پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، تانەکانی سەر یاساکانی گەڕاندنەوەی موڵک، باری کەسی، لێبووردنی گشتی رەتکردنەوە و فەرمانسالارییەکەشی هەڵوەشاندەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 11-02-2025، جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیى عێراق، بڕیاری دادگای لەبارەی تانەکانی سەر هەرسێ یاسای لێبوردنی گشتیی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان خوێندنەوە و راگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا بە رەتکردنەوەی سکاڵاکان بە ژمارەکانی 17 و 18 و 19 و 21 و 23 ی فیدراڵی ساڵی 2025، بەهۆی ئەوەی مەرجی بەرژەوەندی تێدانەبوو، هەروەها فەرمانسالارییەکەشی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن ئەم دادگایە بە ژمارە 3 لە 04-02- 2025دەرچوو بوو ، بڕیارەکەش بە زۆرینە لە 11-02-2025 دا دەرچوو.
سکاڵاکاران 18 پەرلەمانتاری شیعە و پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوون.
رۆژی 04-02-2025، دادگای باڵای فیدراڵی کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی هەرسێ یاسای باری کەسی، لێبووردنی گشتی و گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنی رەسەنیان دەرکرد، تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵا تۆمارکراوەکان لەسەریان یەکلایی دەبنەوە.
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق کۆبووەوە و دژى بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی وەستایەوە و بە “نایاسایی” وەسفیکرد.
هەرسێ یاساکە لە دانیشتنی رۆژی 21 ی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسەندکران.