پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە مۆسکۆ و کیێڤ بەشێوەیەکی کاتی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکتر رابگرن.
ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت دابەزی و گەیشتە 70 دۆلار و 44 سەنت. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش 15 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی سێشەممە، سەرۆکی رووسیا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر راگرتنی هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا.
نیمچە ئاگربەستەکەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا رێگە بە تێپەڕبوونی نەوتی رووسیا بۆ ئەورووپا و بازاڕەکانی جیهان دەدات، کە ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر نزمبوونەوەی نرخی ئەو کاڵایە دادەنێت.