پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دووەمجار بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر داهاتی نانەوتی دەکەن، دەشڵێت: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمان و دەنگدان لەسەر هەمواری بڕگەی 12 کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: سەردان و بەشداری لە کۆڕبەندێکی جیهانیی وەک داڤۆس گرنگە.
وتیشی: بەداخەوە دوێنێ و پێرێ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە ماددەی 12 لە یاسای بودجە نەدرا، هەر کاتێک دەنگ بەو بڕگەیە بدرێت، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد کە، هەفتەی ڕابردوو لە ماڵی ئەودا، وەزیری دارایی فیدراڵ و وەفدی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەتیان باسکردووە، لەوانەش بابەتی داهاتی نانەوتی، لەبارەی ئەوەی چ ڕێژەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بێت و لەسەر چ بنەمایەکیش بێت، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی: هیوادارین لە کۆبوونەوەی دووەم کە هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی داهاتی نا نەوتی و بابەتەکانی دیکە دەکرێت، بگەینە ڕێککەوتن.
لەبارەی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنکانیان، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بڕیارێکی گرنگ بوو کە دەبوو زووتر بدرێت، ئێستا عەدالەت هاتە دی دوای ساڵانێکی زۆر لە زوڵم.