ئەمریکا سزای بەسەر داواکاریی گشتیی دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتیی سەپاند

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی هەینی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا سەپاند، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەی پێشوو واژۆی لەسەر فەرمانی سەپاندنی پاکێجێک لە سزاکان کرد بۆسەر دادگاکە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژی 7ـی شوبات واژۆی لەسەر فەرمانێکی جێبەجێکاریی کرد کە تێیدا سزای ئابووری و قەدەغەی گەشتکردنی بەسەر دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتیی-ICC سەپاند ئەمەش بەهۆی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشوویی ئیسرائیل بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە کەرتی غەززە.

ترەمپ دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتیی بە بەشداریکردن لە “کردەوەی ناشەرعی و بێ بنەما کە ئەمریکا و هاوپەیمانی نزیکمان ئیسرائیل دەکاتە ئامانج” تۆمەتبار کرد.

سزاکان بریتین لە بلۆککردنی هەر سەروەت و سامانێک کە کەریم خان لە ئەمریکا هەیەتی، هەروەها ئەمریکا رێگریش دەکات لە پێدانی ڤیزە بە کەسوکاری ناوبراو کە بیانەوێت بە سەردان گەشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکەن.

دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی سزاکانی ئەمریکای کردووە و سوێندی خواردووە کە پشتی ستافەکەی بەرنەدات و ” لە هەموو بارودۆخێکدا بەردەوام بێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و گێڕانەوەی هیوا بۆ ملیۆنان قوربانیی بێتاوانی دەستی دڕندەکان لە سەرانسەری جیهان.”

ئەمە دووەمین جارە ئەمریکا سزای لەو شێوەیە بەسەر دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەسەپێنێت و پێشتریش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2020، ئەمریکا سزای بەسەر دادوەرێک و ژمارەیەک لێکۆڵەر سەپاند کە بەدواداچوونیان دەکرد بۆ ئەو تۆمەتانەی باسیان لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی دەکرد لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە ئەفغانستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا