سلێمانی، بەدواداچوون بۆ دۆخی كۆرۆنا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

ژمارەیەك پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ زۆربوونی حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا دەكەن و دەشیانەوێت حكومەتی عێراق لەسەر دۆخی كۆرۆنای سلێمانی بهێننە سەر خەت.

ئەو پەرلەمانتارانە لەسەر داوای خۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كۆبونەوە، دواتریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا جەختیان لەوەكردەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی دەكەن تاوەكو هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوان دیاری بكرێن.

دۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی ئێستا بەجۆرێكە كە بەرپرسانی ئەو كەرتە رێنمایی و هۆشیاری ئەوە دەدەنە هاوڵاتیان گەر بێت و خەڵكی بێ باكانە رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ نەكەن، ئەوا مەترسییەكان روو لە زیادبوون دەبن، بەجۆرێك نەهامەتییەكانی ئەو ڤایرۆسە تەنگ بە تەواوی خێزانەكان هەڵدەچنێت.

هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوان دیاری دەكرێن

بەختیار شاوەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، كۆمەڵێك هۆكار هەیە كە لە سلێمانی رێژەی تووشبوون و مردن زۆرترە، بۆ نمونە لە پارێزگاكانی عێراق ئاماری ورد بڵاوناكرێتەوە و تێستی راستەقینە نییە، لە سلێمانی هەیە ئامارەكان بەشەفافانە بڵاودەكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەرنامەیاندایە ئەو نەخۆشخانەیەی حكومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە لە سلێمانی دروستی بكات هەوڵ دەدەن لە بری ئەوەی 100 قەرەوێڵەیی بێت بكرێتە 150 یان 200 قەرەوێڵەیی.

لە هەرێمی كوردستان تادێت ئامارەكانی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا بەرزتردەبنەوە و لەماوەی چوار رۆژی رابردووشدا ئامارەكانی تووشبوون لە شەو و رۆژێكدا هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووەو 17 كەسیش مردوون.

پەرلەمانتاران دەیانەوێت رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی سلێمانی بێبەش نەبێت لەو هاوكارییە تەندروستییانەی كە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەیگەیەنێتە پارێزگاكانی تر

هاوكات سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانە بەڵێنیاندا هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بكەن چ لە حكومەتی ناوەندی بێت یان حكومەتی هەرێم.

وتیشی، “ئەوان باسیان لەوەكرد چۆن دەتوانن رۆڵ بگێڕن لە بەغدا بۆ ئەوەی سلێمانی بێبەش نەبێت لەو هاوكارییە تەندروستییانەی كە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەیگەیەنێتە پارێزگاكانی تر”.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە جیهاندا، لەسەر ئاستی وڵاتان بە هەرێمی كوردستانیشەوە چەندین رێوشوێنی توند گیرانەبەر، لەوانە قەدەغەی هاتووچۆو راگرتنی دەوامی فەرمی فەرمانگەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە شوێنە گشتییەكاندان بەڵام هێشتا نەتوانرا وەك پێویست بەر بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بگیرێت.

“لەچەند مانگی داهاتوودا ئەگەر خەڵك خۆی نەپارێزێت، ئەوا بەدووری مەزانن هیچ خێزانێك نابێت قوربانییەكی كۆرۆنای نەبێت “

سەباح هەورامی ئەوە دەخاتەڕوو، ئەوان لە كۆتایی مانگی ئازار و سەرەتای مانگی نیسان باسی بارودۆخێكیان دەكرد كە لەپارێزگای سلێمانی رێژەی تووشبوون و مردن زۆرتردەبێت و پێشبینییەكەشیان دروست دەرچوو، “ئێستاش ئەوە دەڵێین لەچەند مانگی داهاتوودا ئەگەر خەڵك خۆی نەپارێزێت و خۆپاراستن بەم ئاستەی ئێستابێت، چۆن هیچ خێزانێك نییە لە پارێزگای سلێمانی كەسێكی یان ناسراوێكی تووشی كۆرۆنا نەبوو بێت، ئەوا بەدووری مەزانن هیچ خێزانێكیش نابێت قوربانییەكی كۆرۆنای نەبێت “.

تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان كۆی گشتی رێژەی تووشبوون گەشتووەتە زیاتر لە 66 هەزار لەو ژمارەیەش نزیكەی 39 هەزاریان چاكبونەوەتەوە، هاوكات دوو هەزارو 243 كەسیش بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە، بەجۆرێك هەزارو 110 كەسیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا