پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سێ یاسا پەسەندکراوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەنێویاندا یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حزبی بەعسی لەناوچوو و گێڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند. یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2025 کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی بەعسی لەناوچوو، گێڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان، چووە بواری جێبەجێ کردن و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە.
شایەنی باسە جگە لەو یاسایە دوو یاساکەی دیکەش کە بریتین لە یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسیی عێراق کە پێداگریی سوننە و شیعەکانی لەسەر بوو بەهەمانشێوە لە رۆژنامە فەرمییەکەی دەوڵەتی عێراق بڵاوکرایەوە و دەکرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 بە زۆرینەی دەنگ یاساکانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبی بەعسی لەناوچوو، لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ی ساڵی 1959ی پەسندکرد.
پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی بەعسی لەناوچوو لەبارەی زەوییەکانی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و گەڕاندنەوەیەتی بۆ خاوەنە راستەقینەکانی خۆیان کە کورد تێیدا سودمەند دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی کە پێداگریی پێکهاتەی سوننەی لەسەر بوو، رێگە بە ئازادکردنی 20 هەزار زیندانیکراو دەدات کە زۆرینەیان لەسەر پشکی پێکهاتەی سووننەن و پاش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون.
هەمواری یاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ی ساڵی 1959ش یەکێکی دیکەیەک لەو بڕیارانەی کە لە رۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە و دەکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لەمەودوا بە یاسا لە عێراق رێگە بە بەشودان و هاوسەرگیرکردنی کچانی تەمەن 9 ساڵ دەدرێت لە کاتێکدا بەگوێرەی یاساکە کۆنەکە تەمەنی رێگەپێدراو 18 ساڵ بوو.