆناغی هەناردەێتییەوە؟

لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووماندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرسڤی بەشێکە لەو پرسیارانەتم دایەوە، لێ بە دلنیاییەوە وەرگێڕانی دەقی کوردیی، دەتوانێ خزمەتێکی زۆری بوون و کولتووریی فەرامۆشکراو و قەتیسمانی کورد لە خۆیدا بکات. ئاستەنگەکانی وەرگێڕانی شیعری کوردیی بۆ زمانی دیکە پڕ کێشەن، لەوانە، وەک بە هۆی نەبووی دەستەڵاتی سیاسیی، بوونی وەک پاشکۆی زمانی عەرەبیی و فارسیی و تورکیی، وایکردووە کە خوێنەر و وەرگێڕی زمانە زیندووەکانی دیکە شیعری کوردییان بۆ مایەی سەرنج و پێویست نەبێت، چونکە نووسەر یان وەرگێڕێکی ئینگلیزیی یان فەرەنسیی یان سوێدیی، کورد وەک بوونەوەرێکی جیاواز نابینێ، ئاخێوەر و نووسەرانی ئەو زمانە جیهانییانە ئەدەب و شیعریش وەک دەستەڵاتی سیاسیی و ئابووریی عەرەبی یان فارسیی یان تورکیی دەبینن، بۆیە سەرنجڕاکێشانی وەرگێڕی بیانیی بۆ گواستنەوەی ئەدەبی کوردیی بۆ زمانی خۆیانەوە، پێویستی بە سیاسەتی کولتووریی و وەرگێڕانەوە لە لایەن دەزگە رۆشنبیرییەکانی کوردستانەوە هەیە.

بەو واتایەی هەوڵی تاکەکەسەکان بۆ وەرگێڕانی دەقی کوردیی بۆ ئەو زمانە جیاوازانەی جیهان، سنووردار دەمێنێتەوە، دەستەیەکی بچووک لە خوێنەر و نووسەری ئەو زمانە ئاشنای ئەدەبی کوردیی دەبن.

بەڵام بۆ ئەوەی کورد بتوانێت سەرنجی چاپخانە و وەرگێڕی ئەو زمانە جیهانییانە بۆ ئەدەبی کوردیی رابکیشیت، دەبێ بەرنامە و پرۆژەی لە بواری وەرگێڕان هەبێت، واتە وەک چۆن کورد پێویسیتی بە سیاسەتی هەناردەکردنی بەرهەمی سروشتیی و سامانی نەفتی بۆ دەروبەر و جیهانەوە هەیە، بەهەمان شێوەش دەبێ بیر لە هەناردەکردنی ئەدەب و هونەر یان کولتووری کوردیی بە گشتیی بکاتەوە. ئەگینا وەک هەوڵ دەمێکە دەبینین نووسەران خۆیان بە دوای گەڕان و سواڵکردنی وەرگێڕ بۆ زمانی ئەو وڵاتانەی لێیان دەژین دەگەڕێن، کەچی بەو شێوە وەرگێڕانەوە، چاپخانەکانی ئەو وڵاتانە بایەخ بە چاپکردنی ئەو وەرگێڕانانە نادەن.

بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو کارە بکەین، دەبێ بیر وەرگێڕان بکرێت بە پیشەیەک وەک هەر پیشە و کارێکی دیکە. بە کورتی هەموو خوێنەر و نووسەرێکی کوردیی دەزانێت کە لە ئاستی حکومەتی کوردستان و کەرتە تایبەتەکانیشەوە خەیال و خەون بۆ بایەخدان بە وەرگێڕان و هەناردەکردنی کولتووری کوردیی بە گشتیی لە گۆڕێدا نییە. ئەمەیش دیارە حکومەتی کوردستان و کەرتە تایبەتەکانیش، ناسینی کورد بە ئابووریی و پاشکۆبوون بەو وڵاتانەوە کورت دەکاتەوە. بۆیە دوای ئەو هەموو ساڵە لە حکومڕانی کورد خۆی، هێشتا بەهای وەرگێڕان و هەناردەکردنی ئەدەب و هونەری کوردیی نەبۆتە جێگەی سەرنج.

ئەوەندەی من لە چاپخانە و بوارە کولتوورییەکانی رۆژئاواوە تێگەیشتبم ئەوەیە، ئەگەر وەرگێڕەکە سوێدیی یان ئینگلیزیی و یان … نەبن حەز ناکەن بۆ وەرگێڕێکی کورد بۆ زمانی ئەو وڵاتانەی لێی دەژیت، کتێب چاپبکەن، چونکە لە زمانی وەرگێڕانەکە رازی نابن و هاوکاتیش ئەو وەرگێڕە کوردییە، ئاشنای کۆدی تێگەیشتن لە چاپخانە و کولتووری بازاڕی کتێب بڵاوکردنەوەی ئەو وڵاتانەوە نییە. بە کورتیی بۆ نموونە، بواری چاپەمەنی و خوێنەری زمانی سوێدیی یان ئینگلیزیی، بۆیان گرنگە وەرگێڕی خۆیان ئەو دەقانە بگواستەوە بۆ زمانی خۆیان نەک وەرگێڕی کوردیی.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا