پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نرخی نەوت لە بازرگانییە سەرەتاییەکانی رۆژی چوارشەممەدا گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی، لەکاتێکدا بازاڕەکان چاوەڕوانی کاریگەرییەکانی راگەیاندنی باری نائاسایی وزەی نیشتمانیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوون لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی کانوونی دووەم، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 3 سەنت دابەزیوە و گەیشتووەتە 79 دۆلار و 26 سەنت، هاوکات نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش 9 سەنت دابەزیوە و گەیشتووەتە 75 دۆلار و 74 سەنت.
وەبەرهێنەرانی بواری نەوت دڵنیانین لەبارەی کاریگەریی سیاسەتەکانی ترەمپ لەسەر دابینکردنی نەوتی جیهانی و سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کەرتی وزە، ئەمەش نادڵنیایی بۆ نرخەکان درووستکردووە لە جیهان.
ترەمپ رۆژی دووشەممە پلانێکی بەرفراوانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ناوخۆی راگەیاند، لەوانە راگەیاندنی باری نائاسایی نیشتمانی وزە بۆ خێراکردنی مۆڵەتدان بە وەبەرهێنەران بۆ هەڵکەندنی بیری نەوتی زیاتر و هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی ژینگە و کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس کە وەبەرهێنەران زیاتر دەستکراوە دەکات لە پرۆسەی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا لە ناوخۆی ئەمریکا.