د. یاد نەقشبەندی: لەهەموو شارەكانەوە نەخۆشانی كۆرۆنا روو لەسلێمانی دەكەن

پۆڵەتیك پرێس:
دكتۆر یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس دەڵێت: هۆكاری بەرزبوونەوەی ژمارەی مردن ئەوە ئێمە توشبوومان هەبووە لەشارێكی ترەوە بووە گەشتووەتە شاری سلێمانی لەبەردەم نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، ئێ ئەو كات لەسەر سلێمانی پۆلێندەكرێت.

دكتۆر یاد نەقشبەندی دەشڵێت: حاڵەتێكی تریش بۆ بەرزی ژمارەی مردن ئەوەیە شاری سلێمانی شەفافیەتێكی زۆری كردووە، لەبڵاو كردنەوەی داتاكان‌و ئەوەی بڵاودەكرێتەوە، هیچ گومانێكی لەسەر نییە.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی باس لەوەش دەكات، كە دەوترێت ئاماری شاری سلێمانی بەرزە، لەبەر ئەوەیە لۆدێكی زۆرمان لەسەرە لە شوێنەكانی ترەوە، ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكانیش بۆ ئەوەی ژمارەكان رۆژانە زیاد بكەن.

پۆڵەتیك پرێس: تەندروستی سلێمانی دەڵێت جێگە بۆ تووشبووی نوێی كۆرۆنا لەنەخۆشخانە نەماوەو داوا دەكات كەس نەچێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە زۆربوونی ڕێژەی مردن بەكۆرۆنا دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان درەنگ سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، خەڵكی چی بكەن؟
دكتۆر یاد نەقشبەندی: ئێمە نەمانوتووە خەڵك سەردانی نەخۆشخانەكان نەكات، بەڵكو نەخۆشخانەكان بەشێوازێك پڕبووەتەوە، كە شوێنی نەخۆش نەماوە، لە بەیانیان پزیشكەكان بە ناو نەخۆشەكان دەگەڕێن، ئەوەی كە باری تەندروستی باش دەبێت دەینرێنەوە ماڵەوە، بۆ نموونە، ئاماری دوێنێ 42 حاڵەت تۆمار كراوە، لە بەرانبەردا 33 حاڵەت چووەتەوە ماڵەوە، لەبەر ئەوە مەسەلەكە ئەوە نییە هەمیشە نەخۆشخانەكان قەرەبالغ بێت، ئێمە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین سەرەتا سەردانی پزیشكی پسپۆر بكات، چونكە مەرج نییە یەكسەر پێویستی بەداغڵ بوون بێت.

پۆڵەتیك پرێس: ئەو دەرمانانەی عێراق وەك پرۆتۆكۆڵی نوێی چارەسەری بەكاریاندەهێنێت، هەستدەكرێت بەراورد بە مانگەكانی ڕابردوو ڕێژەی مردنی لەپارێزگاكانی عێراق كەمكردوەتەوە، ئایا لێرەش هەمان دەرمان بەكاردەهێندرێت؟
دكتۆر یاد نەقشبەندی: ئەو لاینانەی بۆ چارەسەر بەكارهاتووە لە شاری سلێمانی دەتوانم بڵێم لە پێش هەموو شارەكانی تری عێراقە شێوەیەكی گشتی ئێمە دەستمان پێكردووە، لە دەرمان لە پلازما، دەتوانم بڵێم ئەو دەرمانانەی، كە تایبەت بووە، سلێمانی یەكەم شار بووە، كە بەكاریهێناوە، ئەمەش بۆ قەرەباڵغی هاووڵاتیانی كۆرۆنا لەنەخۆشخانەكانمان، هیچ بڕە پارەیەك وەرناگرین لە نەخۆش، پلازمای بۆ دابین دەكرێت و پشكنین و چارەسەرەكان ئەمە وایكردووە ئێمە ژمارەیەكی زۆر نەخۆش لەپارێزگاكانی تری هەرێم و عێراقیشەوە سەردانی نەخۆشخانەكانی سلێمانی بكەن، هۆكاری مردنیش ئەوەیە ئێمە توشبوومان هەبووە لەشارێكی ترەوە بووە گەشتووەتە شاری سلێمانی لەبەردەم نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، ئێ ئەو كات لەسەر سلێمانی پۆلێندەكرێت، حاڵەتێكی تریش ئەوەیە شاری سلێمانی شەفافیەتێكی زۆری كردووە لەبڵاو كردنەوەی داتاكان.

پۆڵەتیك پرێس: بودجەی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئێستا لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ سلێمانی دەنێردرێت؟
دكتۆر یاد نەقشبەندی: بەڵێ بێگومان ئەو بودجانەی دیاریدەكرێت تایبەت بەكۆرۆنا، لە لایەن وەزارەتەوە دابەشدەكرێت بەسەر بەڕێوبەرایەتی پاریزگاكان.

پۆڵەتیك پرێس: تیمی سەرپەرشتیاری كۆرۆنا لەسلێمانی هەمان تیمی مانگەكانی ڕابردوون؟ ئەگەر هەمان تیمن هەستناكەن پێویست بەوە دەكات پزیشكی نوێ سەرپەرشتی كەڤەری كۆرۆنا بكات.

دكتۆر یاد نەقشبەندی: پزیشكی پسپۆر لە بوارەكەدا ژمارەیەكی ئەوەندە زۆر نییە، كە بڵێین هەر جارەو با كۆمەڵێك پزیشك بێت، بۆیە هەر ئەو تیمە پزیشكییەن، كە لە سەرەتادا كاریان كردووە و هەر ئەو تیمەش دەبن، كە لە داهاتوودا كاردەكەن، ئەمە شتێك نییە بتوانیت لە ماوەی 3 مانگ پزیشكێكی تایبەت دروست بكەیت، بەڵام دەوترێت ئاماری شاری سلێمانی بەرزە، لەبەر ئەوەیە كە لۆدێكی زۆرمان لەسەرە لە شوێنەكانی ترەوە، ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا