بانکی رەشید لەبارەی پێشینەی هاوسەرگیری دووەم روونکردنەوە دەدات

پۆڵەتیک پرێس

بەرپرسی راگەیاندنی بانکی رەشید لەبارەی پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری دووەمەوە رایگەیاند، ئێمە پێشتریش پێشینەی هاوسەرگیریمان هەبووە بۆ فەرمانبەرانی عێراقی و ناعێراقیش کە لەناو وڵاتەکە کاریان کردووە.

ئامال شوەیلی بەرپرسی راگەیاندنی بانکی رەشید ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای دەرچوونی بڕیاری پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری دووەم، داواکارییەکی زۆر بۆ ئەو پێشینەیە لەلایەن هاوڵاتیانی عێراقەوە پێشکەش بە بانکەکە کراوە.

دەشڵێت: ئەو بڕیارەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە تایبەتە بە پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری بەو کەسانەی لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە یاخود هاوسەرەکانیان کۆچی دواییان کردووە بەو مەرجەی لە هاوسەرگیری یەکەمیاندا نە خۆیان نە هاوسەری یەکەمیان پێشینەکەیان وەرنەگرتبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی بانکی رەشید گوێی لە داواکاری هاوڵاتیان گرتووە و درکی بەوە کردووە لە ئێستادا بڕیاری پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری بڕیارێکی پێویستە بۆ ئەو چینەی کۆمەڵگا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی رەشید بڕیاریدا پێشینەی هاوسەرگیری بە بەهای ١٠ ملیۆن دینار بۆ ئەو فەرمانبەرانە دابین بکات کە لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە یاخود هاوسەرەکانیان کۆچی دواییان کردووە و دەیانەوێت جارێکی دیکە هاوسەرگیری بکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا