پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ڕۆژی چوارشەممە، ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا هەبوو، دواتر ترەمپ پەیوەندی بە سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە ئاگاداری بکاتەوە.
زێلێنسکی لە هەژماری ئێکسی خۆیدا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەیدا باسی “چانسی گەیشتن بە ئاشتی” لە ئۆکرانیا کردووە، هەروەها هیوای خۆی دەربڕیوە کە واشنتۆن بتوانێت “ڕووسیا و پوتین بەرەو ئاشتی بەرێت”.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، “هیچ ناپاکییەک” لە هەڵوێستی ئەمریکادا نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ گرنگی بە دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ دەدات بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە رێککەوتن.
رۆژی پێنجشەممە، لە کاتی قسەکردنیدا بۆ رۆژنامەوانان لە بارەگای سەرەکیی ناتۆ لە برۆکسل، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لە لێدوانەکانی رۆژی پێشووی کرد، کە وتبووی، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا بکرێت، “کردەیی نییە” ئوکرانیا بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش 2014 یان ببێتە ئەندامی ناتۆ.
هێگسەس پێنجشەممە وتی، هیچ ناپاکییەک لەمەدا نییە، درککردنێک هەیە بەوەی کە هەموو جیهان و ئەمریکا هەوڵی ئاشتی دەدات.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن بەدوای کۆتاییهێنانە بە شەڕی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی دیبلۆماسی و ئاشتیانە بە شێوەیەک کە ئاشتییەکی هەمیشەیی دروست بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ کام لە لایەنەکان ئەوەی دەیانەوێت لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بەدەستی ناهێنن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا بە “باشترین کەس دەزانێت لەوەی چۆن بگاتە ئەو چارەسەرانەی کە هەندێک لە مێژە بە مەحاڵیان زانیوە”.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی پێنجشەممە، کرێملین ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا بەشداری لە دانوستانەکانی ئاشتیدا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام ڕێڕەوێکی جیای ئەمریکی و ڕووسیا بۆ دانوستانەکان دەبێت.
ترەمپ و پوتین ڕۆژی چوارشەممە زیاتر لە کاتژمێرێک قسەیان کرد
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملینەوە بڵاویکردەوە، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند مانگێکی پێدەچێت، بەڵام هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ڕیازی پایتەختی سعودیە شوێنی گونجاوە بۆ کۆبوونەوەکە.
ترەمپ و پوتین ڕۆژی چوارشەممە زیاتر لە کاتژمێرێک قسەیان کرد، ئەمەش یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆیە لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا و ڕووسیا لە دوای ئەوەی پوتین پەیوەندییەکی لەگەڵ جۆ بایدن ئەنجامدا پێش دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی 2022.
کۆشکی کرملین ڕایگەیاند کە سەرسامن بە هەڵوێستی ترەمپ سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، هەروەها ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرکردە بەردەوامە.
نیگەرانییەکانی ئۆکرانیا
لەبەرامبەردا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، “بەبێ ئامادەبوونمان هیچ دانوستانێک لەسەر ئۆکرانیا قبوڵ ناکەین”.
سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، زێلێنسکی وتی: بە ترامپم وت کە بەبێ گەرەنتی ئەمنی مەحاڵە بگەینە ڕێککەوتن و متمانەم بە پوتین نییە و ئەگەر بتوانم ناچاری بکەم کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، ئەوا پێشوازی لەوە دەکەین.
وتیشی: پێویستە لەسەر ئەو گەرەنتییە ئەمنییانەی کە پێویستمانە ڕێکبکەوین، دەمانەوێت ناتۆ لە کیێڤ ببینین بە چەک و سەربازی ئەمریکی و ئەوروپی.
لەکاتێکدا زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکییەکان نایانەوێت ئێمە ببینە ئەندامی ناتۆ، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا 20%ی تێچووی شەڕەکە دابین دەکات، هەروەها یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوە داراییەکانی کیێڤ.
باسی لە پێویستی ئۆکرانیا کرد بۆ دوو هێندەکردنی ژمارەی هێزەکانی، بە لەبەرچاوگرتنی کەمیی بودجە کە لە نێوان 15 بۆ 40 ملیار دۆلاردایە.
ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە 500 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ناوچەی کورسکی ڕووسیای کۆنترۆڵ کردووە، کە بە نیازە لە گۆڕینەوە لەگەڵ مۆسکۆ بەکاری بهێنێت، کە 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەمترە لەوەی لە مانگی تشرینی دووەمدا کۆنترۆڵی کردبوو.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە کیێڤ 500 کیلۆمەتری ناوچەی کورسکی ڕووسیای کۆنترۆڵکردووە، بەنیازە لە ئاڵوگۆڕکردنی ئۆکرانیا لەگەڵ مۆسکۆ بەکاریبهێنێت.
هۆشداری ئەوروپی
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتی ناتۆ جەختی لە پێویستی بەشداریکردنی ئۆکرانیا لە هەر دانوستانێک بۆ گەیشتن بە ئاشتی کردەوە.
ڕوتە هەروەها جەختی لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی “ئەنجامێک کە زیانێک نەبێت بۆ ڕۆژئاوا” جەختی لەوە کردەوە کە “پوتین دانوستانکارێکی بەهێز و پێشبینینەکراوە”.
ئەوروپییەکان هۆشدارییان دا کە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی کە بەبێ بەشداریی برۆکسل و کیێڤ بکرێت، شکست دەهێنێت
سەبارەت بە ئەندامێتی ئۆکرانیا، سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکە پێشتر پابەندبوونی خۆی بە ئەندامێتی ئۆکرانیا ڕاگەیاندبوو، “بەڵام بەڵێنی ئەندامێتیمان پێ نەدا وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی”.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئەوروپییەکان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشدارییان دا کە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی کە بەبێ بەشداریی برۆکسل و کیێڤ بکرێت، شکست دەهێنێت.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: هەر ڕێککەوتنێک کە لە پشتی ئێمەوە بکرێت، کارناکات، “هەر ڕێککەوتنێک پێویستی بە بەشداریکردنی ئۆکرانیا و ئەوروپا دەبێت و ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەم هەوڵانە بۆ هێورکردنەوە هەمیشە شکست دەهێنن”.
لای خۆیەوە کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، دەبێت دڵنیابکرێتەوە کە ئۆکرانیا لە دڵی هەر دانوستانێکدایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
لە بەرامبەردا ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، “ئاشتی سەپێنراو” بەسەر ئۆکرانیا ڕەتدەکاتەوە، وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش پەشیمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو شتانەی کە بە “ئیمتیازاتەکان” وەسفیکرد، واشنتۆن تەنانەت پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانیش بە مۆسکۆ داویانە.