لە بەرامبەر ئەوەی قاچی بخاتەوە سوریا روسیا سەری ئەسەد دەخاتە ناو دەستی شەرع؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پوتین داوای چی لە شەرع دەکات لە بەرامبەر سەری بەشار ئەسەد؟

شارەزایان ئەم پرسیارەیان وروژاند، دوای ئەوەی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی سورییەوە بڵاویکردەوە، سەرۆک کۆماری سوریا، ئەحمەد شەرع، داوای لە مۆسکۆ کرد کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا ڕادەست بکاتەوە، ئەمەش لە میانی سەردانی وەفدێکی ڕوسیا بۆ سوریا، یەکەمجار لە دوای هەڵاتنی ئەسەد.

ڕوسیا چەندین دۆسیەی هەیە کە دەتوانێت دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بکات

شارەزایان پێیان وایە سەردانەکەی شاندی ڕووسیا بۆ ئەوە دێت کە ڕێککەوتنێکی گەورە بخاتە بەردەم ئیدارەی نوێی سوریا، کە بریتیە لە بەدەستهێنانی گەرەنتی هێشتنەوەی بنکەکانی ڕوسیا و زیان نەگەیاندن بە بەرژەوەندی ڕوسیا لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست.

ڕوسیا چەندین دۆسیەی هەیە کە دەتوانێت دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بکات، یەکەمیان دۆسیەی سەرۆکی لابراو، دووەم دۆسیەی گەنم کە لە مۆسکۆوە دێت، ئەمە جگە لە دۆسیەی قەرزەکان.

بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕوسیا لە بەرامبەر هەر ڕێککەوتنێکدا بەدوای گەرەنتیدا دەگەڕێت، کە بریتین لە پاراستنی بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا، دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا لە دەریای ناوەڕاست، پاراستنی ئیمتیازاتی هەناردەکردنی گەنمی ڕوسیا و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە لە سوریا.

لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، بلومبێرگ لە زاری بەرپرسانی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، مۆسکۆ هانی سەرۆکی لابراوی سوریای داوە بۆ ئەوەی لە سوریا هەڵبێت، دوای ئەوەی دڵنیا بوو لە شکستەکەی.

سێ بەرپرسی ڕوسیی نزیک لە کرێملین کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بەگوێرەی بلومبێرگ ڕایانگەیاندووە، ڕوسیا قەناعەتی بە ئەسەد کردووە کە بە خێرایی لە شەڕی دژ بە گروپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی دەستەی تەحریر شام بەرەو دیمەشقی پایتەخت دەدۆڕێت و ڕێگەی سەلامەتی پێشکەش بە خۆی و خێزانەکەی کردووە ئەگەر دەستبەجێ وڵات جێ بهێڵێت.

هیچ شتێک لەم کاتەدا بۆ ڕوسیا لە دەریای ناوەڕاست گرنگتر نییە

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوو کارمەندی هەواڵگری ڕوسیا هەڵاتنەکەیان ڕێکخستووە، ئەسەدیان لە ڕێگەی بنکە ئاسمانییەکەی روسیاوە لە سوریا گواستوەتەوە.

بەڕای چاودێران روسیا ئامادەی گرەوکردنە لەسەر سوریا و لە ڕێگەی ئەوەوە لەسەر دەریای ناوەڕاست، هیچ شتێک لەم کاتەدا بۆ ڕوسیا لە دەریای ناوەڕاست گرنگتر نییە.

ململانێی نێودەوڵەتی لەسەر دەریای ناوەڕاست یەکێک لە هۆکارەکانی پشت پابەندبوونی روسیا بوو بە سوریا لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە تا ئەمڕۆ، بەهۆی گرنگییە ستراتیژییەکەی بۆ زلهێزەکان، بۆیە پێناچێت دوای رووخانی ئەسەد بە ئاسانی دەستی لێبەربدات.

گرنگی سوریا لە حیساباتی ڕوسیادا  (مێژوویی و هەنووکەیی) تەنها بە هەڵکەوتەی جوگرافی و ئەوەی کە ڕەنگە بۆی دابین بکات لە ڕووی بوونی لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستدا سنووردار نییە، بەڵام گرەوێکی گەورە هەیە کە پەیوەندی بە “جیۆپۆلەتیکی” ناوچەیی و پێگەی سورییەکان تێیدا هەیە.

پەیوەندییەکانی ڕووسیا و سوریا لە ماوەی درێژخایەنی مێژووییدا پەرەی سەندووە و یەکێتی سۆڤیەت بۆ دەیان ساڵە یەکەم جەمسەری کارلێکە نێودەوڵەتییەکانی سوریا بووە، لە ڕووی ئابووری، سەربازی و تەنانەت لە ڕووی کولتوورییەوە.

ئەوەی هەیە دەکرێت ببێتە مایەی پرسیار ئایا روسیا بەرامبەر ئەوەی قاچ بخاتەوە خاکی سوریا، (کە دوای هەڵهاتنی بەشار ئەسەد هەژموونی بەسەر ئەو وڵاتەدا نەماوە) سەری ئەسەد دەخاتە ناو دەستی شەرع؟

سیناریۆکانی بڕیاردانی ڕووسیا

1- هێشتنەوەی ئەسەد لە ڕوسیا.

ڕەنگە مۆسکۆ بە چەند هۆکارێک پێی باش بێت ئەسەد بمێنێتەوە، لەوانە:

_ پاراستنی متمانەی خۆی وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو، بەمەش پێگەی ناوچەیی خۆی بەهێزتر دەکات.

_ ڕەگەزنامەی ڕووسی یان پارێزبەندی یاسایی بە ئەسەد بدات بۆ پاراستنی لە لێپێچینەوە.

_ بەکارهێنانی وەک کارتێک لە دانوستانە سیاسییەکان سەبارەت بە داهاتووی سوریا.

2- رادەستکردن بە مەرج.

ئەگەر ڕووسیا بڕیاری ڕادەستکردنی ئەسەد بدات، پێدەچێت لە بەرامبەر ئەوەدابێت کە گەرەنتی دەستکەوتی ستراتیژی بۆ بکات، وەک:

_ ئیمتیازاتی ئابووری یان سەربازی لە ناوخۆی سوریا کە کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا بەرز دەکەنەوە.

_ دڵنیابوون لە دەرچوونی سەلامەتی ئەسەد بۆ وڵاتی سێیەم، دوور لە تاقیکردنەوە ئەگەرییەکان.

3- فشارە نێودەوڵەتییەکان بڕیار لەسەر چارەنوسی ئەسەد دەدەن.

ڕەنگە مۆسکۆ ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بێتەوە لەلایەن زلهێزە ڕۆژئاواییەکانەوە، وەک ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕەنگە تەنانەت رووبەڕووی سزای ئابووری یان سیاسیش ببێتەوە کە ناچاری بکات بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە ئەگەر فشارە نێودەوڵەتییەکان پەرە بسێنن.

ئەگەری بەهێزترین سیناریۆ چییە؟

تا ئێستا پێناچێت مۆسکۆ ئامادەبێت ئەسەد بە ئاسانی ڕادەست بکاتەوە، بەتایبەتی لە غیابی فشاری نێودەوڵەتیدا بۆ ناچارکردنی ئەو کارە، بەڵام ڕەنگە لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا سەبارەت بە سوریا، بوونی ئەسەد وەک کارتێک بەکاربهێنێت، بەتایبەتی ئەگەر دەستکەوتی ستراتیژی لەسەر مێزەکە هەبێت.

ڕۆژانی داهاتوو ئاشکرای دەکەن کە ئایا مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لەسەر لەباوەشکردنی ئەسەد، یان لەژێر فشاری حیساباتی سیاسی نێودەوڵەتیدا بە هەڵوێستی خۆیدا دەچێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا