گرتنی خەڵك لەهەولێرو دهۆك، یەكێتیی و گۆڕان لێی بەرپرسن

ئەو رەشبگیرییەی ئێستای نوسەرو رۆژنامەنوسان لەهەولێرو دهۆك، مەترسییەكی دیكەی جددی لەسەر ژیان و ئازادی رادەربڕین دروستكردووە.

سەرباری بێ‌ موچەیی و خراپی باری ئابوریی و ژیانی خەڵك ئێستا بەبەرچاوی هەموو دونیا، دامودەزگاكانی ئاسایش لەو سنورانە، لەدەرەوەی هەموو بنەمایەكی قانونیی، هەڵدەكەوتنە سەر خەڵك و جگە لەسوكایەتیكردن، رۆژنامەنوس و چالاكوانان دەستگیردەكەن.

ئەم رەشبگیرییە بۆتە دیاردە. مەترسی لەسەر ژیانی هەموومان دروستكردووە. ئەم دۆخە، بەتەنها پارتی دیموكراتی كوردستان لێی بەرپرس نییە كە دامودەزگاكانی ئەمنییەكانی پەلاماری خەڵك دەدەن، بەڵكو یەكێتی و گۆڕان بەقەد پارتی بەرپرسی ئەم دۆخەن.

یەكێتی و گۆڕان، پێكهێنەری ئەم كابینەیەن. بەتەنها بەرپرسی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان نین، بەرپرسن لەسەقامگیریی كوردستان و ژیانی خەڵك. ئەوان لەحكومەتێكن كە لەماوەی چەند مانگی رابردوو لەدەرەوەی هەموو قانونێك دەیان رۆژنامەنوس و چالاكوانی دەستگیركردووە.

یەكێتیی و گۆڕان، لەهەموو بۆنەو یادێك دروشمی ئازادی و ژیانی كەرامەتمەندانە بۆ خەڵك دوپاتدەكەنەوە، بێدەنگبونیان لەئاست ئەم پێشێلكارییانە، لە بەرپرسێتی دوریان ناخاتەوە. ئەگەر دەیانەوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خەڵك دەنگیان پێبدات، دەبێ‌ قسەیەكیان هەبێت.

ئەو پێشێلكاریانەی روودەدات، بەرپرسێتیەكەی لەئەستۆی پەرلەمانی كوردستانیشە. “گوایە” ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری خەڵكی كوردستانن و خەڵك دەنگی پێداون. لەسەریانە ئەو هەموو دروشمە باقوبریقەی لەهەڵبژاردنەكان بەرزیانكردەوە بەكردار بیسەلمێنن. ئەوەتا خەڵك لەدەرەوەی قانون دەستگیردەكرێت و ئازادی كۆتوبەند دەكرێت، فەرموون قسەیەكتان هەبێت؟

ئەم دۆخە لەكاتێكدایە، كە چەند رۆژێك بەرلەئێستا دونیایەك دروشم و تەخوینمان لە میدیاكانەوە بیست سەبارەت ئەنجامی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان. دەركەوت ئەو دەوڵەتەی بەشێك لەسەركردایەتی حزبە سیاسیەكان دەیانویست دروستی بكەن، ئەمە دۆخی ئابورییەكەیەتی و ئەمەشە بارودۆخی ئازادییەكەی.

سەرتیپ جەوهەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا