پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و وەک 47هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەکاربوو.
رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس-ی جێگری لەبەردەم باڵەخانەی کاپیتۆڵ سوێندی یاساییان خوارد و وەک 47هەمین سەرۆک و جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەکاربوون.
ترەمپ لە سوێندەکەیدا کە بە کتێبی ئینجیلی پیرۆز سوێندی خوارد، وتی، “سوێند دەخۆم بە دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێ بکەم و ئەوەی لەتوانامدایە بیکەم بۆ پاراستن و هێشتنەوە و بەرگریکردن لە دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا.”
دۆناڵد ترەمپ لە مەراسیمی پاش سوێندخواردنی وەک سەرۆک وتی، “سەردەمی زێڕینی ئەمریکا لە ئێستاوە دەستپێدەکات، چیتر رێگە بە هیچ وڵاتێک نادەین بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارمانبهێنن. دەبینەوە بەو وڵاتەی کە هەمووان رێزی لێدەگرن.”
ترەمپ لەبەردەم جۆ بایدن و کامالا هاریس، سەرۆک و جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وتی، “لەم ساتەی من قسەتان بۆ دەکەم، حکومەتەکەمان کێشەی نەبوونی متمانەی هەیە لەناو جەماوەردا، بۆ ماوەیەکی زۆر دامەزراوەیەکی توند و گەندەڵ وڵاتی بەرەو داڕمان بردووە، بەڵام ئێستا حکومەتێکمان هەیە کە دەتوانێت رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.”
وتیشی، “بەم زووانە ئەمریکا گەورەتر، بەهێزتر و زۆر زیاتر لە جاران، شازتر دەبێت.”
رۆژی 5ی 11ی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو و تێیدا دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەسەر کامالا هاریسی رکابەری لە پارتی دیموکراتەکان سەرکەوت.