پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاوپەیمانیی بەنرخ بوون لە جەنگی دژی تیرۆر، راشیگەیاند، “بە وەفاین بەرامبەریان و بەرگریی لە بەرژوەندییەکانیان دەکەین.”
رۆژی هەینی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆنفرانسی پاریس تایبەت بە کاروباری سووریا کە بەبەشداریی 20 وڵاتی جیهانی، یەکێتی ئەورووپا، کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو بەڕێوەچوو باسی لە دۆخی راگوزەری سووریا کرد پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی فەرەنسا قوربانییەکانی گەلی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و وتی، “دەمەوێت لەبارەی ئاسایشەوە دووپاتی بکەمەوە کە ئێمە بەوەفاین بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کە هاوپەیمانێکی بەنرخی ئێمە بوون لە جەنگی دژی تیرۆر، وەفادارین بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانمان و قەرزداریانین. هەسەدە ئازایانە شانبەشانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی جەنگان و قوربانییان دا، ئێستاش کاتی ئەوەیە نەک پشتیان تێبکەین، بەڵکو دەبێت بەرگریی لە بەرژوەندییەکانیشیان بکەین.”
کۆنفرانسی پاریس رۆژی 13ی شوبات دەستی بە کارەکانی کرد و وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی وڵاتانی تێیدا بەشدارن. مەبەست لە کۆنفرانسەکە هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی ئەو دەوڵەتانەیە بۆ پشتیوانیکردن لە قۆناغی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە سووریا لە کاتێکدا حکومەتی نوێ لە دیمەشق جەخت لەسەر خواستی خۆی دەکاتەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا.