پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک بڕیارى بۆ یەکخستنى رێکارە دارایی و کارگێڕییەکان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ بۆ ئەمساڵ دەرکرد و بەگوێرەى بڕیارەکان، ژمارەى فەرمانبەر و کارمەندان بۆ هەردوو راژەى سەربازى و شارستانى بەجێگیریى دەمێنێتەوە، لیستى مووچەى مانگى کانوونى دووەمیش دەبێتە بنەما بۆتەواوى ساڵەکە.
بەگوێرەى نوسراوێکى ئەنجوومەنى وەزیران، کە واژۆى مەسرور بارزانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى پێوەیە، راگرتنى بەخشین و بەستنى دەرماڵەى نوێ بۆ سەرجەم مووچەخۆران، پابەندبوون بەو رێژە و بڕانەى دەرماڵە کە لە لیستى مووچەى مانگى کانوونى دووەم هاتووە، دامەزراندنى پلە تایبەتەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، جگە لەو شوێنانەى بە بەتاڵى ماونەتەوە و پێشتر تەرخانکراوى دارایی هەبووە.
بەگوێرەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیران، گواستنەوەى راژەى فەرمانبەران لەنێوان وەزارەتەکان قەدەغەیە و ئەژمارکردنى خزمەت بۆ وەزیفەى گشتیی جگە لە خانەنشینى راگیراوە.
لەکۆتایی بڕیارەکاندا ئەنجوومەنى وەزیران داوادەکات، هیچ مامەڵەیەکیان بەمەبەستى درێژکردنەوەى ماوەى خزمەتى دواى خانەنشینى بۆ بەرزنەکەنەوە و ئەنجومەنی وەزیران جەختدەکاتەوە راگرتنى ئەم بڕیارانە کاتییە و تاوەکو کاتى پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەیە بۆ ساڵى 2025.