پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کوژرانی والیی کەرکووکی داعش رادەگەیەنێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامی بۆردوومانێکی مانگی رابردووی هێزەکانی بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش راگەیاند، “7 چەکدار کوژراون، یەکێکیان والی کەرکووکە.”
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی شوباتی 2025، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند: “رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، دوای پێڕاگەیشتنی زانیاری هەواڵگریی ورد، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە فڕۆکەی ئێف16 بۆردوومانی چەند پێگەیەکی تیرۆریستانیان لە ناوچەی زەرگە کرد، کە مەفرەزەی تیرۆریستانی تێدابوو.”
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات: “دوای بەدواداچوون بۆ تەرمی کوژراوان کە ژمارەیان 7 کەسە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانرا ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت.”
وەکو شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی دەکات، دیارترین کوژراوەکان ئەمانەن:
1. دەحام محەممەد علێوی، ناسراو بە ئەبو سەعید دەندووشی، کە بە والیی کەرکووک ناسراوە و بەرپرسی چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بووە بۆ کوشتنی هاووڵاییانی بێتاوان، لەگەڵ چەندین تاوانی دیکە لە وادی شای، چیای حەمرین و حەویجە.
2. شەحازە عەلاوی ساڵح، ناسراو بە ئەبو عیسا، بەرپرسی کەرتی حەمرینی چەکدارانی داعش بووە.
3. رەبیع بەتووش، کە یەکێک بووە لە “گرنگترین” چەکدارەکانی داعش.
رۆژێک پێش ئەم هێرشە و لە 30ـی کانوونی دووەمدا هێرشێکی دیکەی ئاسمانیی کرایە سەر پێگەکانی داعش لە چیای حەمرین و بەگوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لەو هێرشەدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە، شەش چەکداری داعش کوژران.