پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جووتیارانی گوندی شەناغە ڕایانگەیاند، تەنیا یەک هەفتە مۆڵەت بە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەدەن بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەبکرێن، وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، ئەگەر کێشەکانیان چارە نەکرێن ئەوا دەست بە کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەنەوە.
جووتیارانی گوندی شەناغە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی پەیامی خۆیان ئاراستەی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کرد و وتیان: مۆڵەتی 48 کاتژمێر زۆر کەمە بەو کاتە کەمە کێشەکانمان چارە ناکرێن، بۆیە مۆڵەتی یەک هەفتەیان پێدەدەین بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارە بکەن.
ئاماژەیان بەوە دا، تا سێشەممەی داهاتوو ئەگەر کێشەکانیان چارەنەکرێن، ئەوە دەست بە کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەنەوە و گوێ بە کەس نادەن.
رۆژی دووشەممە 17 ی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کرد.
سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام جووتیارانی کوردیش ڕژدبوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن.