پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
غەززە لە قۆناغێکی مەترسیدار نزیک دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست وەک بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئازار کۆتایی پێبێت.
ترەمپ سوورە لەسەر دەركردنی دانیشتووانەكەی و نەتەنیاهۆش دەڵێت پلانەكەی ترەمپ جێبەجێدەكەین، میسریش پلانێكی نوێی پێشنیازكردووە لەپێناو مانەوەی دانیشتووانی غەززە لە شوێنی خۆیان.
نەتانیاهۆ رایگەیاند، وەک بەڵێنم دا، دوای شەڕی غەززە، حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی بوونی نابێت
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رەتکردنەوەی بزووتنەوەی (حەماس) یان دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە لە دوای جەنگ دووپاتکردەوە، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئیسرائیلیدا کە باسی لە ئامادەیی بزووتنەوەکە کرد بۆ گواستنەوەی ئیدارەی کەرتی غەززە بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی.
نەتانیاهۆ رایگەیاند، وەک بەڵێنم دا، دوای شەڕی غەززە، حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی بوونی نابێت.
هەروەها زیادی کرد: من پابەندم بە پلانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە غەززەیەکی جیاواز.
ترەمپ لە میانەی پێشوازیکردنی لە نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی لە 4ی شوبات رایگەیاندبوو، ئەمریکا کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززە دەکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی وەک بەشێک لە دیدگای خۆی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، کە بریتییە لە رەوانەكردنی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و نیشتەجێکردنیان لە میسر و ئوردن و رێگریکردن لە گەڕانەوەیان.
نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی غەززە، قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕ و ئاگربەستی لە غەززە تاوتوێ كرد.
ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە دەزگایەکی تایبەت بۆ “ڕۆیشتنی خۆبەخشانە”ی خەڵکی غەززە دادەمەزرێنێت، ئەمەش لە کاتێکدا ئیسرائیل پابەندبوونی خۆی بە پێشنیاری ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە و دەركردنی دانیشتووانەکەی دەربڕی.
سەرەتای ئەم مانگە، کاتز فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کرد کە پلانێک بۆ ڕێگەدان بە کۆچی خۆبەخشانەی دانیشتوانی غەززە ئامادە بکات، پێشوازی لە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد، کە “دەتوانێت دەرفەتی فراوان بۆ دانیشتوانی غەززە دابین بکات کە ئارەزووی ڕۆشتنیان هەیە، یارمەتیان بدات بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ وڵاتانی میوانداردا تێکەڵ ببن، هەروەها ئاسانکاری بکات بۆ پێشکەوتن لە بەرنامەکانی ئاوەدانکردنەوە بۆ غەززەیەکی داماڵراو و بێ هەڕەشە”.
میسر و پلانی ئاوەدانكردنەوەی غەززە
میسر پلانێک دادەڕێژێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بەبێ ئەوەی فەلەستینییەکان ناچاربکەن خاکی غەززە بەجێبهێڵن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چۆڵکردنی غەززە.
بەرپرسانی میسر لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەوروپی و هەروەها لەگەڵ سعودیە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی تاوتوێی ئەو پلانە دەکەن
رۆژنامەی ئەهرامی میسری بڵاویکردەوە، ئەو پێشنیازە بریتییە لە دامەزراندنی “ناوچەی سەلامەت” لەناوخۆی غەززەدا کە فەلەستینیەکان بتوانن بەشێوەیەکی کاتی تێیدا بژین.
بەرپرسانی میسر لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەوروپی و هەروەها لەگەڵ سعودیە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی تاوتوێی ئەو پلانە دەکەن.
هەروەها باس لە رێگاکانی دابینکردنی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکەن، لەوانە ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
ئیسرائیل و حەماس هێشتا ناچارن دانوستان بکەن بۆ قۆناغی دووەم کە ئامانجی ئازادکردنی هەموو ئەو بارمتانەیە ماونەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، لەبەرامبەر کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە و وەستاندنی درێژخایەنی شەڕەکە.
ئیسرائیل داوای نەهێشتنی بزووتنەوەی حەماس وەک هێزێکی سیاسی یان سەربازی لە کەرتی غەززە دەکات و پێناچێت خێرخوازانی نێودەوڵەتی بەشداری لە هیچ ئاوەدانکردنەوەیەکدا بکەن ئەگەر حەماس بەرپرسیاربێت.