پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
گۆڕانی کەشوهەوا، یەکێکە لەو بابەتانەی لەجیهاندا باسێکی زۆری لەسەرە و کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە و بەتێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا کارەساتە سروشتییەکانیش ڕوو لە زیادبوونە، لەگەڵ بەردەوامبوونی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی کارەسات و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێکی زۆر لە شارەکان مەترسی ژێر ئاو کەوتنیان هەبێت.
بەپێی توێژینەوەکان، لەگەڵ بەردەوامی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی کارەساتە سروشتییەکان، چەندین شاری گەورە و بەناوبانگ لەجیهاندا، لە داهاتوودا مەترسی ژێر ئاو کەوتنیان هەیە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانایانی زانکۆی تەکنەلۆژیای نانیانگ، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2100 ئاستی دەریاکانی جیهان 1.9 مەتر بەرز ببێتەوە، ئەگەر دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی باران بارین لەجیهاندا ئەگەری دروستبوونی لافاوی وێرانکەر زیاتر دەبێت، بۆیە ئەگەر ئاستی دەریاکان بگاتە ئەو بەرزییەی کە لە ساڵی 2100 دا پێشبینی دەکرێت، لەوانەیە زۆربەی شارەکان ژێر ئاو بکەون.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیل، ئامرازی ژیری دەستکردی گووگڵی ImageFX بەکارهێنا بۆ ئەوەی وێنای ئەوە بکات، ئەو 9 شارەی مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویان هەیە لە ساڵی 2100 چۆن دەردەکەون.
لە ساڵی 2100 ئەم نۆ شارە مەترسی ژێر ئاو کەوتنیان هەیە
بانکۆک-تایلاند
نزیکەی 11 ملیۆن کەس لە بانکۆک دەژین، ئەمەش وایکردووە یەکێک لە چڕیترین شارەکانی جیهان بێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاوی کەنداوی تایلاند بە ڕێژەی 0.25 سانتیمەتر لە ساڵێکدا، شارەکە ساڵانە چوار سانتیمەتر لە ئاستی رووی دەریاوە نزم دەبێتەوە.
ژیری دەستکرد خەیاڵی چەند چارەسەرێک دەکات، وەک دروستکردنی ڕێگای بەرز و بەکارهێنانی بەلەم، لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕینی شارەکە بۆ ئەو شێوەیە کات و داهاتی زۆری دەوێت.
هەڵ– ئینگلتەرا
نزیکەی %90ی شاری هەڵ دەکەوێتە ژێر هێڵی شەپۆلی بەرزەوە، بەوشێوەیە دەبێت بە دووەم شار لە بەریتانیا، کە زیاتر مەترسی ژێرئاوکەوتنی هەیە لەدوای لەندەن.
ژیری دەستکرد، پێشبینی دەکات تا ساڵی 2100، شارەکە تێکەڵەیەک لە بینای ئایندە و تەلارسازی باو لەخۆبگرێت، بەڵام ئەگەر بەرگری لە لافاو بەهێز نەکرێت هێشتا مەترسی ژێر ئاو کەوتنی دەبێت.
نیو ئۆرلیانس- ویلایەتە یەکگرتووەکان
نیوەی شارەکە لە ژێر ئاستی دەریاوەیە، نیو ئۆرلیانس یەکێکە لە شارەکانی ئەمریکا، کە مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لەسەرە، شارەکە بەتێکڕا 6.4 میلیمەتر لە ساڵێکدا ژێر ئاو دەکەوێت، لە هەندێک ناوچەش دەگاتە 40 میلیمەتر.
ژیری دەستکرد، دیمەنێکی هەندێک ترسناک ئاشکرادەکات، بەشێوەیەک لە داهاتوودا بەلەمەکان جێگەی ئۆتۆمبێلەکان دەگرنەوە لە شەقامە نقوم بووەکان.
هۆ چی مین-ڤێتنام
هۆ چی مین، بەڕێژەی 5-2 سانتیمەتر لە ساڵێکدا ژێر ئاو دەکەوێت، ئەمەش وایکردووە یەکێک بێت لە خێراترین شارە کەنارییەکان لەجیهاندا، کە ژێر ئاو بکەوێت.
ژیری دەستکرد، پێشبینی ئەوە دەکات لە داهاتوودا شارەکە ببێتە شوێنی نیشتەجێبوون لەشێوەی شوقە و شەقامی بەرز و باڵەخانە.
هامبۆرگ- ئەڵمانیا
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە دەریای باکوورەوە دوورە، بەڵام بەهۆی زریان و باران بارینی زۆرەوە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.
ژیری دەستکرد، داهاتوویەکی وەک ڤینیسیا بۆ شارەکە وێنا دەکات.
ئەمستردام- هۆڵەندا
ئەمستردام، ناسراوە بەوەی پەیوەندییەکی زۆر و نزیکی لەگەڵ ئاودا هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەندا مەترسی ژێر ئاو کەوتنی هەیە، کە بەشێکی دەکەوێتە قوڵی 22 پێ لەژێر ئاستی دەریاوە.
ژیری دەستکرد، پێشبینی دەکات لە داهاتوودا شارەکە تایبەتمەندی خۆی وەک شاری پاسکیل لەدەست بدات.
ڤینیسیا- ئیتاڵیا
بە ڕێژەی 2 میلیمەتر لە ساڵێکدا ژێر ئاو دەکەوێت، واتە تا ساڵی 2100 بەشێکی زۆری ژێر ئاو دەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژیری دەستکرد پێشبینی دەکات کە شارەکە هێشتا پارێزگاری لە تایبەتمەندی خۆی و جوانی و سەرنجڕاکێشی بەلەمەکانی دەکات و تەنانەت لە داهاتووشدا دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری.
کولکاتا- هیندستان
کولکاتا، یەکێکە لەو هەشت شارە گەورەیەی کە ئەگەری هەیە لە ماوەی سی بۆ چل ساڵی داهاتوودا ژێر ئاو بکەوێت، بۆیە حکومەتی هیندستان دەبێت هەندێک گۆڕانکاری گەورە بکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، شارەکە ساڵانە 2 میلیمەتر ژێر ئاو دەکەوێت و بەهۆی باران بارینی زۆرەوە ڕووبەڕووی دروستبوونی لافاو دەبێتەوە.
گۆڵد کۆست- ئوسترالیا
گۆڵد کۆست، مەترسی دروستبوونی لافاوی هەیە، بەهۆی نزمی شوێنەکەی لە نزیک دەریا، ژیری دەستکرد پێشبینی ئەوە دەکات، لە داهاتوودا ئەم شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگە چۆڵ دەبێت و هەندێک لە باڵەخانە و دارخورماکان لەنێو ئاوی فراواندا دەمێننەوە.