بەهۆی بڕینەوەی دارەوە دەیان كەس سزا دراون

پۆڵەتیك پرێس

ساڵانەو لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما بەشێك لە هاوڵاتیانی هەرێم لە ناوچە جیاوازەكان بێ گوێدانە یاساو رێنماییە ژینگەییەكان پەنا دەبەنە بەربڕینەوەی دارو درەختەكان تاوەكو وەك پێویستییەكی گەرمكەرەوە سوودی لێبینن.

بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژنگەی هەرێم تەنها لەمساڵدا 56 كەس بەهۆی بڕینەوەی دارو زیان گەیاندن بە ژینگە سزا دراون.

بەشێك لەهاوڵاتیان بۆ بڕینەوەی دارو درەختەكان بیانووی ئەوە دەهێننەوە حكومەت بەشە نەوتی ماڵان دابەش ناكات، بۆیە بەناچاری پەنا بۆ بڕینەوەی درەختەكان دەبەن.

 

بەپێی تەمەنی دارەكان سزای كەسەكان دەدرێن كە لە 25 هەزار دینارەوە تاوەكو 200 ملیۆن دینار دەبێت

هێمن كەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٥٦ هاوڵاتی لەسەر بڕین و سوتاندنی درەختەكان سزادراون.

وتیشی، “ساڵانە لەو چەند مانگەی كۆتایی دەست بە بڕینی داری دارستان و شاخەكان دەكرێت، بەردەوام بنكەكانی پۆلیسی دارستانمان لە ناوچەكان هەڵمەتی گەڕانیان هەیە و ساڵانەش بە دەیان كەس دەگیرێن”.

لەبارەی جۆر و چەندێتی سزاكانیش، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەوانەی لەسەر بڕینی دار دەگیرێن، ئەگەر داری سروشتی بێت یان دارێك بێت مرۆڤ چاندبێتی، دوو جۆر سزا دەدرێت، جارێك سزای یاسایی كە دادگا یەكلای دەكاتەوە، جارێكی تریش سزای ماددی دەدرێت كە بەپێی تەمەنی دارەكەیەو لە 25 هەزار دینارەوە تاوەكو 200 ملیۆن دینارە.

 

تەنها لەمساڵدا 56 كەس بەهۆی بڕینەوەی دارو زیان گەیاندن بە ژینگە سزا دراون

شارەزایانی ژینگە جەخت لەوە دەكەنەوە بڕینەوەی دارەكان زیانێكی زۆر بە ناوچەكە دەگەیەنێت، چونكە درەختەكان ژینگە رێكدەخەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سروشتێكی جوان دەبەخشنە ناوچەكە و سەرچاوەی دابینكردنی ئۆكسجینن، بەڵام لەلایەن هاووڵاتییانەوە پەنا دەبرێتە بەربڕینەوە یان سووتاندنیان.

مەعروف مەجید چالاكی ژینگەپارێز بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بڕینی دارەكان بووە بە دیاردە ئەوەش بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدارەوەیە كە ئەوانیش لەبەر قەیران و نەبوونی موچەوە بەو شێوەیەی كە پێویستە كارەكانیان بۆ ئەنجام نادرێت بەوهۆیەشەوە پەنا دەبەنە بەر بڕینەوەی درەختەكان.

باسی لەوەشكرد، هەرچەندە سزا هەیە، بەڵام وەك خۆیان جێبەجی ناكرێن، “بەداخەوە تا ئێستا لە رێی توێژینەوە و دۆسیەكانەوە نەتوانراوە بە ئامار دیاری بكرێت كە ساڵانە ئەو هەموو دارانە دەبڕێنەوە ژمارەیان دەگاتە چەند”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا