حکومەتی هەرێم دامەزراندن، گواستنەوەی راژە و هەژمارکردنی خزمەتی راگرت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی دامەزراندنی بە سەرجەم شێوازەکانیەوە لەسەرجەم وەزارەت و کەرتە گشتییەکانی حکومەت راگەیاند.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ ژمارەیەک رێنمایی لەژێر ناونیشانی گشتاندنی دارایی ژمارە 3ـی ساڵی 2025ی تایبەت بە یەکخستنی رێکارە داراییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بڵاوکردەوە.

لە گشتاندنەکەدا هاتووە، خشتەی مووچەی مانگی یەک دەبێت بە بنمایەک بۆ مووچەی سەرجەم مانگەکانی دیکە تا ئەو کاتەی خشتە نوێیەکانی بوودجەی گشتیی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە پەسند دەکرێن.

هەروەها بەگوێرەی گشتاندنەکە گواستنەوەی راژەش لەنێوان وەزارەت و کەرتەکان بۆ فەرمانبەرانی حکومی رادەگیرێت و جگە لە خانەنشینان چی دیکە خزمەت بۆ هیچ فەرمانبەرێک هەژمار ناکرێت، ئەمە جگە لە لابردنی هەژمارکردنی بڕوانامەی نوێ لەسەر مووچە.

وەزارەتی دارایی هەرێم راشیدەگەیێنیت، دامەزراندن بە هەموو شێوەکانیەوە لە هەمیشەیی، کاتی، لەجیاتی دانان، خۆبەخش، وانەبێژ، گرێبەست یان لەسەر داهاتی ناوخۆ، رادەگیرێن. هەروەها بەخشین و بەستنی دەرماڵەی نوێ رادەگیرێت، ئەمە جگە لە راگرتنی دامەزراندنی پلە باڵاکانیش لەسەروو پلەی بەڕێوەبەری گشتی کە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم بڕیارانە بەشێوەیەکی کاتی لە سەرتاسەری عێراق کاری پێدەکرێت تاکو ئەو کاتەی خشتە نوێیەکانی بوودجەی گشتیی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا