پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئێران رایگەیاند، هیوادارە ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، لە وڵاتانی ناوچەکە نزیک ببێتەوە و رێزیان لێبگرێت.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیوادارن رێباز و سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی ئەمریکا واقیعبینانە و لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە بەرژەوەندی و خواستەکانی گەلانی ناوچەکە بە نەتەوەی ئێرانیشەوە بن.
بەقائی وتی: ئیدارەی بایدن هیچ جدییەتێکی لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نەخستووەتەروو.
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا ترەمپ سیاسەتێکی توندی بەرامبەر ئێران پەیڕەو دەکرد، لە ساڵی 2018 کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی راگەیاند کە ئیدارەی باراک ئۆباما لە ساڵی 2015 واژۆى کرد.
تاران تاوەکو کشانەوەی واشنتن پابەند بوو بە رێککەوتنەکەوە، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە لە بەڵێنەکانی، لەو کاتەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە سەرکەوتوو نەبوون.
هەفتەی رابردوو ئێران گەڕێکی دیکەی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا ئەنجامدا و هەردوولا بە ئەرێنی وەسفیان کرد.