بۆچی تورکیا لە هەموان زیاتر چاوی لەسەر سوریایە؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کاریگەری ڕووخانی ڕژێمی سوریا تەنیا لە دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەدا سنووردار نەبوو، بەڵکو کاریگەرییەکەی درێژبووەوە بۆ ئەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی شۆڕشی سوریایان دەکرد لەسەر ئاستی مرۆیی و سەربازی و سیاسی، وەک تورکیا کە دەیەوێت لە گۆڕانکارییەکانی سوریای دوای ئەسەد رۆڵی هەبێت و هەژموونی خۆی بسەپێنێت.

لەبەرامبەردا، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گورزێکی سەخت بوو لە بەرژەوەندی ستراتیژیی ئەو وڵاتانەی کە پاڵپشتی ڕژێمەکەیان دەکرد و جۆرەها پاڵپشتییان بۆ دابین کرد کەبەهۆیەوە هەموو ئەم ساڵانە ڕووخانەکەی دواخست، وەک ڕووسیا و ئێران کە بنکە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری ناوچەکانی سوریادا بڵاوبوونەتەوە، ئەمە جگە لە بوونی دەیان میلیشیای چەکداری سەر بە خۆیان.

لەگەڵ دابەزینی ڕۆڵی ئێران دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، پێدەچێت ئەمڕۆ ڕوون بێتەوە کە کێبڕکێی ناوچەیی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە گۆڕەپانی سوریادا بەرەو هەڵکشان دەچێت، ئەمەش دەرگایەکی بەرفراوان دەکاتەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە کێ ئەم بۆشاییە لە ڕووی سەربازییەوە لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا پڕدەکاتەوە، لە کاتێکدا کە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا ڕەنگە براوەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەبێت لە سوریای دوای ئەسەد.

ڕۆڵی سەربازی تورکیا

جگە لە پاڵپشتی سیاسی و سەربازی بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لە سەرەتای چالاکییە سەربازییەکانەوە دژ بە هێزەکانی ڕژێمی لەکارخراو، تورکیا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦-٢٠٢٠دا چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی سوریا دەستپێکرد کە بریتی بوون لە قەڵغانی فورات، لقی زەیتون، بەهاری ئاشتی، قەڵغانی بەهار، لە ڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە بە هاوکاری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن توانی چەند ناوچەیەک لە باکووری سوریا کۆنتڕۆڵ بکات کە بەشێکیان لە ژێر کۆنترۆڵی داعش و بەشەکەی دیکەی لە ژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بوون.

جگە لەو بنکە سەربازییانەی کە لە عەزاز، عەفرین و جەرابلوس لە لادێکانی حەلەب بڵاوبوونەتەوە، هەروەها تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە ژمارەیەک خاڵی چاودێری سەربازیی لە ناوخۆی پارێزگاکانی ئیدلب، حەما، و حەلەب دامەزراندووە کە هێزەکانی ڕژێمی لە ئۆپۆزسیۆن جیاکردەوە.

ئەم دەستێوەردانە سەربازییە ڕاستەوخۆیانەی تورکیا لە شەڕی سوریادا ( بە وتەی شارەزایانی سەربازی ) دۆخێکی سەختی دروستکرد بۆ ئەو ڕژێمە و هاوپەیمانەکانی لەوکاتەدا کە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە لە شەڕەکەدا و نەهێشتنی ئەوەی لە ئۆپۆزسیۆن مابووەوە لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە هەوڵیدەدا.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ١٣ی کانوونی دووەمدا پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی لە کاتی هێرشی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریادا، ڕوسیا و ئێرانی ڕازی کردووە کە دەستوەردانی سەربازی لە سوریا نەکەن، کە بووە هۆی ڕووخانی بەشار ئەسەد، فیدان وتی: گرنگترین شت قسەکردن بوو لەگەڵ ڕووسەکان و ئێرانییەکان و دڵنیابوون لەوەی کە لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردان لە هاوکێشەکەدا ناکەن.

فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی

هەرچەندە سەرچاوەیەکی بەرپرسیار لە وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەو قسەیەی ڕەتکردەوە کە ڕۆیتەرز پێش سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەنقەرە لە سێشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە هەردوولا تاوتوێی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکەن کە بریتی دەبێت لە دامەزراندنی بنکەی ئاسمانی تورکیا لە ناوەڕاستی سوریا و ڕاهێنانی سوپای سوریا، بەڵام هێشتا زۆرێک لە سەرچاوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەنقەرە لەم چوارچێوەیەدا بۆ ڕەچاوکردنی جیۆپۆلەتیکی پەیوەست بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و ستراتیژییەکانی تورکیا بەردەوامە.

تورکیا بەنیازە دوو بنکەی سەربازی لە سوریا دابمەزرێنێت و 50 فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هاریکاری بەرگریدا جێگیربکات

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە پشتبەستن بە بەرپرسانی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەنقەرە بیر لە دروستکردنی بنکەی سەربازی لە سوریا دەکاتەوە لە چوارچێوەی پلانێک کە هاوکات دابینکردنی چەک و مەشقی سەربازی بۆ سوپای سوریا لەخۆدەگرێت.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتەکان بڵاوبوونەتەوە، پێش سەردانەکەی شەرع بۆ ئەنقەرە، کە تورکیا بەنیازە دوو بنکەی سەربازی لە سوریا دابمەزرێنێت و 50 فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هاریکاری بەرگریدا جێگیربکات، کە ڕەنگە بەم نزیکانە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی ئاسمانی کاتی بۆ سوریا خزمەت بکات تا ئەوکاتەی سوریا هێزە ئاسمانیەکەی بنیاد دەنێتەوە.

بە وتەی چاودێران، سەرەڕای پاڵنەرە بەهێزەکانی تورکیا بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازی خۆی لە سوریا، بەڵام سەرکەوتنی لەو کارەدا بەندە بەو ڕادەیەی کە زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئەم ڕۆڵە قبوڵ دەکەن یان نا، جگە لەوەی ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکاش ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و تەحەددیات بێتەوە لە ناوخۆی سوریاوە.

سەرۆکی سوریا لە قۆناغی راگوزەردا، دووپاتیکردەوە کە سوریا هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی قووڵ لە هەموو بوارەکاندا، جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی سوریا “پشتیوانی تورکیا لەبیرناکات”.

نیگەرانییەکانی ئیسرائیل

ئەم هەنگاوانەی تورکیا نیگەرانی بۆ ئیسرائیل دروستدەکات، کە لە یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە کاردەکات بۆ فراوانکردنی پێگەی لە خاکی سوریا جگە لە بۆردومانکردنی دەیان شوێنی سەربازی سەر بە سوپای سوریا.

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، نەخشەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، لەگەڵ گەڕانەوەی تورکیا وەک زلهێزێکی ناوچەیی کە ڕەنگە بچێتە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.

جگە لەوەش، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردەوە، کە لیژنەیەکی حکومەتی ئیسرائیل ڕاپۆرتێکی پێشکەش بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە، ڕۆژنامەکە دەڵێت، کە لیژنەکە هۆشداری داوە لەمەترسی هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرە.

هەرچەندە ئیسرائیل هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەسەر زیادبوونی هەژمونی تورکیا لە سوریا دەرنابڕێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە یاری بە “کۆدێکی هەستیار” دژ بە ئەنقەرە دەکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە پشتیوانی بۆ کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئیسرائیل نیگەرانە لە هەر هەنگاوێکی سەربازیی تورکیا لە سوریا و فراوانبوونی هەژمونی تورکیا لە سوریا ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بکات بە ستراتیژی خۆی لە ناوچەکەدا بچێتەوە

هەرچەندە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە سوریا بەدوور دەزانرێت، بەهۆی بوونی ئیدارەیەکی نوێی ئەمریکی کە پشتیوانی ئیسرائیل و نەتانیاهۆ دەکات و گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەمە پرسی غەززەیە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە تورکیا نایەوێت بەرەیەک لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکاتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەیەوێت کەناڵەکانی هاوکاری و هەماهەنگی بکاتەوە، بەتایبەتی لە دۆسیەی سوریادا، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی “هەسەدە”.

سەرەڕای ئەمە هێشتا ئیسرائیل نیگەرانە لە هەر هەنگاوێکی سەربازیی تورکیا لە سوریا و فراوانبوونی هەژمونی تورکیا لە سوریا ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بکات بە ستراتیژی خۆی لە ناوچەکەدا بچێتەوە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەگەری هەماهەنگی تورکیا و ڕووسیا کە هاوکێشەی نوێ لەناوچەکە دەهێنێتە کایەوە.

هەوڵەکانی تورکیا لە سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە و قەتەر و وڵاتانی دراوسێی وەک ئوردن و عێراق بەڕێوە دەچێت و ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە کە تورکیا نایەوێت ئەو وڵاتانە توڕە بکات سەبارەت بە دەستوەردانەکانی لە سوریا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا