پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان رەتیدەکەنەوە خاکەکەیان بەجێبهێڵن و دەڵێن، ”هەزارەها شەهیدمان لەپێناو ئەو خاکە داوە و ئامادە نین خاکی باوباپیرانمان بۆ عەرەبی هاوردە جێبهێڵین.”
ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق سەردانی ناحیەی سەرگەڕانیان کرد لە سنووری کەرکووک بەمەبەستی لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان جوتیارانی کورد لە ناحیەکە و بەشێک لە سوپای عێراق.
جگە لە پەرلەمانتارانی کورد، نوێنەری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە ناحیەی سەرگەڕان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جوتیارانی گوندەکە کرد.
خاوەن زەوییەکی ناحیەی سەرگەڕان لەوبارەیەوە بە پۆڵەتیک پرێسی وت، “نوێنەرەکەی سودانی هیچی پێ نییە و دەبوایە داوای لێبوردن بکات لەسەر ئەو رەفتارەی دوێنێ سوپای عێراق دژ بە جوتیارانی کورد نواندی.”
ئەو جوتیارە کوردە دووپاتیکردەوە کە ئەوان ئامادە نین دەست لە خاکی خۆیان هەڵبگرن و دەڵێن: ئێمە شەهیدمان بۆ ئەو خاکە داوە و ئامادە نین خاکی باوباپیرانمان بۆ عەرەبی هاوردە بەجێبهێڵێن.
جوتیارانی کورد لە گوندەکە داوا لە سەرکردایەتی کورد دەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن، چونکە بە وتەی خۆیان زەوییەکان موڵکی ئەوانە و سوپای عێراق هاوکاریی عەرەبە هاوردەکان دەکات و رێگریی لە جوتیارانی کورد دەکات بچنە سەر زەوییەکانیان.
دووشەممە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک لەو کاتەی جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، سوپای عێراق بەبەکارهێنانی هەمەر و کەرەستەی سەربازی رێگریان لە جوتیاران کرد.