عێراق.. رێگایەک بۆ قاچاخچێتی نەوتی ئێران

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

بەپێی لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بۆ رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، ئاوی کەنداوی خوارووی عێراق بووەتە رێگایەکی نوێ و گرنگی قاچاخچیانی نەوتی ئێرانی و لەو رێگایەوە هەوڵ دەدەن خۆیان لە سزاکانی ئەمریکا بەدووربگرن.

هاوکات، ژمارەیەک لەو بەرپرسانە بێهیوایی خۆیان دەربڕی لە ئاست نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەلایەن بەغدا و هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ سنوردارکردنی بازرگانی لەگەڵ تاران.

٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ئێران گوازراوەتەوە بۆ کەشتییەک کە لە ئاوی عێراقدا لەنگەری گرتووە

ئەو بەرپرسانە دەڵێن: بارهەڵگرەکانی ئێران بەشێوەی رێکخراو نەوتی خاو دەگوێزنەوە بۆ کەشتییەکانی دیکە کە بە چەند میلێک لە بەندەری فاوی سەرەکی لە عێراقەوە دوورن و هەڵدەستن بە تێکەڵکردنی نەوتی خۆیان لەگەڵ بارهەڵگری شوێنەکانی دیکە بەمەبەستی شاردنەوەی سەرچاوەکەی و لە کۆتاییشدا دەیفرۆشنەوە بە بازاڕەکانی جیهان.

لەوبارەیەوە رۆژنامەکە باس لە نمونەیەک دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، بە ئاماری بارهەڵگرەکانی مانگی ئازاری ئەمساڵدا چووەتەوە و دەرکەوتووە، ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ئێران گوازراوەتەوە بۆ کەشتییەک کە لە ئاوی عێراقدا لەنگەری گرتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەرمیلە نەوتانە تێکەڵی نەوتی عێراق کراون و پاشان بەرەو کەشتی دیکە گوێزراونەتەوە.

ئەو کەسانەی کە ئاگاداری کاری گواستنەوەی نەوتەکە بوون باس لەوە دەکەن، ئەو کارە بەشێک بووە لە چالاکییەکی بازرگانی کە تێیدا نەوتی ئێران تێکەڵ بە نەوتی عێراق کراوە و بەپێی بەڵگەنامە وەک نەوتی عێراقی فرۆشراوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان پێدەچێت ئەم جۆرە چالاکییە بازرگانییە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە زیادبووندا بێت ئەوەش هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی فشاری توند لەسەر تاران لاواز دەکات.

بەپێی رۆژنامەکە، حکومەتی عێراق چەندین جار پاڵپشتی خۆی بۆ سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا راگەیاندووە کەچی رەتی کردووەتەوە لەبارەی ئەم چالاکییەوە هیچ روونکردنەوەیەک بدات.

چەندین جار ئێران هەوڵی داوە بەڕێی جیاجیا نەوتی وڵاتەکەی بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان

بەرپرسە ئەمریکییەکان دەڵێن: هەندێک لەو هەناردەی نەوتانەی ئێران، دەگاتە دەست چەند وڵاتێک کە هاوپەیمانی ئەمریکا نین لەوانەش سوریا و چین، بەڵام زۆرجار بەڕێی عێراق و ئیمارات کە هاوپەیمانی ئەمریکان تێدەپەڕن و سەرچاوەکەیان دەشارنەوە.

بەپێی رۆژنامەکە، چەندین جار ئێران هەوڵی داوە بەڕێی جیاجیا نەوتی وڵاتەکەی بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان سەرباری ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەریدا سەپاندووە.

بەپێی داتای کۆمپانیای زانیاری بارهەڵگری ئەمریکا، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هەناردەی نەوتی خاوی ئێران گەیشتووەتە ٨٢٧ هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک ئەو رێژەیەش بە بەراورد بە شەش مانگی پێش ئەو ماوەیە ٪٢٨ زیادی کردووە.

لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هەناردەی نەوتی خاوی ئێران گەیشتووەتە ٨٢٧ هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک

رۆژنامەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ کەمترە، چونکە لەو کاتەدا هێشتا ئەمریکا سزای نەسەپاندبوو بەسەر ئێراندا، بۆیە رۆژانە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.

ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەدوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨ روویان لە زیادبوون کردووە، لەو کاتەشەوە تا ئێستا بەهۆی سەرپێچیەکانی لە بواری ئەتۆمی و وزەدا، ئەمریکا سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.

ئەو سزایانەی ئەمریکا کەرتەکانی نەوت و پترۆکیمیاوی و مامەڵەی دارایی و سوپای پاسداران دەگرێتەوە، وەک هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆسەر مێزی دانوستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمی و رۆڵی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ئەم راپۆرتە لە ماڵپەڕی الحرة وەرگیراوە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا