پۆڵەتیك پرێس:
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی لەمیانی سەردانێكیدا بۆ بەغدا چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان كرد، كە تایبەت بوو بەدۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان.
وێستگەی یەكەمی سەردانەكەی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ بەغدا كۆبوونەوە بوو لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، كە بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لە دیدارێكدا گفتوگۆ كرا لەبارەی رەوشی سیاسی ئێستای عێراق و هەڕەشەكانی سەر ئاسایش و ئارامی وڵات و قەیرانی داراییو پێویستی هەماهەنگی زیاتری نێوان حیزب و كوتلە سیاسییەكان.
هەروەها تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەمنی پارێزگاكانی كەركوك و دیالەش تەورێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەو بارەیەشەوە بڕیار درا هاوئاهەنگی نێوان یەكێتی و هاوپەیمانی فەتح زیاتر بكرێت.
هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی پێشوازی لە سەلیم جبوری سەرۆكی پارتی كار و وەفدێكی هاوڕێی كرد، لە دیدارێكدا رەوشی سیاسی عێراق و سوننەكان و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و یاسای هەڵبژاردن تاووتوێكران، هەروەك رەوشی پارێزگای دیالە تەورێكی دیكەی دیدارەكەی پێكهێنا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا هاوسەرۆكی یەكێتی پێشوازی لە وەفدێكی سەركردایەتی سوننە لە پارێزگا جیاجیاكان كردو لەو دیدارەشدا رەوشی سیاسی عێراق بەگشتی و بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا و تەئكید لەسەر هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ سەركردایەتی تازەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوچە دابڕێندراوەكان كرایەوە.
هەروەها سەردانەكەدا هاوسەرۆكی یەكێتی پێشوازی لە شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە سەرۆكی كۆنگرەی سەحوەی عێراق كردو لە دیدارێكدا رەوشی ناوچە ئازادكراوەكان بەگشتی و پارێزگای ئەنبار بەتایبەتی تاووتوێ كرا.